Sangar Hamad Azeez
19 تەمووز 2016•نوێکردنەوە: 20 تەمووز 2016
لە میانی کۆنگرەی رۆژنامەوانی رۆژانەیدا گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا مارک تۆنەر باسی لە پرسی رادەستکردنەوەی فەتحوڵڵا گولەن کرد. ناوبراو گوتی: "ئەگەر بێت و تورکیا داوای رادەستکردنەوەی فەتحوڵڵا گولەن بکات ئەوە ئێمە پێشوازی لە داواکەیان دەکەین و هەڵسەنگاندنی بۆ دەکەین".
تۆنەر تیشکی خستەسەر ئەو رێککەوتنەی نێوان ئەمریکا و تورکیا لەبارەی رادەستکردنەوەی تاوانبارەکان کە لە ساڵی ١٩٨١ەوە ئەنجام دراوە و گوتی: "ئێمە چاوەڕێی تورکیا دەکەین کە بەڵگەی پێویستمان بۆ بنێرین لەبارەی تێوەگلانی فەتحوڵڵا گولەن بە کودەتا سەربازییەکەی تورکیا".
ناوبراو هەروەها گوتی: "گەر بێت و تورکیا بەفەرمی داوای رادەستکردنەوەی سەرکردەی رێکخراوی تیرۆریستی فەتحوڵڵاچی، فەتحوڵڵا گولەن بکات و بەڵگەکان تەواو بن، ئەوە ئێمە زۆر بەوردییەوە هەڵسەنگاندن بۆ بابەتەکە دەکەین".
تۆنەر ئەوەشی نەشاردەوە کە ئەمریکا دژی کودەتا سەربازییەکەی تورکیا بووە بەسەر حکوومەتێکی هەڵبژێردراودا و لە درێژەدا گوتی: "تورکیا وڵاتێکی گرنگی هاوپەیمانی ناتۆیە و ئێمە بەهەموو شێوەیەک پشتگیری لێ دەکەین".
جیا لەمەش تۆنەر جەختی کردەوە لەوەی کەوا ئەوان بڕوایان وایە حکوومەتی تورکیا لە چوارچێوەی دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ لێکۆڵینەوە لە بابەتی کودەتا سەربازییەکە دەکات.
ئەو گوتەبێژە ئاشکرای کرد کەوا لە دوای روودانی کودەتاکە وەزیری دەرەوەی هەردوو وڵات جۆن کیری و مەولود چاوشئۆغڵو چەند جارێک لە رێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندیان بەیەکەوە کردووە و گوتیشی: "هەردوو وڵات لە نزیکەوە هاوکاری یەک دەکەن".
لەبارەی پرسیاری رۆژنامەنووسێک کە ئایا ئەمریکا درەنگ روونکردنەوەی لەسەر کودەتاکە دا یاخود نا تۆنەر گوتی: "چوار بۆ پێنج سەعات دوای کودەتاکە روونکردنەوەمان دا، هۆکاری دواکەوتنەکەش ئەوە بوو کە رووداوەکە دوای ئێوارەی رۆژی هەینی بوو، هەروەها هەوڵمان دا سەرەتا لە بابەتەکە بگەین ئینجا روونکردنەوە بدەین".
تۆنەر گوتیشی ئەگەر بێت و بانگەشەی ئەوە بکەن کە ئەمریکا لە پشتی کودەتاکەیە، ئەوە ناهەقی دەکەن بەرامبەر بە ئەمریکا و شتی وا بوونی نییە.