Mazın Asad
08 ئاب 2016•نوێکردنەوە: 09 ئاب 2016
کابول
دەنگۆی ئەوە ھەیە کە لە ئەنجامی ھێرشێًکی ئاسمانی لە ئەفغانستان سەرکردەی داعش لە ناوچەی خۆراسانی ئەم وڵاتە حافز سەید کوژرابێت.
فەرماندەی یەکەی ٢٠١ی ھێزەکانی رۆژھەڵاتی ئەفغانستان، جەنەراڵ محەمەد زەمان وەزیری رایگەیاند لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی ھێزەکانی ئاسایش و بە ھاوکاری فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوان بۆ سەر شارۆچکەی ئاچینی پارێزگای نەنگەرھار، سەرکردەی داعش لە ناوچەی خۆراسان حافز سەید کوژراوە.
وەزیری ئاماژەی بەوەش دا کە لە ھێرشەکەدا سەید و ٣٢ ئەندامی رێکخراوی تیرۆریستی داعش کوژراوە و راشیگەیاند ئۆپەراسیۆنەکان لە شارۆچکەکانی دیکە دژی داعش دەستی پێکردووە.
تاوەکو ئێستا ھیچ روونکردنەوەیەک لە لایەن رێکخراوی تیرۆریستی داعشەوە نەدراوە.