ھەولێر
ھاوڵاتییانی ھەرێمی کوردستان ھەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی ئەمڕۆ کە سەعات ٧ی بەیانی دەستی پێکرد و تا ٥ی ئێوارە بەردەوام دەبێ، بە رووداوێکی خۆش و مێژوویی و دەنگدانیش بە مافێکی خۆیان ھەژمار دەکەن.
تەحسین پیاوێکی باڵا مام ناوەندیی ئەسمەرە تەمەنی لە نێوەندی چلەکاندایە لەگەڵ ھاوسەر و سێ لە کچەکانی بەرەو بنکەی دەنگدانی قوتابخانەی ھەتاوی بنەڕەتی لە ھەولێر دەچوون تا نوێنەرەکانیان لە پەرلەمانی ھەرێمی کوردستان بۆ چوار ساڵی داھاتوو دیاری بکەن.
ئەو کە خۆی بە وەستا تەحسین ناساند بەمشێوەیە باسی لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی ھەرێم کرد "ئەمە رووداوێکی زۆر خۆشە و بە رۆژێکی مێژوویشی دەزانین، چونکە دەنگدان باشترین شتە بۆ دیاریکردنی نوێنەری خۆی".
ھەروەھا گوتی" چوار ساڵ جارێک دەچین بەرەو سندوقەکانی دەنگدان تا مافی خۆمان وەربگرین".
باسی لەوەش کرد لەمەودوا ھەر کەس و لایەنێک بۆ گەل خراپ بێ لەرێگەی ھەڵبژاردنەکانەوە دەگۆڕدرێ، لەمڕووەوە گووتی" ئێمە ئەمڕۆ دەنگدەدەین، ئەگەر خراپ بوون ئەوا دوای چوار ساڵیتر دەنگ بە کەسانی تر دەدەین".
ئەمرۆ ٢١ی ئەیلول دەنگدانی گشتی بۆ ھەڵبژاردنی ١١١ ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە سێ پارێزگاکەی ھەرێم دەستی پێکرد، تێیدا زیاتر لە ٢ ملیۆن و ٨٢٠ ھەزار کەس مافی دەنگدانیان ھەیە.
ئیمان تەحسین، ١٨ ساڵان، کە بۆ یەکەم جار بەشداریی لە دەنگدان دەکا, خۆشییەکی زۆری پێوە دیار بوو بەوەی بۆ یەکەم جار دەنگ دەدا، لەمبارەیەوە بە پەیامنێری ئاژانسی ئەنادۆلوی گوت "زۆرم پێخۆشە دەنگ دەدەم، دەمەوێ نوێنەرم لە پەرلەماندا ھەبێت و لە کێشەکانم بزانێت، ئەم رۆژی رۆژێکی زۆر خۆشە بۆ من بەتایبەت کە یەکەم جارمە دەنگ دەدەم".
٣١ قەوارەی سیاسی رکابەرایەتیی لەسەر ١١١ کورسیەکەی پەرلەمان دەکەن، کە ١١یان بۆ پێکھاتەکانی تورکمان ٥ کورسی، کلدۆئاشور ٥ کورسی، ئەرمەن ١ کورسی تەرخانکراون.
عەبدولخاڵق محەمەد، خۆی و ھاوسەرەکەی و کچەکەی پێکەوە لەبەردەم یەکێک لە بنکەکانی دەنگدان لە گەڕەکی سورچییانی شاری ھەولێر پاش دەنگدان بەرەو ماڵەوە دەچوونەوە، بۆ ئاژانسی ئەنادۆڵوی گوتی " ئێمە ئەمڕۆ بەشدارییمان لەو ھەڵبژاردنە کرد، بنکەکە زۆر قەرەباڵخ نەبوو، زۆر بە ئاسانی و بەبێ ھیچ کێشەیەک توانیمان دەنگی خۆمان بدەین".
لەنجە عەبدولخاڵق یەکێکی تربوو لەو کچانەی دەنگیدا و لەبارەی ھەڵبژاردنەکەوە گوتی "دەنگدانێکی زۆر باشە، بە ئازادی و بەبێ ئەوەی کەس فشارمان بخاتە سەر دەنگمان دا".ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کە ئامێری مۆری ئەلیکترۆنی ھیچ کێشەیەکی ئەوتۆی نەبووە و زۆریش باش بووە."