jamal sargaty - Sarmand Hameed
08 ئاب 2016•نوێکردنەوە: 09 ئاب 2016
رابەری گشتی بزوتنەوەی ئیسلامی لە كوردستانی عێراق عیرفان عەلی عەبدولعەزیز لە دیمانەیەكی ئاژانسی ئانادۆڵو باس لە كارەكانی حزبەكەی لە دوای كۆنگرەی یانزەهەمینی بزووتنەوەكە و دوایین گۆڕانكارییەكانی سەر گۆڕەپانی سیاسی كوردستان، هەروەها هەڵوێستی حزبەكە بەرامبەر كودەتا شكستخواردووەكەی توركیا و پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە و جیهان دەكات.
لە بارەی گۆڕانكارییەكانی ناوخۆی حزبەكەوە لە پاش كۆنگرەی یانزەهەمینی بزووتنەوەی ئیسلامی كە لە كۆتایی مانگی رابردوو لە شاری سلێمانی ئەنجامیاندا، عیرفان عەلی گوتی: "لەپاش ئەوەی كە یانزەهەمین كۆنگرەی بزووتنەوەی ئیسلامی بەسترا، رەوشی ناوخۆی بزووتنەوە گۆرانكارییەكی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە بەوەی لەدوای كۆنگرە گڕوتینێك دراوە بە هەموو ئەندامەكانی بزووتنەوە و ئێستا زیاتر لەتوانایاندایە كاربكەن لە حیزبەكەدا، ئەمەش لەدوای ئەوەیە كە سێ ساڵە بوودجەی بزووتنەوەی ئیسلامی بڕدراوە و مووچە نەدراوە، بەڵام ئەندامانی بزووتنەوە زۆر بەدڵ گەرمی كاردەكەن لەناو بزووتنەوەكەدا".
رابەری گشتی بزوتنەوەی ئیسلامی گوتیشی: "یەكەم كار كە بیكەین یەكخستنی ناوماڵی بزووتنەوەی ئیسلامییە كە پێویستە ناو مالی خۆمان یەك بخەین ، هێنانە ناوەوەی چینی گەنجان بۆ ناو بزووتنەوە، زیاتر برەودان بە ژنان و خۆشكان كە بتوان لەناو حیزبەكەدا كاربكەن، رێكخستنەوەی مەكتەبی خوشكانی ئیسلامی، ئەمانە كاری سەرەكی بزووتنەوەی ئیسلامی دەبێت كە بیكات لە دوای كۆنگرە".
رابەری گشتی بزووتنەوەی ئیسلامی سەبارەت بە دوایین گۆڕانكاری دۆخی سیاسی كوردستان و ناكۆكی لایەنە سیاسییەكان قسەی كرد و گوتی: "بارودۆخی هەرێمی كوردستان یەك مانگ لەمەوپێش خراپ بوو بەڵام لە ئێستادا قۆناغێكی تێپەراندووە ئەویش بەهۆی ئەو گفتوگۆكردنەی لە نێوان لایەنەكاندا دروست بووە، كە نوێنەری مەسعود بارزانی سەردانی لایەنەكان دەكات و لەگەڵ یەكێتی نیشتیمانی و بزووتنەوەی گۆران و یەكگرتوو و كۆمەڵ كۆبووەتەوە، ئەمەش وای كردووە بارودۆخەكە هێور بێتەوە".
عیرفان عەلی گوتیشی: "ئەگەر ئەو دانیشتن و گفتوگۆیانە ئەنجامیان هەبێت ئەوە بەڕای من هەرێمی كوردستان بارودۆخی باش دەبێت و لەم قەیرانانە رزگاری دەبێت، بەپێچەوانەوە ئەگەر هیچ ئەنجامێكی نەبێت ئەوا قەیرانەكان قوڵ دەبنەوە و دۆخەكە درێژە دەكێشێت".
عیرفان عەبدولعەزیز ئەوەشی گوت: "ئەو دوو لایەنەی كە پەیوەندییان ئاڵۆزە بزووتنەوەی گۆران و پارتی دیموكراتی كوردستانن، سەردانی سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێم بۆ لای كۆمەڵ و یەكگرتوو ئیسلامی لەبەر ئەوەیە ئەوانیش بەشێكن لە گرفتەكان یان بڵێن ئەوانیش لە پێنج حیزبەسیاسیەكەی هەرێمن بۆیە سەردانی ئەوان دەكات، وەك بزووتنەوەی ئیسلامی هیچ كێشەو گرفتێكمان نییە لەگەڵ هیچ لایەنێك و هەوڵیشمان داوە كە گرفتەكانی هەرێم و قەیرانەكان چارەسەر بكرێن".
ئەو لەو بارەیەوە زیاتر دواو گوتی: "ناكرێت بەو شێوازە دۆخی هەرێمی كوردستان تێپەرێندرێت، ئەگەر هەر بەو شێوەیە بێت ئەوا دوو هەرێم لە هەرێمی كوردستان بەرێوەدەچێت، تا ئەو دوو هێزە نەبێتەوە یەك هێز ئەوا بارودۆخی هەرێمی كوردستان قەت باش نابێت و خراپتریش دەبێت".
ماوەیەكە هەرسێ لایەنە ئیسلامییەكەی كوردستان بەدەستپێشخەری ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان سەڵاحەدین محەمەد بەهائەدین لە هەوڵی لێكنزیكبوونەوە و یەكگرتندان، بەرپرسی یەكەمی ئەم حزبە ئیسلامییەش لە بارەی دوایین هەوڵەكانەوە گوتی: "تازەترین دیدارمان لەگەڵ سەڵاحەدین بەهائەدین لە چەند رۆژی رابردوو لە مەكتەبی سیاسی بزووتنەوە لە سلێمانی ئەنجامدا، باسی یەكگرتنەوەی لایەنەكانمان كردووە و گفتۆگۆ و باس و خواسەكان گەرمن بۆ یەكگرتنەوەی لایەنەكان و هەولمانداوە كە سەربگرێت ، بریارە 15 ئەم مانگە كۆبوونەوەیەك ئەنجام بدرێت بۆ رێكخراوە مەدەنییە ئیسلامییەكان لە شاری سلێمانی كە ئەوەش ئەنجامێكی باشی دەبێت بۆ یەكگرتنەوەی لایەنە ئیسلامیەكان، پاشانیش كۆبوونەوی سەركردایەتی هەرسێ لایەنەكە بەرێوە دەچێت.
پێشتریش چەندین كۆبوونەوە ئەنجامدراوە و ئێستادا سەرجەم هەڤاڵان و لایەنگرانی بزووتنەوە و یەكگرتوو ئامادەن، بەڵام كۆمەڵی ئیسلامی ئەوان ئێستا خەریكە كاری بۆ دەكەن".
رابەری گشتی بزوتنەوەی ئیسلامی لە بەشێكی تری دیمانەكەی ئاژانسی ئانادۆڵو باسی لە دۆخی ناوخۆی عێراق و هەوڵی كودەتا شكستخواردووەكەی توركیا كرد.
لە بارەی عێراقەوە رایگەیاند: "لە ئێستادا بارودۆخی عێراق زۆر خراپە بەوەی چەندین قەیران لە سەرجەم بوارەكان رووی لە عێراق كردووە و وەك پێویست هەوڵ نەدراوە بۆ چارەسەركردنیان، هەروەها لەناو بەرەی سووننە و بەرەی شیعەش گرفت دروست بووە كە ئەمە ئایندەی عێراق بەرەو نادیار دەبات".
بەگوتەی عیرفان عەلی عەبدولعەزیز پەیوەندییەكانی ئێستای حزبەكەی لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران لاوازە و لەو بارەیەوە گوتی: "لەگەڵ هیچ لایەن و وڵاتیك كێشە و گرفتمان نییە ، لەگەڵ توركیا و وڵاتە ئیسلامیەكان كۆمەڵێك پەیوەندیمان هەیە و تەنانەت لەگەڵ دەوڵەتە ئەوروپیەكان پەیوەندیمان هەیە، لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران كۆمەڵێك پەیوەندیمان هەیە بەڵام ماوەیەكە پەیوەندیەكانمان زۆر كاڵن و وەك جاران نین، ئەوەش كۆمەڵێك هۆكاری خۆی هەیە كە پەیوەندییەكانمان بەو شێوەیە سارد و سڕن".
لەبارەی توركیا و كودەتا شكستخواردووەكەی مانگی تەمووزی رابردوو رابەری گشتی بزوتنەوەی ئیسلامی گوتی: "ئەو كودەتایەی كە لە وڵاتی توركیا رویدا هەموو گەلی كورد پێی ناخۆش بوو کە رویدا، چونكە ئەوەی ئەو كارەی كرد سوپا بوو، دەوڵەتی توركیا ماوەی دوو ساڵە بەرەو قۆناغی چارەسەركردنی گرفتەكانی دەڕوات، بەرەو ئەوە دەڕوات كە باری ئابورییەكەی زۆر بە هێز بێت ، بەرەو ئەوە دەڕوات كە هەوڵ دەدات ببێتە پردێك لەنێوان رۆژهەڵات و رۆژئاوا، ئەوەشی دەبینرێت لەنێوان دەسەڵاتی توركیا و ئۆپۆزسیۆنی توركیا كە دوێنی كۆبوونەوەی جەماوەری بەرێوەچوو كارێكی جوان و باش بوو، بەس دەبوو هەدەپەی تێدابوایە".
عیرفان عەلی گوتیشی: "ئەو گرفتانەی كە پێشتر روویانداوە لەنێوان هەدەپە و پەكەكە و دەسەڵاتدارانی توركیا ئەوە كارێكی خراپ بوو، ئێمە وەك بزووتنەوەی ئیسلامی هەوڵماندا بۆ چارەسەركردنی ئەو بارودۆخە".
رابەری گشتی بزوتنەوەی ئیسلامی كوردستان زیاتر دوا و گوتی: "دوای ئەو كودەتایە توركیایەكی نوێ دێتە مەیدانەوە بەوەی ئەو هێز و سوپایەی كە هەرەشە بوو بۆ دیموكراسی ئەو هێزە نەما، یان ئەو هێزە كە هەمیشە هەرەشەبوو بۆ بەردەم پێكەوە ژیانی هێزە سیاسیەكانی توركیا ئەو هەیبەت و هێزەی نەما، بەڵام توركیای ئایندە كە دروست دەبێت بنەمای بەدەوڵەت بوونی تێدا دەبێت كە ببێتە دەوڵەتێكی دیموكراسی لە دوای ئەو كودەتایەوە دروست بووە ".