نیویۆرک
ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان UNSCدووپاتیکردەوە پێویستە لێکۆڵینەوەی تەواو لەو دەنگۆیانە بکرێ کە دەگوترێ لەسوریا چەکی کیمیایی بەکارھێنراوە.
کرستینا پێرساڤیڵ نوێنەری ھەمیشەیی ئەرجەنتین لە UN و سەرۆکی ئەم خولەی ئەنجومەنەکە گوتی " ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەکگرتووەکان نیگەرانن لەدەنگۆی بەکارھێنانی چەکی کیمیایی لەسوریا، بۆ ئێمە جیاوازی نییە کامە لایەن بەکاری ھێناوە بەڵکو بەکارھێنانەکەی جێی مەترسی و دەرچوونە لەرێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان".
سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ھەروەھا رایگەیاند: ھەموو ئەندامانی ئەنجومەن لەسەر ئەو بۆچوونە کۆکن کە لێکۆڵینەوەی بەرفراوان بکرێ لەسوریاو ھەوڵ بدرێ دوایی بھێنرێ بەخوێنڕێژییەکانی ئەو وڵاتە.
لەلایەکی دیکە ئەنجێلا میرکڵ راوێژکاری ئەڵمانیا داوایکرد پسپۆڕانی بێ لایەن پشکنین و بەدواداچون بکەن لەبارەی بەکارھێنانی چەکی کیمیایی لەسوریا.
میرکڵ لەوتووێژێکدا لەگەڵ رۆژنامەی شتوتگارتەر زیتونگ گوتی " تا ئێستا روون نییە داھاتووی سوریا چی دەبێ، بەڵام دەتوانین بڵێین ئەو وڵاتە لەبەردەم مەترسییەکی زۆر گەورەدایە، پێویستە پسپۆڕانی بێ لایەن پشکنین بکەن بۆ چەکی کیمیایی لەسوریا و نەتەوە یەکگرتووەکانیش بەمە رازی بێ "
ھەروەھا وەزیری دەرەوەی بەریتانیا (ویلیام ھێگ) ھۆشداریی دایە حکومەتی سوریا و داوایکرد رێگە بەلێکولینەوەی نێودەوڵەتی بدرێ لەو وڵاتە.
ھێگ گوتی " کوشتنی سەدان ژن و منداڵ کە دەنگۆی ئەوە ھەیە بەچەکی کیمیایی کوژرابن، زۆر نیگەرانی کردووین، ھێشتا راستی و دروستی ئەم ھەواڵە نەسەلمێنراوە بۆیە بەریتانیا داوا داەکات سوریا مل بدات تا ئەنجومەنی ئاسایش لێکۆڵینەوە بکات لەو رووداوە".
٣٥ وڵات داوانامەیەکیان ئاڕاستەی (یو ئێن) کرد
نزیکەی ٣٥ وڵات داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەن لێپێچینەوەی تەواو لەسەر ئەو دەنگۆیانە بکەن کە باس لەبەکارھێنانی چەکی کیمیایی دەکەن لەسوریا.
دوای بڵاوبوونەوە دەنگۆی بەکارھێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن حکومەتی سوریاوە، نزیکەی ٣٥وڵات داوای لێکۆڵینەوەی تەواویان لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد. بۆ ئەم مەبەستەش داوانامەیەکیان ئاڕاستەی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان (بانکیمون) کرد.
لە نامەکەدا ھاتووە "داواکارین ھەرچی زووە لێکۆڵینەوە لەسەر بەکارھێنانی چەکی کیمیایی بکرێ، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش لە ئاکامەکەی ئاگاداربکرێتەوە ".