ههولێر - شوان سدیق
لیژنەی یاسایی پەرلەمانی كوردستان، سەبارەت بە ئامادەكردنی راپۆرتی تایبەت لەسەر چوار پرۆژەی لایەنەكانی گۆڕان، یەكێتی، یەكگرتوو و كۆمەڵ بۆ هەمواركردنەوەی یاسایی ژمارە یەكی 2005ی سەرۆكایەتی هەرێم، كۆبۆوە.
بەڵام لەبەر ئەوەی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئەو پرۆژانە رەتدەكاتەوە، بەشداری كۆبوونەوەی لیژنەی كاروباری یاسایی پەرلەمانی نەكرد.
بەشداری نەكردنی فراكسیۆنی پارتی لەو كۆبوونەوەیە لەكاتێدایە سەرۆكی لیژنەی یاسایی و دوو ئەندام سەربە فراكسیۆنی پارتین، بەڵام بۆ ئەوەی كاروباری لیژنەكە بەڕێوەبچێت، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، یوسف محەمەد و سكرتێری پەرلەمان فەخرەدین قادر خۆیان سەرپەرشتی كاروباری لیژنەی یاساییان كرد.
گوتەبێژی فراكسیۆنی زەرد محەمەد عەلی گوتی: "سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، بێلایەن نییە و ئەو پێشێلی پەیڕەوی نێوخۆی پەرلەمانی كوردستان كردووە".
گوتیشی: "سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، حزبایەتی دەكات نەك ئەو بێت، هاوسەنگی رابگرێت لەنێو فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستان".
توركمان و مەسیحی بایكۆتیان كرد دوو ئەندامی گۆڕان، سێ ئەندامی یەكێتی و ئەندامێكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی بەشداریان لە دانیشتنی لیژنەی یاساییدا كرد.
جێگری فراكسیۆنی پ.د.ك ئامینە زكری بۆ ئانادۆڵو گوتی: "ئەوەی ئێستا لیژنەی یاسایی و سەرۆكی پەرلەمان، ئەنجامی دەدەن، بەبێ پارتی دیموكراتی كوردستان، بەهیچ جۆرێك سەرناگرێت، دەبێت ئەو پرۆژەیە رێككەوتنی سیاسی لەسەر بكرێت، بە سازان ئەوكاتە لە پەرلەمان دەبێتە یاسا".
بەپێی یاسای ژمارە ١٩ی ساڵی ٢٠١٣ ویلایەتی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، مەسعود بارزانی لە ٢٠.٨.٢٠١٣ بۆ دوو ساڵ درێژكراوەتەوە، لە ٢٠.٨.٢٠١٥ كۆتای دێت.