ھەولێر
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی ئەمڕۆ پێنجشەمە پەیامێکی لەبارەی بارودۆخی رۆژئاوا بڵاو کردەوە، کە وێنەیەکی دەست ئانادۆڵو کەوتووە.
بارزانی لەو پەیامەیدا دەڵێ: "دوای ڕووداوەکانی سووریا پێمان وابوو دەرفەتێکی زۆر باش بۆ گەلی کورد لە ڕۆژئاوا ھاتووەتە ئارا بۆ ئەوەی پاش دەیان ساڵ نکۆلیکاری و بێبەشبوون لە مافی ھاووڵاتیبوون کۆتایی بە نەھامەتییەکان بێت و مافی گەلی کورد لەو بەشەی کوردستاندا مسۆگەر بکرێ". بۆ ئەو مەبەستەیش "لە ٢٨ـی ١١ـی ٢٠١١ بە شەخسی بەشداری یەکەمین کۆبوونەوەی لایەنە کوردییەکانی سووریا بووم و پێم گوتن ئێوە برای ئێمەن و ئامادەین ھاوکاریتان بکەین بە مەرجێک ئێوە پێکەوە بن و ھەر بڕیارێک بیدەن پشتگیریتان لێدەکەین چ بەرانبەر بە ڕژێم چ بەرانبەر بە ئۆپۆزیسیۆن.
سەرۆکی ھەرێم دەڵێ: "گەلی کورد لە ململانێی نێوان ڕژێم و ئۆپۆزیسیۆندا بێلایەن بوو و تەنیا دەبوایە ھەوڵی وەدەستھێنانی مافە نەتەوەیی و دیموکراتییەکانی خۆی دابا" لەبەرئەوەی "نە ڕژێم و نە ئۆپۆزیسیۆن وەڵامێکی ئیجابیان دەربارەی مافەکانی کورد نەبوو، بۆیە پێویست بوو ھەموو لایەنە کوردییەکان یەکبگرن و ببنە خاوەنی گوتارێکی سیاسی یەکگرتوو. ئەوە بوو لە ١١ـی ٧ـی ٢٠١٢ دەستەی باڵا بە پێی ڕێککەوتننامەی ھەولێر دامەزرا."
بارزانی پەیەدە بە پابەندنەبوون بە رێکەوتنامەکەی ھەولێر و ئەنجامدانی رێکەوتنی نھێنی لەگەڵ رژێمی سوریا تۆمەتبار دەکا: "جێگەی داخە لایەنی پەیەدە... ئامادە نەبوو پابەندی بێت و ھەموو لایەنەکانی بەلاوە نا و ھەوڵیدا بەزۆری چەک و بە ڕێککەوتنی نھێنی لەگەڵ ڕژێم خۆی بکاتە ئەمری واقعی سەربازی. باسی ئەوەش دەکەن کە شۆڕشیان لە ڕۆژئاوا بەرپا کردووە بەڵام کام شۆڕش و لە دژی کێ؟ ئەوان تەنیا ناوچەکانیان لە لایەن ڕژێمەوە ڕادەست کراوە."
ھەروەھا ئاماژە بەوە دەکا ئەو کارەی پەیەدە ھیچ دەسکەوتێکی نەتەوەیی نەبووە و تەنیا پاوانکردنی ناوچەکە بووە لەلایەن پەیەدەوە: "لە ڕاستیدا ئەم کارەی پەیەدە ئەگەر دەستکەوتێکی نەتەوەیی لێ کەوتبایەوە چاوپۆشی لێ دەکرا بەڵام ئەوەی ڕوویداوە تەنیا بریتییە لە پاوانکردنی ڕۆژئاوا لە لایەن پەیەدە ئەوەیش بەسوودوەرگرتن لە ڕێککەوتنی ھەولێر و یارمەتیی ڕژێم کە یاریکردنێکی مەترسیدارە بە چارەنووسی گەلەکەمان لە ڕۆژئاوا. پەیەدە ھەر بە پاوانکردن نەوەستا بەڵکو کەوتە کوشتن و گرتنی ئەندامانی حزبەکانی تر."
بارزانی نیگەرانیی خۆی پیشان دەدا لەوەی: "ئەو دەرفەتە زێڕینە لەدەست کورد بچێت، چونکە ڕژێم ھیچ دانی نەناوە بە مافی کورد لەبەرانبەر ئەو ھاوکارییەی پەیەدە پێشکەشی ڕژێمی کردووە و لایەنی ئۆپۆزیسیۆنیش، کورد بە بەشێک لە ڕژێم ھەژمار دەکات و ئەوەشیان کێشەی جددی بۆ گەلەکەمان لە داھاتوودا دروست دەکات."
ھەروەھا لەبارەی زیانی کارەکانی پەیەدەوە دەڵێ: "پەیەدە گەلەکەمانی تووشی شەڕێک کرد کە نە شەڕی کورد بوو و نە لە قازانجی کورد بوو. ئەو شەڕە بووە ھۆی ئاوارەبوونی دەیان ھەزار ھاووڵاتیی کوردی ڕۆژئاوا. ئەوان دژی کۆدەنگیی نەتەوەیی وەستانەوە و تەنانەت ئاڵای کوردستانیشیان لە ڕۆژئاوا قەدەغە کرد. لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا پەیەدە تاکلایەنانە ئیدارەی خۆی لە ڕۆژئاوا ڕاگەیاندووە و ئەوەش تاکڕۆیەکی ئاشکرا و پەراوێزخستن و بەلاوەنانی حزبە کوردییەکانی دیکەیە."
ھەروەھا جەخت دەکا: "تەنیا پشتگیریی ئەم ھەنگاوانە دەکەین کە ھەموو لایەنەکان پێکەوە بڕیاریان لەسەردا بێت و مامەڵە لەگەڵ بڕیاری تاکلایەندا ناکەین."
بارزانی لە کۆتایی راگەیەنراوەکەیدا ھیواخوازە "گۆڕانکارییەکان لە ئاییندەدا لە بەرژەوەندیی گەلی کورددا بن" و داوا لە پەیەدە دەکە بگەڕێتەوە بۆ بنەماکانی ڕێکەوتنی ھەولێر، چونکە "ئەمەیان باشترین ڕێگەیە و لەھەموو بارودۆخێکدا پێگەی کورد لە سووریا بەھێزتر دەکات و ئێمەش بەھەموو توانایەک پشتگیرییان دەکەین".
ھەروەھا دەڵێ: "ئەگەر پەیەدە تووشی لەخۆباییبوون بێت و بەردەوام بێت لە پشتکردن لە خوشک و براکانی ئەوە بە تەنیا ناتوانێت ڕووبەڕووی تەحەدیات و مەترسییەکان ببێتەوە و چارەنووسی کوردیش دەکەوێتە ژێر ھەڕەشەی جددییەوە. ئەگەر ھەموو لایەنەکان نەگەڕێنەوە بۆ ڕێککەوتنامەی ھەولێر ئەو کاتە دەستەی باڵایش ھیچ مانایەکی نامێنێ و پەیەدە خۆی بەرپرسیار دەبێت لە لەدەستدانی دەرفەتی مێژوویی."