رۆژی یەك شەممە نزیكەی 150 رۆژنامەوان و رۆشنبیر و چالاكوانانی كۆمەڵگەی مەدەنی لە شاری هەولێر وەك نارەزایی دەربڕین دژی تیرۆركردنی قەڵەم بەدرێژای شەقامی شەست مەتری كە 11 كیلۆمەترە سەیارەیەكی جۆری لۆری دەستیان بەخۆپیشاندانێك كرد.
كاتژمێر 10ی سەرلەبەیانی بەدرێژای جادەی شەست مەتری هەولێر رۆژنامەنووسان دروشمی (ئازدی)یان دەگوتەوە. رۆژنامەنووسان بەدەنگی بەرز دەیانگوت هەموومان (كاوە و سەردەشت و سۆرانین).
پاش زیاتر لە سەعاتێك رۆژنامەنووسان، گەیشتنە بەردەم ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی كوردستان و بەیاننامەی رۆژنامەنووسانی شاری هەولێریان خوێندەوە. رۆژنامەنووسان داوایان لە ئەنجومەنی دادوەری هەرێم كرد پێویستە دۆسیەی لێكۆڵینەوە لە كەیسی تیرۆركردنی سۆرانی مامە حەمە و سەردەشت عوسمان و عەبدولستار تاهیر دووبارە بكرێتەوە، هەروەها هیچ لێژنەیەك لەدەرەوەی دادگا پێكنەهێنرێ بەڵكو دادگا كاری خۆی ئەنجامبدات.
رۆژنامەنووسان داوایانكرد داواكاری گشتی رۆڵی خۆی ببینێ و لەبارەی كەیسی كاوە گەرمیانیش پێویستە داداگایەكی تایبەت بەدۆسیەی تیرۆركردنی كاوە گەرمیانی پێكبهینرێ بۆ ئەوەی هەرچی زووترە كەیسی كاوە یەكلایی بكرێتەوە و ئەنجامدەرانی ئەو كردەوەیە دادگایی بكرێن. داواش لە یەكێتی نیشتمانی كوردستان كرا داڵدەی هیچ بەرپرسێك نەدا، بەڵكو هاوكاری دادگا بێ.
لەمبارەیەوە رۆژنامەنووس كامەران محەمەد بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "گردبوونەوەی رۆژنامەنووسان وەك ئەركێكە دژ بە تیرۆركردنی هاوپیشەكانمان. پێویستە دەسەڵات گوێ لە رۆژنامەنووسان بگرێ، بەداخەوە دەسەڵات تائێستا بكوژی رۆژنامەنووسانی ئاشكرا نەكردوە."
لەگردبوونەوەی رۆژی یەك شەممە جیا لەرۆژنامەنووسان نوینەری چەند رێكخراوێكی كۆمەڵگەی مەدەنی بەشداریان كرد، بەڵام ئەوەی جێی سەرنج بوو هیچ ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان بەشداریان لەو ناڕەزاییەی رۆژنامەنووسان نەكرد تەنیا پەرلەمانتارێكی وڵاتی سوێد نەبێ.
جەبار ئەمین ئەندامی كورد لە پەرلەمانی سوێد بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بارودۆخی هەرێمی كوردستان ناجێگیرە و خەڵك لەسەر ئازادی دەكوژرێ. چەند رۆژنامەنووسێك شەهید بوون، خەڵكی بێتانوان لەسەر مافی رادەربڕین شەهید كراوە، بەداخەوە ئێمەی كورد بەرامبەر بە رژێمی عەرەب و تورك و فارس خەباتمان كردوە، كەچی ئەمڕۆ لاوەكانمان بەدەستی هەندی پارتی دەسەڵاتدار شەهید دەبن. ئەم رەوشە كاریگەری خراپی دەبێ بۆ ناوبانگی هەرێمی كوردستان لە دەرەوە، پێویستە دەسەڵاتداران خوێندنەوەیەكی باشیان بۆ رەوشەكە هەبێ هەنگاوی باشتر بنێن لەگەڵ داخوازیەكانی خەڵكی كوردستان بن."