هەولێر
ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا هەریەك لە حزبەكانی پارتی ئازادیی كورد و پارتی ئازادی و ئەلپارتی و پارتی یەكێتی كورد، دوای هەڵوەشاندنەوەی خۆیان، حزبێكی نوێیان بە ناوی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سوریا راگەیاند.
پێنجشەممەی رابردوو ٣ی نیسان، بە پشتگیری مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ ماوەی سێ رۆژ لە شاری هەولێر، هەریەك لە پارتی ئازادی كورد بە سەركردایەتی مستەفا جومعە، پارتی ئازادیی بە سەركردایەتی مستەفا ئوسۆ، ئەلپارتی بە سەركردایەتیی عەبدولحەكیم بەشار، پارتی یەكێتی كورد بە سەركردایەتی عەبدولباست حەمۆ و بە بەشداری ٦٥٠ ئەندام، كونگرەیەكی داخراویان بۆ دامەزراندنی حزبێكی نوێ بەست.
لەو كۆنگرەیەدا ئەو چوار حزبە هەڵوەشاندنەوەی خۆیان راگەیاند و حزبێكی نوێیان بە ناوی (پارتی دیموكراتی كوردستان لە سوریا) دامەزراند كە ٥١ ئەندامی سەركردایەتی هەیە.
دواتر بۆ سەركردایەتی ئەو حزبە، هەریەك لە عەبدولحەكیم بەشار سەرۆكی ئەلپارتی و سعود مەلا ئەندامی سەركردایەتی ئەلپارتی خۆیان كاندید كرد و لە هەلبژاردنێكدا كە لە نێوان ئەندامانی سەركردایەتی حزبە نوێیەكە كرا، سعود مەلا بە كۆكردنەوەی ٣١ دەنگ سەركەوت.
پارتی دیموكراتی كوردستانی سوریا هێزێكی سیاسییە و چەكداری نییە.
بەگوێرەی وتەی ئەندامانی ئەو چوار حزبە، پەیەدە رازی نەبووە پارتی دیموكراتی كوردستان لە سوریا دابمەزرێ، كاتێك بڕیاردرا ئەو كۆنگرەیە ببەسترێ، پەیەدە رێگەی نەدا ئەندامانی ئەو حزبانە بگەنە هەرێمی كوردستان، بۆیە ناچاربوون بە قاچاخ لە سوریاوە ئاودیوی هەرێم بن.
لە كونگرە رۆژنامەوانییەكەدا سعود مەلا سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سوریا گوتی "ئێمە لە ژێر چاودێری سەرۆكی هەرێمی كوردستان توانیمان حزبێكی نوێ پێك بهێنین، ئەویش بۆ بەهێزكردنی میللەت و نەتەوەی كوردە و پارتی نوێ دژایەتی هیچ لایەنێك ناكا".
هەروەها گوتی "ئامانجی شۆڕشی ئێمە رزگاری و ئازادی سوریا و یەكگرتوویی و یەكڕێزی گەلی كوردە لە سوریا، بارودۆخی ئێستای سوریا یەكێتیی گەلە نەك پارچەپارچە بوون و دوور كەوتنەوە لە یەكتر".
سعود مەلا ئاماژەشی كرد "دەرگای پارتی ئێمە بۆ دانوستان كراوەیە، بەو پێیە دەتوانین رۆژئاوا رزگاربكەین، با بە روحێكی نیشتمانیی رێككەوتنی هەولێر زیندوو بكەینەوە و دەست لە دەستی یەكتر بكەین و گەلی خۆمان بپارێزن".