دڵشاد شەھاب ئەندامی شاندی پ.د.ک بۆ پێکھێنانی کابینەی ھەشتەم رایگەیاند: لەگەڵ ی.ن.ک کۆکن لەسەر ئەوەی پەلە بکرێ لە پێکھێنانی کابینەی ھەشتەم.
شەھاب ئەمڕۆ یەکشەممە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بەپێی ئەو بەرنامەیەی ھەبووە تائێستا بە باشی بەڕێوەچوون. ھەنگاوەکان دوو لایەنی لەخۆگرتووە کە بەشێکی ڕێککەوتنە لە سەر بەرنامەی کاری حکومەت، ئەوەیش لەڕوی کردارەوە پێویستی بەزیاتر لێک تێگەیشتن و ئامادەسازیی باش ھەیە."
دڵشاد شەھاب لەبارەی وادەی دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان گوتی: "کۆبونەوەکان لەکۆتایی ئەم حەفتەیە یان سەرەتای حەفتەی داھاتوو دەست پێدەکەنەوە و ھەنگاوی عەمەلی دەنرێ بۆ پێکھێنانی حکومەت و یەکلایی کردنەوەی پۆستەکان."
لەبارەی بەشداری کردنی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لەحکومەت، شەھاب گوتی: "تادوایین کۆبوونەوەمان لەگەڵ یەکێتی، ھاوڕابووین لە سەر ھەنگاونانی خێرا بۆ پێکھێنانی حکومەت، داواکاریی لایەنەکانیش لەسەر پۆستێک لەڕێی گفتوگۆوە چارەسەر دەکرێن و یەکێتی بەشداری فعلی حکومەت دەکا."
لە لایەکی دیکە، شۆڕش ئیسماعیل ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "کۆبونەوەی دوێنێ شەممەی مەکتەبی سیاسیمان، گفتوگۆی زۆر لەبارەی پۆستەکانەوە کرا، ھەموو دەسەڵاتێکمان داوەتە لیژنەی گفتوگۆو دانوستانەکانی یەکێتی تا لەگەڵ شاندی پ.د.ک قسە بکەن بۆ یەکلایی کردنەوەی ئەو پۆستانە."
شۆڕش ئیسماعیل ئاماژەی بەوەش کرد جەختییان کردۆتەوە لەسەر ئەوەی پەلە بکرێت لەپێکھێنانی حکومەت تاوەکو بتوانێ لەم قۆناغەدا ئەرکەکانی خۆی بەباشی ئەنجام بدا.