Hemin Hüseyin
06 مای,س 2017•نوێکردنەوە: 07 مای,س 2017
پرسی ئەنجامدانی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان بووەتە بابەتێکی گەرمی سیاسیی و بۆچوونی جیاواز هەیە لەسەر میکانیزمی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە و بەشێک لە هێز و لایەنە سیاسییەکان پێیان وایە کاراکردنەوەی پەرلەمان شەرعییەتی زیاتر دەداتە ئەنجامی پڕۆسەکە و بەشێکیش پێیان وایە کە کارانەکردنەوەی پەرلەمان نابێتە رێگر بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەکە.
ماوەی پێشوو شاندێکی هاوبەش پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەردانی هێز و لایەنە سیاسییەکانیی هەرێمی کوردستانیان کرد و بە شێوەیەکی فەرمیی تاوتوێی پرسی ئەنجامدانی ریفراندۆمیان کرد و دواتریش و بۆ هەمان مەبەست شاندیکی دیکەی هەردوو حزب سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ لە سەرکۆمار، سەرۆکوەزیران، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران و بەشێک لە لایەنە عێراقییەکان کۆبووەوە.
لە هەرێمی کوردستانیش ئاراستەی بۆچوونەکان جیاوازن و هێزەکان بەسەر چەند بۆچوونێکی سیاسییدا دابەشبوونە و خاڵی هاوبەشی هەموولایەنەکانیش شەرعییەتدانە بە مافی خەڵک بۆ ئەنجامدانی ئەو پڕۆسەیە.
لایەنە ئیسلامییەکان لە هەرێمی کوردستان بریتین لە هەریەک لە یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان کە خاوەنی ١٠ کورسی و کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان خاوەنی شەش کورسی و بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان خاوەنی یەک کورسیی پەرلەمانین لە پەرلەمانی کوردستان، ئەوان ئەگەر چی لە رووی بەرنامە و بۆچوونەوە جیاوازن بەڵام لەسەر پرسی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان هاوڕان.
بەرپرسێکی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات کە ئەوان وەکو یەکگرتووی ئیسلامیی پشتگیری لە ئەنجامدانی ریفراندۆم دەکەن بەڵام پێیان وایە پێویستە کە ئەو پڕۆسەیە لە رێگای پەرلەمانی کوردستانەوە ئەنجام بدرێت.
لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو، کارگێڕی ئەنجوومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، فەرهاد مەلا ساڵح گوتی: "ئێمە بەشێوەیەکی فەرمیی پرسمان پێکراوە و هەڵوێستی خۆمان راگەیاندووە کە ئێمە لەگەڵ ئەنجامدانی پڕۆسەی ریفراندۆمین لە هەرێمی کوردستان کە بڕیارە ئەمساڵ پڕۆسەکە بەڕێوەبچێت، هاوکات داوامان کردووە کە پێویستە کۆدەنگییەک هەبێت بۆ ئەنجامدانی ئەو پڕۆسەیە و پێویستیشە لە رێگای پەرلەمانی کوردستانەوە ئەنجام بدرێت".
فەرهاد مەلا ساڵح ئاشکرایشی دەکات کە پێشنیازێکیان هەیە و لە کۆبوونەوەی داهاتوویان لەگەڵ شاندی پارتی و یەکێتی دەیخەنەڕوو، سەبارەت بە ناوەرۆکی پێشنیازەکەش، فەرهاد مەلا ساڵح گوتی: "لە کۆبوونەوەی داهاتوومان لەگەڵ شاندەکەی پارتی و یەکێتیی، پێشنیازێکمان هەیە ئەویش پێویستە جگە لە پێکهێنانی ئەو کۆمیتەیەی کە قسەی لەسەر دەکرێت بۆ مەسەلەی ریفراندۆم، ئەوا پێویستە کۆمیتەیەکی دیکەش پێکبێت بۆ چاکسازی".
بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان کە تاکە پارتی سیاسیی ئیسلامیی هەرێمی کوردستانە وەکو پارتێکی ئۆپۆزسیۆن لە پەرلەمانی کوردستان کە خاوەنی یەک کورسییە، ئەو پارتە ئیسلامییە سیاسییە پێی وایە بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەی ریفراندۆم لە هەرێمی کوردستان، ئەوا پێویستە پەرلەمانی کوردستان کارا بکرێتەوە و یەکڕیزی نیشتمانیی و نەتەوەیی لە هەرێمی کوردستان بەرقەرار بێت.
ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی ئیسلامیی، عەبدوڵڵا وەرتی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئێمە لەلایەن سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ئاگادارکراینەوە کە ئەندامێک دیاریبکەین بۆ ئەو کۆمیتەیەی کە بڕیارە بۆ پرسی ریفراندۆم دروست بکرێت، ئەوکات هەموو لایەنە سیاسییەکانی هەرێم لەگەڵ ناوخۆیی هەرێم و وڵاتانی ئیقلیمی گفتوگۆ دەکەین بۆ ئەوەی پشتیوانی بۆ ئەنجامدانی ئەو پڕۆسەیە بەدەست بهێنین".
عەبدوڵڵا وەرتی ئاماژە بەوەش دەکات کە ئەنجامدانی ئەو پڕۆسەیە مافێکی سرووشتی خەڵکی کوردستانە و پێویستە هەموو پێکهاتە و ئایین و لایەنە سیاسییەکان تێیدا بەشداربن و لەمبارەیەوە گوتی: "ئەنجامدانی گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان، بە مافێکی سرووشتی و یاسایی خەڵکی کوردستانی دەزانین، بەڵام پێویستە بۆ ئەنجامدانی ئەو پڕۆسەیە پەرلەمانی کوردستان کارا بکرێتەوە و یەکڕیزی نیشتمانیی و نەتەوەیی لە هەرێمی کوردستان بەرقەرار بێت و ناکۆکی و ململانێی هێزە سیاسییەکان کۆتایی پێبێت، هاوکات دەبێت ئەوەش بزانین کە پێویستە هەموو پێکهاتە و ئایین و لایەنە سیاسییەکان بەشداری ئەو پڕۆسەیە بکەن، لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە وڵاتانی دراوسێ درک بەوە بکەن کە دەمانەوێت هەموو بە ئاشتیانە بەیەکەوە بژین نەک ببینە هەڕەشە لەسەر یەکتر".
کۆمەڵی ئیسلامیی کە خاوەنی ٦ کورسی پەرلەمانی کوردستانە و بۆچوونی ئەو پارتە ئیسلامییە سیاسییە لە سەرەتاشدا لەگەڵ ئەوەبووە کە پەرلەمانی کوردستان کارابکرێتەوە بۆ ئەوەی شەرعیەت بدرێتە پڕۆسەکە و لەمبارەیەوەش پێشتر ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامیی، عەلی باپیر لە دیمانەیەکی لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاندبوو: "مافی چارەنووس و ھەبوونی دەوڵەتی سەربەخۆ مافێکی رەوای ھەرگەلێکە، بەڵام کاتێک ئێمە دەتوانین بەرەو سەربەخۆیی ھەنگاوبنێین کە زەمینەسازیی بکەین و گرفت و کێشەکان چارەسەر بکەین و بۆ ئەو مەبەستەش دەبێت چەند ھەنگاوێک بھاوێژین کە بریتین لە تەبایی سیاسیی، چونکە سەربەخۆیی ماف و ئەرکی ھەموولایەکە و ھی کەسێک و حزبێک نییە، هاوکات ھێزی چەکدار دەبێت لە دامەزراوەیەکدا خۆی ببینێتەوە و چی دیکە رێنمایی لە حزب وەرنەگرێت و دەبێت بڕیاردانی سەربەخۆیی لەسەر بناغەی لێکتێگەیشتن بێت لەگەڵ دراوسێکان و زەمینە سازیی بۆ بکرێت لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت دامەزراوەکان کارا بکرێنەوە".
ئەمە لە کاتێکدایە کە تا ئێستا سێ کۆبوونەوە لەسەر ئاستی باڵا لە نێوان یەکێتی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ئەم مەبەستە ئەنجامدراوە و لە ئێستاشدا داوا لەلایەنە سیاسییەکان کراوە کە نوێنەری خۆیان دیاریبکەن بۆ ئەوەی کۆمیتەیەک پێکبێت و ئەو کۆمیتەیە کارەکانی پەیوەست بە پرسی ریفراندۆم رادەپەڕێنێت.