ئەنقەرە
وەزیری دەرەوەی تورکیا (ئەحمەد داود ئۆغڵو) لەبارەی رەوشی شێواوی میسر ئاشکرایکرد بەر لەگەورەبوونی تەنگوچەڵەمەکان، وڵاتەکەی ھەوڵی زۆریداوە تا کێشە سیاسییەکانی میسر نەگەن بەم ئاستەی ئێستای و کاربەدەستانی تورکیا چوونەتە قاھیرە.
داود ئۆغڵو وەزیری دەرەوەی تورکیا گوتی "پێش کودەتای ٣٠ی حوزەیران لەمیسر، ئەنقەرە نوێنەری خۆی ناردە ئەو وڵاتە، ھەروەھا راوێژکاری (رێکخراوی ھەواڵگریی نەتەوەی تورکیا MIT) لەگەڵ مورسی دیدارو وتووێژیانکردووە، ئێمە پەرۆش بووین تا کێشەکان دامرکێنەوەو لایەنە ناکۆکەکان بگەنە ئەنجامێکی شایستە"
لەبارەی خراپبوونی رەوشی سیاسی و ئارامی میسر داودئۆغڵو گوتی "بارودۆخی میسر بەرەو خراپبوون دەچێ، کوژراوەکان خوشک و برای ئێمەن، لێبڕاوانە کۆشش دەکەین تا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ناچار بکەین لەسەر ئاڵۆزییەکانی میسر وەخۆ بکەون."