Sarmand Hameed
09 ئاب 2020•نوێکردنەوە: 09 ئاب 2020
سلێمانی - AA
دەزگای ئاسایشی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، ھێزەکانی ئۆپەراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی سەربە دەزگای ئاسایشی ھەرێم پشت بەستن بە زانیاریی هەواڵگریی، شەش تیرۆریستیان لە سنووری قەزای چەمچەماڵ، دەستگیرکرد.
دەزگای ئاسایشی ھەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، لەسەر بنەمای زانیاری و چاودێری بەردەوام و وردی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان، ھێزەکانی ئۆپەراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی سەربە دەزگای ئاسایشی ھەرێم، زانیاری بەدەستدەھێن لەسەر چەند تیرۆریستێکی داعش کە لە سنووری چەمچەماڵ بەناوی کارکردن و کرێکاری و ناسنامەی ساختەوە خۆیان حەشارداوە و لە چەند کێڵگەیەکدا کاری باخداریی دەکەن.
لە راگەیەنراوەکەدا کە کۆپییەکی گەیشتووەتە ئاژانسی ئانادۆڵو، هاتووە: "دوای چاودێری و بەدواداچوونی ورد زانیاری و بەڵگەی دروست بەدەست ھاتن و پاش رەزامەندی بەڕێز دادوەر، بە بڕیاری سەرۆکی دەزگای ئاسایشی ھەرێم، ھێزەکانی ئۆپەراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی بە ھاوکاری بەڕێوبەرایەتی ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی ھەڵمەتی دەستگیرکردنی تیرۆریستانیان لە سنووری چەمچەماڵ دەستپێکرد و لە چەند ئۆپەراسۆنێکدا رۆژی چواری ئاب تیرۆریستانی تاوانبار (ج .م تەمەن ٢٦ ساڵ و تیرۆریست ئـ .ھ تەمەن ٣٠ ساڵ دەستگیرکرا کە ھەردووکیان خەڵکی فەللوجەن) کە لەکاتی دەستگیرکردنی تیرۆریست ( م.ھ تەمەن ٢٩ ساڵ ) لەدەست ھێزەکانی ئاسایش ھەڵدێت و دواتر بە برینداری دەستگیرکرا.
ئەوەش ئاشکرا کراوە کە ئەو تیرۆریستانە لە ساڵی ٢٠١٤ بەیعەتیان داوە بە رێکخراوی تیرۆریستی داعش و وەک چەکداری رێکخراوەکە بەشدارییان لە چەندین تاوانی دەرحەق بە مرۆڤایەتی کردووە.
ئاماژە بەوەشدراوە کە ھەر لە میانی بەردەوامی لێکۆڵینەوەکان پەیوەست بەو دۆسێیە ھێزەکانی ئاسایش رۆژی پێنجی ئاب لە دوو ئۆپەراسێۆنی جیادا سێ تیرۆیستی دیکەیان لە سنووری بەردەقارەمان و ناو شاری چەمچەماڵ دەستگیرکرد کە پەیوەندییان بەھەمان گرووپەوە ھەبووە و ھەریەک لە تاوانباران ع . م تەمەن ٣١ ساڵ و ع . ع تەمەن ٢٢ ساڵ کە خەڵکی مەحموودییەن دوای ھەڵھاتنی دەستگیر کرا و ھەمان ئێوارەش لەناو شاری چەمچەماڵ تیرۆریست ع . د تەمەن ٢٩ ساڵ کە خەڵکی بەغدایە دەستگیراکران و لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە و رووبەڕووی یاسا و دادگا کرانەوە.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا تیشکخراوەتە سەر ئەوەی کە بەپێی زانیارییە بەدەستھاتووەکان تیرۆریستە دەستگیرکراوەکان لە خوارووی عێراقەوە ھەڵھاتوون و مەرامیان بووە لە سنووری چەمچەماڵ حەشارگەیەک دروستبکەن و رێگایەکی پەیوەندی درووستبکەن لەگەڵ چەند شانەیەکی نھێنی تیرۆریستانی داعش بۆ رێکخستنەوە و جێبەجێکردنی مەرامەکانیان، بەڵام پێش دەستبەکاربوونیان پیلانەکەیان ئاشکراکراو دەستگیرکران.
لە کۆتایی راگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە لە ماوەی رابردوودا ھێزەکانی دەزگای ئاسایشی ھەرێم چەندین تیرۆریستی دیکەیان لە سنووری سلێمانی و گەرمیان و شارو شارۆچکەکانی ھەرێم دەستگیرکردووە و لەبەر سەلامەتی لێکۆڵینەوە و ئارامی و ئاسایشی ھاووڵاتییان زانیارییەکان پارێزراون و ھێڵراونەتەوە و دۆسێکانیان لە لێکۆڵینەوەدان و لە داھاتوودا زانیاری وردیان لەبارەوە دەخرێتەڕوو.
دەزگای ئاسایشی ھەرێمی کوردستان لە کۆتایی راگەیەنراوەکەدا جەختی لەوە کردووەتەوە کە تەواوی ھێزەکانیان شەونخونن بۆ پاراستنی ئۆقرەیی و سەرو ماڵی ھاووڵاتییان و رووبەوڕوبوونەوەی ھەر پیلانێک کە ژیان لە کۆمەڵانی خەڵک تێکبدات.