ھەولێر
عەلی حوسێن، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پ.د.ک ئەمڕۆ شەممە بۆ AA گوتی "ھێشتا سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی پێکھێنانی کابینەی تازەی حکومەت ھیچ دانیشتنێکی نەکردووە، وابڕیارە دوای جەژنی قوربان کۆبوونەوەی نائاسایی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی سازدەکەین لەسەر پێکھێنانی حکومەت، دوای بڕیاری سەرکردایەتی لەگەڵ حیزب و لایەنەکانی دیکە دەکەوینە گفتوگۆو راگۆڕینەوە بۆ پێکھێنانی کابینە".
عەلی لەبارەی تێڕوانینی حیزبەکەیان بۆ بەستنی ھاوپەیمانی لەگەڵ لایەنەکان بۆ پێکھێنانی حکومەت گوتی " پارتی دیموکراتی کوردستان ھێڵی سووری لەسەر ھیچ لایەنێکی کوردستانی نییە چ ئەوانەی ئێستا لەدەسەڵاتن یان ئەوانەی ئۆپۆزسیۆنن، ھەرکارێک لەبەرژەوەندیی کوردستانبێ ئەوە دەکەین".
لەبارەی پلینیۆمی پێنجەمی ی.ن.ک عەلی حوسێن گوتی "خۆشحاڵین بەسەرکەوتنی پیلینۆمی ی.ن.ک و چاوەڕوانین لە ئایندەدا کۆنگرەیەکی سەرکەوتوو ئەنجامبدەن، پارتی دیموکراتی کوردستان بە ئومێدەوە دەڕوانێتە ئەو پیلینیۆمە".