باکۆ
رۆژنامەی ئازادلیکی نزیک لە ئۆپۆزسیۆنی ئازەربایجان بەھۆی قەرزێکی زۆرەوە بڕیاری راگرتنی وەشانی خۆیدا.
لە ڕوونکردنەوەیەکدا کە لە ڕۆژنامەکەدا بڵاوکراوەتەوە تێیدا باس لەوە کراوە دوای ئەوەی چاپخانەکانیان بە بڕی ٢٤ ھەزار یۆرۆ قەرزاربوون و دوای مشتومڕێکی زۆر و نەگەیشتن بە ھیچ ئەنجامێک، ئەو ڕۆژنامەیە راگرتنی وەشانی خۆی راگەیاند.
ھەر لەو ڕوونکردنەوەیەدا ھاتووە کە بەمەبەستی ھاریکاریکردنی ئەو رۆژنامەیە بۆ دانەوەی قەرزەکانی , کەمپینێکی ھاریکاریان راگەیاندووە و بەڕێوەبەران و کارمەندانی ئەو ڕۆژنامەیە ئەوەی لە توانایاندابێت ھاریکاری ڕۆژنامەکە دەکەن.
رۆژنامەی ئازادلیک کە لە ساڵی ١٩٨٩ وە وەشانی خۆی دەستپێکردووە لە ئازەربایجان، یەکێک لە پرفرۆشترین رۆژنامەکانی ئەو وڵاتە بووە.
ئەورۆژنامەیە کە بەنزیکیەوە لە بەرەی گەلی ئازەربایجانی ئۆپۆزسیۆن ناسرابوو، بەردەوام رەخنەی توندی ئاراستەی حکومەت دەکرد.
چەندین دەستەڵاتداری باڵای ئازەربایجان ئەو ڕۆژنامەیەیان دابووە دادگا و زۆرێکیان کەیسی دادگاییەکانیان لەو ڕۆژنامەیە بردبۆوە و بەمەش سزایەکی زۆری دارایی ئەو ڕۆژنامەیە درابوو.