Heman Hussein Yaseen,Sarmand Hameed
14 مای,س 2020•نوێکردنەوە: 20 مای,س 2020
هەولێر - AA
لێژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان بۆ تاوتوێکردنی دوا پێشهاتەکانی پەیوەندیدار بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ، کۆبووەوە.
کۆبوونەوەکە بە بەشداری هەریەکە لە وەزیری ناوخۆ، رێبەر ئەحمەد و وەزیری تەندروستی، سامان بەرزنجی ئامادەبوونی پارێزگارانی هەرێمی کوردستان و بەڕێوەبەرانی گشتی تەندروستی لە پارێزگاکان و بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتەکانی ناوخۆ، تەندروستی، ئەوقاف و کاروباری ئایینی بەڕێوەچوو.
دوای کۆبوونەوەکە، وەزیری ناوخۆ، رێبەر ئەحمەد لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی بۆ دەزگاکانی راگەیاندن ئاشکرا کرد.

رێبەر ئەحمەد گوتی: "لە میانی کوبوونەوەکەدا بەشداربووان بیروبۆچوونی خۆیان خستەڕوو و هەڵسەنگاندنی تەواو کرا، هەموومان کۆکبووین لەسەر ئەوەی کە بەهەوڵی هەموو لایەنە پەیوەندارەکانی حکوومەت و بە پابەندبوونی هاووڵاتییان، توانیمان ئەنجامی باش بەدەست بهێنین و هەرێمی کوردستان بگەیەنینە کەنارێکی ئارام".
وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان ستایشی رۆڵی دەزگا و دامەزراوە پەیوەندارەکانی حکوومەت و هێزە ئەمنییەکان، هەروەها مامۆستایانی ئایینی و دەزگاکانی راگەیاندنی کرد کە رۆڵیان هەبووە لە قۆناغی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسەکەدا و سوپاسی هاووڵاتییانیشی کرد بۆ پابەندبوونیان بە رێنماییەکان.
رێبەر ئەحمەد باسی لە کاریگەرییەکانی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای کرد لەسەر ئابووری جیهان و رایگەیاند کە کاریگەری پەتاکە و دابەزینی نرخی نەوت و قەیرانی ئابووری کە جیهانی گرتووەتەوە، بەهەمان شێوە کاریگەری لەسەر هەرێمی کوردستانیش کردووە. وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان راشیگەیاند،بڕیارە سیاسییەکانی عێراق کاریگەری هەبووە لەسەر داهاتی هەرێم و دابینکردنی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێم.

رێبەر ئەحمەد ئاماژەی بەوەکرد کە هەموو ئەوانە بوونە هۆکار بۆ ئەوەی باردودۆخی ئابووری هەرێمی کوردستان وەک پێویست نەبێت و حکوومەت دەستکراوە نەبێت لە دابینکردنی پیداویستییەکانی خەڵکی و راشیگەیاند، ئەمانە هەمووی هۆکاربوون کە هاووڵاتییان داوای کردنەوەی سێکتەرەکانی ژیان بکەن.
وەزیری ناوخۆ گوتیشی: "ئێمە لە حکوومەتی هەرێم لەگەڵ ئەوەداین کە هێشتا رێکارەکان بەردەوام بن، بەڵام رەچاوی بارودۆخی ژیانی هاووڵاتییانمان کردووە و ناچاربووینە هەندێک رێکاری کارئاسانیی بکەینەوە".
رێبەر ئەحمەد گوتشی: "لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا هەموومان کۆکبووین لەسەر ئەوەی کەدەبێ ژیان بەردەوام بێت، بەڵام دەبێ خۆشمان لە ڤایرۆسەکە بپارێزین، هەڵسەنگاندنی تەندروستیی لەگەڵ ئەوەیە کە هێشتا مەترسی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئارادایە".
ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا، کە جۆری ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێم و لە دەرەوەی هەرێم هیچ جیاوازییەکی نییە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان زوو دەستکرا بە رێکارەکان. ئەمەش لێکەوتەی خراپی ئابووری زۆری هەبووە و حکومەت یەکەم زەرەرمەند بووە.
وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان گوتیشی: "ئەوەی وەک حکوومەت لەسەرمان کردمان، بارای داراییمان کردە قوربانی تەندروستی گشتی". و سەرنجی بۆ ئەوە راکێشا کە هەموو ئەو رێکارانەی گیراونەتەبەر لە جێبەجێکردنی قەدەغەی هاتوچۆ، کردنە پشوو لە فەرمانگەکانی حکوومەت و ناوەندەکانی خوێندن، داخستنی فڕۆکەخانە و دەروازە سنوورییەکان لەپێناو سەلامەتی گیانی هاووڵاتییان بووە.
لەبارەی قۆناغی داهاتوو بۆ خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان باسی لەوەکرد کە ئەوەی پێویست بوو وەک حکوومەت کردیان و لێرەوە قۆناغی خۆپارێزی لەلایەن هاووڵاتییانەوە گرنگە کە لە پێناو بژێوی ژیانیان ناچاربوونە شوێنە گشتییەکان بکەنەوە و ئامانجی سەرەکی ئێمە پاراستنی تەندروستی خەڵکە و دەبێ خەڵکیش ئامانجی پاراستنی تەندروستی خۆی بێت و ئێستا قۆناغی ئەوەیە کە دەبێ خەڵکی رۆڵ ببینێت".
وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان داوای لە دەزگاکانی راگەیاندن کرد بە هیچ شێوەیەک هەواڵی سەرکەوتن بەسەر کۆرۆنا و کۆتایی هاتنی ڤایرۆسەکە بڵاونەکەنەوە، و گوتی: "تاوەکو ڤاکسین بۆ کۆرۆنا نەدۆزرێتەوە ناتوانین سەرکەوتن رابگەیەنین، مرۆڤایەتی بەیەکەوە سەردەکەوێت".
وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان داوای لە هاووڵاتییان و نوێژخوێنان و مامۆستایانی ئایینی کرد لە کاتی نوێژکردن لە مزگەوتەکاندا پابەندی رێنماییەکانی تەندروستیی بن.
رێبەر ئەحمەد ئاماژەی بەوەشکرد کە قەدەغەی هاتوچۆ لەنێوان پارێزگاکان بەردەوام دەبێت.