هەولێر
لە كۆشكی سەرۆكوەزیران، سەرۆكی ھەرێمی كوردستان مەسعود بارزانی و سەرۆكوەزیرانی هەرێم نێچیرڤان بارزانی پێشوازی لە سەرۆكوەزیرانی توركیا ئەحمەد داودئۆغڵو كرد.
لە كۆبوونەوەی نێوان سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكوەزیرانی توركیا كە بە ئامادەبوونی سەرۆكوەزیرانی ھەرێم نێچیرڤان بارزانی بەڕێوە چوو، پەیوەندییەكانی نێوان دوو لایەن تاوتوێ كرا.
پرسی سەرەكی ناو كۆبوونەوەكە هاوكات لەگەڵ پتەوكردنی پەیوەندییەكان، جەختكردن لەسەر پەرەپێدانی ئەو پەیوەندییانە بوو لە بوارەكانی سیاسی و ئابووری و ئەمنی بە تایبەتی دوای هێرشی چەكدارانی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی.
لەو دیدارەدا شاندی یاوەری سەرۆكوەزیرانی توركیا لە وەزیرانی ناوخۆ، ئابووری، گومرگ و بازرگانی و راوێژكاری دەزگای زانیاری نەتەوەیی هاكان فیدان، پێكدەهێنن.
دوای كۆبونەوەكە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەش لە نێوان سەرۆكی هەرێمی كوردستان مەسعود بارزانی و سەرۆكوەزیرانی توركیا ئەحمەد داودئوغڵو دوو لایەن باسیان لە ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكانیان كرد.
سەرۆكی هەرێمی كوردستان مەسعود بارزانی لە سەرەتای دیدارەكەدا وێرای بەخێرهێنانی سەرۆكوەزیرانی توركیا كرد كە بۆ یەكەمجارە دوای بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆكوەزیران هاتووەتە ھەرێم و لە رووی ئابووری و سیاسی و ئەمنی گوفتوگۆیان كردووە.
بارزانی رایگەیاند لە "هەموو بوارەكاندا لە یەكتر نزیكین و ئومێدوارین ئەم سەردانە دەستپێكی نەهێشتنی هەموو ئەو كەموكۆریانە بێ كە پێشتر لە نێوان حكوومەیت توركیا و حكوومەتی ناوەندی بەغدا دروست ببوو."
سەرۆك هەرێمی كوردستان لە وەڵامی پەیامنێراندا باسی لە رێكەوتنی ھەولێر و بەغدا كرد و رایگەیاند: "بڕیارە لە دوو وەجبەدا نیوملیۆن دۆلار بنێردرێ و هەرێمی كوردستانیش لە بەرامبەردا رۆژانە 150 هەزار بەرمیل هەناردە بكات. ئەوە سەرەتای گفتوگۆكانە و رێككەوتنی دیكەش هەیە."
مەسعود بارزانی لە بارەی ناردنی هێزیش بۆ كۆبانێ گوتی: "ئەگەر پێویست بە ناردنی هێزی دیكە بكات ئەوە ئێمە ئامادەین".
دواتر سەرۆكوەزیرانی توركیا ئەحمەد داودئۆغڵو بۆ میدیاكان دوا و رایگەیاند: "منیش سپاسی دۆستی بەڕێزم مەسعود بارزانی دەكەم و پێشەكی سەرەخۆشی لەو بنەماڵانە دەكەم لە لە تەقینەوەی چەند رۆژی رابردوودا گیانیان لەدەستدا. ئەوە شتێكی ئاشكرایە كە لە رۆژەڤی ناوچەكە و هەرێمی كوردستان و توركیا دایە ئەوەیش پرسی ئەمنییە. لە دوای وەرگرتنی سەرۆكوەزیران یەكەمجارە كە سەردانی هەولێر دەكەم دواجار وەكوو وەزیری دەرەوەی سەردانی ئێرەم كردبوو".
داودئۆغڵو رایگەیاند: "سەردانم بۆ ئێرە 4 بابەتی گرنگ لە خۆی دەگرێ یەكەم بواری مرۆڤی، بە هۆی شەڕی داعش كە نزیك بە 2 ملیۆن پەنابەر لە شوینی خۆی هەڵقەندراوە و رووی لە هەرێمی كوردستان كردووە و ئێمەش لە توركیاش میوانداری نزیكە 2 ملیۆن كەس دەكەین. هەر وەكو پێشتریش ئاماژەمان پێداوە ئێمە هەموو كاتێك لە پشت برایانمان بووین. لە پارێزگای دهۆك چەند كەمپێكمان دروست كردووە. بابەتی دووهەم پرسی ئەمنی بوو كە لە دوای هێرشی داعش لە چەند مانگی رابردوودا لەشكەركێشی بۆ سەر هەرێمی كوردستان كردبوو، جارێكی دیكە دووبارەوە دەكەمەوە كە سەقامگیری لە عێراق زۆر گرنگە و لە هەرێمیش زۆر بۆمان گرنگە و كاریگەری هەیە لە سەر توركیا. سەبارەت بە پێداویستی لە بواری ئەمنی چ پێویستە ئێمە دەیكەین."
بە پێی لێدوانەكەی داودئۆغڵو یەكێكی دیكە لە مەبەستەكانی سەردانی سەرۆكوەزیرانی توركیا بۆ عێراق كۆبوونەوە لەگەڵ پێكهاتە جیاجاكانی عێراق و پشتگیری دەربرین بۆ حكوومەتی نوێ عێراق بووە. لەو بارەوە داودئۆغڵو گوتی: "رۆژی رابردوو لە بەغدا لەگەڵ هەموو پێكهاتەكان كۆبوومەوە. كەشێكی ئەرێنیم لە بەغدا بینی و لێرەش باسی كەشوهەوای بەغدام بۆ سەرۆك بارزانی كرد. پێمان وایە كە بەشداربوونی هەموو پێكهاتەكانی عێراق لە حكوومەتی تازەی عێراق پێشڤەچوونی عێراق بەدوای دادێت. لە عێراق نابێ بە هیچ بیانوویك لە بەشداریی دوور بكەوێتەوە و هەموو خۆیان بە خاوەنداریی عێراق بزانن".
داودئۆغڵو هەروەها روونی كردەوە كە بواری سێیەم كە هۆكاری هاتنی ناوبراو بۆ عێراق و هەرێمی كوردستانە، بواری ئابوورییە. لەو بارەوە سەرۆكوەزیرانی توركیا رایگەیاند كە "ئاستی وەبەرهێنانی توركیا لە عێراق 12 ملیارد دۆلارە كە 8 ملیاری بەر هەرێمی كوردستان كەوتووە".
بە پێی قسەكانی داودئۆغڵو، "1500 كۆمپانیا و 100 هەزار هاووڵاتی توركیا لە هەرێمی كوردستان كار دەكەن. لەو بوارەشدا بیر لە پەرەپێدانی دەكەینەوە".
ئەحمەد داودئۆغڵو لە بەشێكی دیكەی كۆنگرەكەدا رایگەیاند كە "سەقامگیری هەرێمی كوردستان بۆ توركیا زۆر گرنگە بۆیەش بەردەوام دەبین لە هاوكاری لەگەڵ هەرێمی كوردستان. توركیا بۆ ئاسایشی و سەقامگیری هەرێمی كوردستان هەموو یارمەتییەك دەدات. بۆ ئێمە لە رووی مێژوویی و ستراتێژی و داهتوومان پەیوەندی لەگەڵ هەرێمی كوردستان زۆر بە لامان گرنگە. لە رووی پەروەردەییشەوە لە بواری سەربازی ئێمە لە داهاتوودا زیاتر ئەو پرسە دەخەینە بەرنامەكانمان".
لە بارەی چۆنیەتی هاوكاریی توركیا بۆ هێزی پێشمەرگە و چوونی ئەو هێزە بۆ جارێكی دیكە بۆ كۆبانێ، داودئۆغڵو گوتی: "لە راستیدا وەكو پێشتریش گوتم سەقامگیری لە ناوچەكەدا زۆر قسەمان لەسەر كرد. ناردنی هێزی پێشمەرگە بۆ كۆبانێ رەنگدانەوەی ئەو هەماهەنگییەیە كە لە نێوانمان دا هەیە. چونكە ئەگەر سەیر بكەین وڵاتێكی دراوسێمان عێراق و لە ناویدا هەرێمی كوردستان هەیە و بۆیە بە یەكەوە دەجولێینەوە و رووبەڕووی هەر هەڕشەیەك دەبینەوە كە بكرێتە سەر ئەو ناوچەیە. لەمەودواوەش لە هەر شوێنێك و هەر حاڵەتێك بێ بەیەكەوە دەیكەین".
لە بارەی پرسی وزە كە لە رابردوودا یەكێك لە كێشە سەرەكییەكانی نێوان ھەولێر و بەغدا بوو، سەرۆكوەزیرانی توركیا رایگەیاند: "ئێمە پاڵپشتی لە رێكەوتنی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا دەكەین و یارمەتیدەریان دەبین. توركیا بەڵێنیەكانی خۆی لەو بوارەدا بە جێ دەگەیەنێ" و جەختیشی لەوە كردەوە كە "جەوێكی باش لە بەغدا هەیە و ئومێدوارم ئەم كەشە بەردەوام و ئەرێنی بمێنێتەوە".