ھەولێر
لە ھەولێر بە ئامادەبوونی جێگری سەرۆكوەزیرانی ھەرێمی كوردستان قوباد تاڵەبانی، گوتەبێژی حكومەتی ھەرێم سەفین دزەیی، جێگری سەرۆکوەزیرانی تورکیا یاڵچین ئاکدۆغان و بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی سەرۆکایەتی ئاژانسی ئانادۆڵو کەمال ئۆزتورک، نووسینگەی ئاژانسی ئانادۆڵو لە ھەولێر کرایەوە.
نووسینگەی ئاژانسی ئانادۆڵو لە گوندی ئیتاڵییە کە نزیک لە پەرلەمان، ئەنجومەنی وەزیران و ھۆڵی کۆنگرەکان و ھۆتێلە گەورەکان و بووەتە سەرچاوەی ھەواڵ بۆ کەناڵە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان.
ئاژانسی ئانادۆڵو لە بەرنامەی خۆیدا کە بە بۆنەی ١٠٠ ساڵەی دامەزراندنییەوە دایناوە، ١ی مانگی ئەیلولی ساڵی ٢٠١٣ لە ھەولێر و ئەنقەرە بەشی کوردی کردووەتەوە و توانیویەتی لە ماوەیەکی کورتدا ببێتە سەرچاوەیەکی سەرەكەی ھەواڵ و زانیاری بۆ میدیای کوردی و لە ئێستادا نزیکەی ٢١ کەناڵی جیاجیای میدیایی ئابوونەداری ئەو ئاژانسەن.
ئاژانسی ئانادۆڵو کە ھەواڵ، زانیاری و پێشھاتەکانی جیھان لە چوارچێوەی ھەواڵ، راپۆرت، ڤیدیۆ و وێنەدا پێشکەشی ئابوونەدارانی دەکات، لەگەڵ دەستپێکردنی بەشی کوردی خزمەتێکی باشی پڕۆسەی کرانەوەی دیموکراتیکی بە رووی کورددا کردووە، ئەو ھەواڵانەی لە ئەنقەرە و ھەولێر ئامادە دەکرێن بوونە ھۆی دروستبوونی پردی ئاشتی لە نێوان گەلانی عێراق و تورکیادا و لەگەڵ دەستپێکردنی بەشی کوردی ئاژانسی ئانادۆڵو لە بواری ھەواڵسازی کوردیدا بەرەوپێشچوونی زۆرباش بەدی ھاتووە.
دوای دەستپێکردنی بەشی کوردی ئاژانسی ئانادۆڵو، میدیای ناوچەکە ئاژانسی ئانادۆڵوی ھەڵبژارد و زۆربەی زۆری میدیاکانی ھەرێمی کوردستان لە پارێزگاکانی دھۆک، ھەولێر، سلێمانی و کەرکوک ئابوونەداری ئاژانسی ئانادۆڵون.
کەناڵە تەلەفیزیۆنییەکانی کەی ئین ئین، ئین ئار تی، کەرکوک تیڤی، تورکمان ئیلی، زاگروس، پەیام، گەلی کوردستان، وار و کوردستان تیڤی، رۆژنامەکانی کوردستانی نوێ، ھاوڵاتی، خەبات، باس نیوز و دەستوور، گۆڤاری سڤیل، رادیۆی خەڵک و ماڵپەڕی کوردیو و چەندین کەناڵی دیکە، بە گشتیی زیاتر لە ١٧ دەزگای جیاجیا ئابوونەداری ئاژانسی ئانادۆڵون.
لە تورکیاش ھەریەک لە کەناڵی تی ئار تی شەش، خەبەر تەرە، خەبەر دیاربەکر، رۆژنامەی تیگریس بوونەتە ئابوونەداری ئاژانسی ئانادۆڵو، بەو جۆرە ژمارەی ئابوونەدارانی بەشی کوردی ئانادۆڵو گەیشتووەتە ٢١ دەزگای جیاجیا.
ئاژانسی ئانادۆڵو جگە لە زمانی تورکی، ھاوکات بە زمانەکانی ئینگلیزی، عەرەبی، بوشناکچە، کیرڤاتچە، سێرپچە، ئارنەڤوتی، روسی، کوردی و فەڕەنسی ھەواڵ و زانیارییەکان پێشکەش دەکات.