جێگری سه‌رۆكی لێژنه‌ی پیشه‌سازی و وزه و سه‌رچاوه سروشتییه‌كان لە پەرلەمانی کوردستان، دڵشاد شه‌عبان له هه‌ڤپه‌یڤینێكدا له‌گه‌ڵ ئاژانسی ئانادۆڵو زانیاریی نوێ و ورد له‌سه‌ر كه‌رتی و وزه‌ی هه‌رێمی كوردستان ئاشكرا ده‌كات.
له‌وباره‌یه‌وه شه‌عبان سه‌ره‌تا باس له ئاستی هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات و ده‌ڵێت: "ئێستا هه‌رێمی كوردستان رۆژانه نزیكه‌ی 550 هه‌زار به‌رمیل له‌رێگه‌ی بۆرییه‌وه هه‌نارده ده‌كات و نەوتی كه‌ركووكیش له‌نێوان 40 بۆ 50 هه‌زار به‌رمیل هه‌نارده ده‌كات، خۆی له راستیدا 100 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت له كه‌ركووكه‌وه هه‌نارده ده‌كرێت، به‌ڵام به‌پێی رێككه‌وتنی نێوان حكوومه‌تی هه‌رێم و عێراق نه‌وتی كه‌ركووك نیوه به نیوه ده‌بێت و به‌و پێیه له‌و 100 هه‌زاره 40 بۆ 50 هه‌زاری هه‌رێمی كوردستان هه‌نارده‌ی ده‌كات".
سه‌باره‌ت به بەرزبوونەوەی نرخی نه‌وت بەراورد بەچه‌ند مانگی رابردوو، و ده‌ستبه‌ردارنه‌بوونی حكوومه‌تی هه‌رێم له‌سه‌ر "پاشه‌كه‌وت"كردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران(پاشه‌كه‌وت چه‌مكێكی حكوومه‌تی هه‌رێمه كه وه‌كو میكانیزم به‌كاریده‌هێنێت و بریتییه له بڕینی به‌شێكی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران كه هه‌ندێك ده‌گاته سه‌روو نیوه‌ی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ر)، دڵشاد شه‌عبان ده‌ڵێت ئێستا ئێمه وه‌كو هه‌رێمی كوردستان چه‌ند بڕی به‌رهه‌می نه‌وتی خۆمان زیاد بكه‌ین، به‌پێی ئه‌و رێژه‌یه كۆمپانیا نه‌وتییه‌كان داوای هه‌ق ده‌ستی خۆیان ده‌كه‌ن و ئه‌وه‌ش شتێكی سروشتییه و مافی خۆیانه و له گرێبهستهكانیشدا جێگیر كراوه به‌وه‌ی چه‌ند به‌رهه‌می نه‌وت زیاد بكرێت ئه‌وه‌نده ده‌بێت هه‌ق ده‌ستی كۆمپانیاكانیش ده‌بێت زیاد بكرێت، به‌ڵام تا ئێستاش كۆمپانیا نه‌وتییه‌كان له هه‌رێمی كوردستان هه‌ق ده‌ستی خۆیان وه‌كو مافی سروشتی خۆیان وه‌رنه‌گرتووه، ئه‌وه‌ش به‌پێی ئه‌و لێكتێگهیشتنهیه كه له‌نێوان حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و كۆمپانیا نه‌وتییه‌كان هه‌یه، هه‌روه‌ها متمانه‌ی كۆمپانیا نه‌وتییه‌كان به حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان".
له درێژه‌ی قسه‌كانیدا له‌سه‌ر ئه‌و پرسه دڵشاد شه‌عبان روونی ده‌كاته‌وه: "به‌گشتی رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ كۆمپانیا نه‌وتییه‌كان كراون كه مانگانه بڕی 90 ملیۆن دۆلار له داهاتی نه‌وت بدرێت به كۆمپانیا نه‌وتییه‌كان، جگه له‌وه‌ش حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له ساڵی 2014 بۆ پێدانی مووچه نزیكه‌ی دوو ملیار و 800 ملیۆن دۆلاری له كۆمپانیا نه‌وتییه‌كان قه‌رز كردووه، چونكه بوودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌ناكاو بڕا، ئه‌و كاتیش به‌رهه‌می نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان رۆژانه 120 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت بوو، بۆیه نه داهاتی نه‌وت و نه داهاتی ناوخۆ به‌شی ده‌كرد بۆ دابینکردنی مووچه، بۆیه حكوومه‌تی هه‌رێم ناچار بوو قه‌رز بكات، جگه له‌وه‌ش هه‌ندێك پاره‌ی دیكه‌ی له كۆمپانیا ناوخۆییه‌كان بۆ مووچه قه‌رز كرد، له‌سه‌ره‌تای ساڵی 2016ش به حوكمی ئه‌وه‌ی نرخی به‌رمیلێك نه‌وت بۆ نزیكه‌ی 25 دۆلار دابەزی به‌مه‌ش كۆمپانیا نه‌وتییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان نه‌یانتوانی كار بكه‌ن، چونكه تێچووی به‌رهه‌مهێنان و ده‌رهێنانی به‌رمیلێک نه‌وت نزیك بوو له نرخی فرۆشتنەکەی، به‌مه‌ش حكوومه‌تی هه‌رێم ناچار بوو هه‌ندێك گرێبه‌ستی موسته‌قبه‌لی ئیمزا بكات، واته حكوومه‌تی هه‌رێم 500 ملیۆن دۆلاری له هه‌ندێك كۆمپانیا وه‌رگرت و به‌رامبه‌ر به‌وه ناچار ده‌بێت له ئاینده‌دا نه‌وتییان پێ بدات".
ئەندامەکەی پەرلەمانی کوردستان ده‌شڵێت: "ئێستا حكوومه‌تی هه‌رێم ئه‌و قه‌رزه كۆنانه و ئه‌و نه‌وته‌ی بۆ ئه‌و كۆمپانیایانه‌ی كه گرێبه‌ستی موستهقبهلیی له‌گه‌ڵیاندا ئەنجامداوە كێشه‌ن بۆ هه‌رێمی كوردستان، ، ئه‌گینا داهاتی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان ئێستا مانگانه نزیكه‌ی 650 ملیۆن دۆلار ده‌بێت، ئێستا نرخی به‌رمیلێک نه‌وت كه نزیكه‌ی 50 دۆلاره پێشبینی ده‌كه‌ین داهاتی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان له مانگی داهاتوو بگاته 700 بۆ 750 ملیۆن دۆلار ئه‌گه‌ر نرخی به‌رمیلی نه‌وت له‌و ئاسته‌دا بمێنێته‌وه".
ناوبراو زیاتر له‌سه‌ر ئه‌و پرسه قسه ده‌كات و ئاشكرای ده‌كات: "كێشه‌كه له‌وه‌دایه كه 90 ملیۆن دۆلار مانگانه به‌بێ یه‌ك و دوو بۆ هه‌ق ده‌ستی كۆمپانیا نه‌وتییه‌كان ته‌رخان ده‌كرێت، له‌نێوان 150 بۆ 190 ملیۆن دۆلار مانگانه ده‌درێت وه‌كو ئیستیحقاقاتی پێشووتر له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان و ئه‌و پاره‌یه‌ی پێشتر وه‌ریگرتوون، بۆیه ئەگەر حیسابی بكه‌ین مانگانه نزیكه‌ی 250 ملیۆن دۆلار موستهحهقاتن و ده‌بێت مانگانه بدرێن، بۆیه ئه‌وانه ده‌بێت بدرێن، ئه‌گه‌ر نه‌درێن له دادگای نێوده‌وڵه‌تی تووشی كێشه ده‌بین و ره‌نگه خه‌رجییه‌كی زیاتر بكه‌وێته سه‌رمان".
له‌باره‌ی قه‌رزه‌كانی سه‌ر حكوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، جێگری سه‌رۆكی لێژنه‌ی پیشه‌سازی و وزه و سه‌رچاوه سروشتییه‌كان، دڵشاد شه‌عبان له ههڤپهیڤینهكهیدا له‌گه‌ڵ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئه‌وه‌ی دڵخۆشكه‌ره ئه‌و قه‌رزانه‌ی له‌سه‌ر حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌بوو، به حوكمی ئه‌وه‌ی هه‌رێم ده‌یگه‌ڕێنێته‌وه قه‌رزه‌كان كه‌م بوونه‌ته‌وه، وڵاتێكی وه‌كو هه‌رێمی كوردستان كه ده‌وڵه‌مه‌نده به نه‌وت و غاز و كانزاكان كه هێشتا یاسامان بۆ ده‌رنه‌كردووه له په‌رله‌مان، كه ئه‌ویش داهاتێكی دیكه بۆ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان زیاده ده‌بێت، له‌گه‌ڵ ئه‌و چاكسازییانه‌ی ئێستا ده‌كرێت و بوژانه‌وه‌ی كه‌رتی پیشه‌سازی و كشتوكاڵی ئه‌و قه‌رزانه‌ی بوونه‌ته ژماره له‌سه‌ر حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان شتێكی زۆر گه‌وره نییه به به‌راورد له‌گه‌ڵ هه‌ندێك وڵات كه هیچیان نییه و 70 یان 80 ملیار دۆلار و هه‌ندێكیان تا 200 ملیار دۆلار قه‌رزارن، بۆیه 15 ملیار دۆلار بۆ وڵاتێكی وه‌كو هه‌رێمی كوردستان شتێكی ژمارەیەکی ئه‌وتۆ نییه، به‌ڵام ده‌بێت له‌سه‌ر پڕۆسه‌ی چاكسازی به‌رده‌وام بین".
دڵشاد شه‌عبان زانیاریی نوێ له‌سه‌ر ژماره‌یه‌ك بلۆكی نه‌وتیی نوێ ئاشكرا ده‌كات كه حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌نیازه بیانخاته روو له‌به‌رده‌م كۆمپانیا بیانییه نه‌وتییه‌كان بۆ وه‌به‌رهێنان تێیدا و له‌و رووه‌وه ئاشكرای ده‌كات: "نزیكه‌ی 22 بلۆكی نه‌وتی له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی سامانه سروشتییه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێم ئاماده‌كراوه كه به‌شی زۆریان ده‌كه‌ونه هه‌رێمی كوردستانه‌وه و به‌شێكیان ده‌كه‌ونه ناوچه کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، بۆ ئه‌وه‌ی بدرێت به وه‌به‌رهێنان، له‌و ژماره‌یه ئه‌گه‌ر 10 بلۆكیش نه‌وتی لێ ده‌ربهێنرێت ئه‌وه ده‌ستكه‌وتێكی تر ده‌بێت بۆ حكوومه‌تی هه‌رێم و كه‌رتی نه‌وتی و داهاتی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان، به‌مزووانه ئه‌و بلۆكانه راده‌گه‌یه‌نرێن و وه‌به‌رهێنانییان تێدا ئەنجام دەدرێت، هه‌رێمی كوردستان ئاینده‌یه‌كی روونی هه‌یه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی پێویسته ئیراده‌یه‌كی ده‌سته‌جه‌معی بۆ چاكسازی و بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه سیاسییه‌كان هەبێت، ئەمەش وا دەکات قه‌یرانی دارایی زۆر به ئاسانی چاره‌سه‌ر بكرێت".
سه‌باره‌ت به قه‌رزه‌كانی سه‌ر حكوومه‌تی هه‌رێمیش ئه‌و په‌رله‌مانتاره كه هاوكات ئه‌ندامی لێژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی كوردستانیشه له درێژه‌ی قسه‌كانیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ده‌ڵێت: "قه‌رزه‌كانی سه‌ر حكوومه‌تی هه‌رێم نزیکەی 15 ملیار دۆلاره، ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی پێ ده‌ترسێنن وا نییه، خۆشبه‌ختانه ئێمه زۆر قه‌رزی نێوده‌وڵه‌تییمان له‌سه‌ر نییه، ته‌نها یه‌ك ملیار دۆلاری توركیا نه‌بێت، جگه له‌وه‌ش ئه‌و دوو ملیار و 800 ملیۆن دۆلاره‌ی هی كۆمپانیا نه‌وتییه جیهانییه‌كانه، ئه‌گه‌رچی ئه‌مه به‌شێكی گه‌ڕێندراوه‌ته‌وه بۆیان، ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه له قه‌رزه‌كان بریتیین له به‌ڵێنده‌ران، كۆمپانیا ناوخۆییه‌كان، پاشكه‌وتی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ مووچه‌ی چوار مانگی ساڵی 2015ی هه‌رێمی كوردستان، واته قه‌رزی وا نیین كه پابه‌ندبین به سو‌و بیگه‌ڕێنینه‌وه، هه‌ر پاره‌ی خۆمانه، هی وه‌به‌رهێنه‌ران و كۆمپانیاكان و مووچه‌خۆرانن ده‌توانیین به رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ فه‌رمانبه‌رانی كوردستان به‌شێوه‌ی رێژه‌یی بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و پاشكه‌وته‌ی هی فه‌رمانبه‌رانه بگه‌ڕێندرێته‌وه، بۆیه پێموایه كێشه داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان قووڵ نیین ئه‌گه‌ر ئیراده‌یه‌كی ده‌سته‌جه‌معی هه‌بێت".
له كۆتایی قسه‌كانیدا له‌باره‌ی بۆریی نه‌وتی نێوان هه‌رێمی كوردستان و وڵاتی ئێران و هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ری راكێشانی بۆ رییهكی غاز له هه‌رێمی كوردستانه‌وه بۆ توركیا كه قسه‌ی له‌سه‌ر كراوه له‌نێوان هه‌ردوو وڵات، جێگری سه‌رۆكی لێژنه‌ی پیشه‌سازی و وزه و سه‌رچاوه سروشتییه‌كان لە پەرلەمانی کوردستان، دڵشاد شه‌عبان گوتی: "ئاگاداری ئه‌وه‌ی ئێران نییم، زیاتر ره‌نگه بۆ به‌كارهێنانی ناوخۆیی بێت وه‌كو وزه‌ی كاره‌با، ئه‌وه‌ی توركیاش گرێبه‌سته‌كه كراوه، به‌ڵام هێشتا به‌كرده‌یی هه‌نگاو نه‌نراوه، ئامانجی هه‌رێمی كوردستان بۆ غاز ئه‌وه‌یه ژێرخانی ناوخۆ دابمه‌زرێت وه‌كو راكێشانی غاز بۆ ماڵان و هه‌روه‌ها راكێشانی بۆرییه‌ك بۆ دابینكردنی وزه‌ی كاره‌با، پاش ئه‌وه پلانی حكوومه‌تی هه‌رێم ئه‌وه‌یه ئه‌و غازه هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه بكات، چی بۆ توركیا بێت یان ئێران، له‌و بڕوایه نییم پرۆژه‌كه ته‌واو كرابێت".
news_share_descriptionsubscription_contact



