بروکسەل
سەرۆکی گشتی پارتی ئاشتی و دیموکراسی سەلاحەدین دەمیرتاش سەردانی پەرلەمانی ئەوروپای کرد و لەوێ باسی بەرێوەبەرایەتیی کاتی لە رۆژئاوا کرد و گوتی: راگەیاندنی بەرێوەبەرایەتی کاتی لە ناوچەی کوردی لە سوریا زۆر ئاساییە، چونکە لەوێ ناوچەیەکی بێ ئیدارە ھەبوو. ئەم راگەیاندنە دژی یەکێتیی خاکی سوریا نییە، بەڵکو وەک لە ناوەکەیەوە دیارە کاتییە و لە داھاتوودا بەوردی تاوتوێی دەکەن.
دەمیرتاش باسی پشتگیریی وڵاتانی رۆژئاوا بۆ کوردانی سوریا کرد و گوتی:
دەبێ رۆژئاوا یارمەتی ئەم بەرێوەبەرایەتییە کاتییە لە سوریا بدات. کوردی سوریا باسی مافی خۆی دەکات و بەرگری لە مافی خۆی دەکا. قاعیدە لە ناوچەی رەقا دەسەلاتی خۆی راگەیاند و یاسای خۆی لە سەر دانیشتوانی ئەم ناوچەکە جێبەجی دەکات و ھیچ کەس دژی قاعیدە دەنگی خۆی بەرز ناکاتەوە، کەچی ئەمریکا و چەند وڵاتێکیتر دژی بەرێوەبەرایەتی کاتی دەنگ بەرز دەکەنەوە.
لە بارەی سەردانی رەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ دیاربەکر دەمیرتاش گوتی: "سەردانی سەرۆکوەزیرانی تورکیا رەجەیب تەیب ئەردۆغان بۆ دیاربەکر لەگەل سەرۆکی ھەرێمی کوردستان زۆر گرنگە، بەڵام ھیوادارم ئەردۆغان ئەم سەردانە بۆ بەرژەوەندیی بچووک و سیاسەتی ھەرزەکارانە بەکار نەھێنێ، بەڵکو بۆ بەرژەوەندیی کێشەی سەد ساڵی کورد بەکاربھێنیت."
لەبارەی سەردانی بارزانیش گوتی: "ھیچ گومان لەوەدا نییە دیاربەکر ماڵی مەسعود بارزانییە. ئەو سەردانە زۆر گرنگە و ھیوادارین پشتگیری لە پرۆسەی ئاشتی بکات و یەکێتیی نێوان کوردان بەھێزتر بکات."
دەمیرتاش ئاماژەی بەوە کرد مەسعود بارزانی سیاسەتمەدارێکی خاوەن ئەزمونە و سیاسەتی ھەرزەکارەنە ناکات.
سەرۆکی گشتیی بەدەپە داوای لە یەکێتی ئەوروپا کرد کە ناوی پەکەکە لە ناو لیستی تیروری دەربھێنن بۆ ئەوەی یارمەتی پرۆسەی ئاشتی بدەن، چونکە پەکەکە بەنیازە دەستبەرداری چەک ببێ.