ئەنقەرە
جێگری سەرۆكوەزیرانی توركیا یاڵچن ئاكدۆغان لە بەردەوامی قسەكانیدا باسی رەوشی توركیای لە دوای هەڵبژاردنەكانی حەوتی حوزەیران كرد و گوتی: "قۆناغی چارەسەری یەكەمجار ساڵی 2005 لە لایەن ئەردۆغانەوە لە میانی پێشكەش كردنی گوتارێك لە دیاربەكر دەستی پێكراوە و بنەما و بنگەی ئەو قۆناغەیش لە نێو بەرنامەی ئاك پارتی و حكوومەتدا بەجێكرا".
ئاكدۆغان گوتی: "پڕۆسەی ئاشتی قۆناغێك بوو كە پارادیگمای ئاك پارتی لەسەری بۆنیادنرابوو و سەرەتا بە ناوی كرانەوەی دیموكراتیك و دواتر بە ناوی پڕۆژەی برایەتی و یەكێتی نەتەوەیی ودواجاریش بە ناوی قۆناغی چارەسەری بەردەوامی هەبووە".
ئاكدۆغان گوتی: "ئەندازیاری دەستپێكردنی ئەو قۆناغە ئاك پارتییە و كاتێك سەیری پرسی كورد دەكەین دەبینین گۆڕانكارییەك لە عەقڵیەتی سیاسی و پارادیگمادا هاتووتە ئاراوە و لە ناوچەكەدا چەندین خزمەتی جیاجیا پێشكەش كران و باوەش كردنەوە بۆ هاووڵاتییانی كورد و ئەنجامدانی گۆڕانكاری دیموكراتیك هەموویان پارچەی قۆناغی چارەسەری بوون. لە كاتی دەستپێكردنی پڕۆژەی كرانەوەی دیموكراتیكەوە تا ئەمڕۆ بە تایبەتی كاتێك ناوی قۆناغی چارەسەری لە پڕۆسەكە كرا هەوڵ بۆ دانانی چەك لەلایەن پەكەكەوە درا، بەڵام وەكو رابردوو پەكەكە جارجار دووبارە دەستی بە ئەنجامدانی جۆرە كریارێك بۆ تێكدانی قۆناغەكە كرد و ستراتیجیەتی خۆی گۆڕا و دەستی بە ئەنجامدانی هێرشی سەرانسەری كرد و ویستی بەو جۆرە مل بە دەوڵەت كەچ بكات، ئەمە لە هێرشەكانی ساڵی 2011ی ناوچەی سلیڤانی دیاربەكر بینرا و پەكەكە لە ژێر ناوی ستراتیجیەتی شەڕی گەلی شۆڕشگێر بە شێوەی گرووپ گرووپ هێرشی سەر بنكەكانی سوپا و هێزەكانی ئەمنی كرد و لە بەرامبەریشدا ئەو كاتە دەست بە شەڕێكی بەرفراوانی دژی تیرۆر كرا و بە گشتی نزیكەی هەزار و 450 ئەندامی پەكەكە كوژران و دواتر لە كۆتایی ساڵی 2012دا پڕۆسەكە بە ناوی قۆناغی چارەسەری دەستی پێكرد".
ئاكدۆغان گوتی: "لێرەدا نزیكەی 10 ساڵە كە نیازپاكی و هەنگاوی باشی حكوومەت هەن بەڵام جارجاریش ویستی هێرش كردنە سەر پەكەكە و هێرشی پەكەكە لە ئارادا بووە، كاتێك سەیری پێشهاتەكانی ئەمڕۆ دەكەین بۆمان دەردەكەوێت كە ئەو پێشهاتانە جیا نین لەو پێشهات و هەڵوێستانەی رابردوو. لە چوارچێوەی قۆناغی چارەسەریدا پەكەكە و هەدەپە قۆناغەكەیان خراپ بەكار هێنا، هەم سەركۆمار و هەم سەرۆكوەزیران چەندین جار باسیان لەمە كرد. بەراستی خراپ بەكاریان هێنا، پەكەكە ویستی بە توندوتیژی و گوشار خستنە سەر خەڵك دەسەڵاتێكی ئاڵتەرناتیف لە ناوچەكەدا بۆ خۆی دروست بكات. من هەنگاوێك دەچمە پێشتر و ناڵێم خراپ بەكار هێنانی قۆناغەكە بەڵكو دەڵێم خیانەت كردن لە قۆناغی چارەسەری، بەراستی پەكەكە خیانەتی لە قۆناغی چارەسەری كرد. مەبەستم لە خیانەت كردن لە قۆناغی چارەسەری ئەوەیە كە دوژمنەكانی قۆناغی چارەسەری ... دەزانن دوای ئۆپەراسیۆنی 17ی كانوونی یەكەم لە هەر هەڵبژاردنێكدا كۆنسیرسیۆمێكیان درووست كرد و چەندین هاوپەیمانییان پێكهێنا بۆ لە ناوبردنی ئاك پارتی، ئەو كەسانە كە ئێمە پێیان دەڵێن دوژمنی قۆناغی چارەسەری لە هەڵبژاردنی ئەم دواییەیشدا هەدەپەیان وەكو پڕۆژەیەك لە بەرامبەر ئاك پارتی بەكار هێنا و هەدەپە بەو جۆرە خۆی خستە خزمەتی دوژمنانی قۆناغی چارەسەری و ئەو كەسانەی كە ئامادە نین دان بە هەبوونی هەدەپەیشدا بنن. هاوكات مەبەستیان ئەوە بوو كە دوای لە ناوبردنی ئاك پارتی قۆناغی چارەسەری و پڕۆسەی ئیمراڵیش تێك بدەن و لە ناوی ببەن. لە بەرامبەردا هەدەپەیەك هەیە كە زۆر بە باشی دەیزانی ئەم هەوڵدانانە چۆنە دەرئەنجامێكیان دەبێت و هەدەپە بۆ ئەوەی بتوانێت بەربەستی سەدا 10ی هەڵبژاردن تێپەڕ بكات ئەو هاوپەیمانیەتییەی وەكو قاڵدرێمێك بەكار هێنا و لە بەرامبەردا قۆناغی چارەسەری تێكدا".
یاڵچن ئاكدۆغان لە بەردەوامی قسەكانیدا گوتی: "ئەوانەی كە ویستوویانە كۆتایی بە پرسی كورد بهێنن هەر لە رابردوویەوە بوونە ئامانجی چەند هێز و لایەنێك و دواجار لە بەرامبەر سەركۆمار رەجەب تەیب ئەردۆغانیش هەوڵدانێكی بەو جۆرە هاتە ئاراوە و ئەو هەوڵدانە ویستی هەم ئەردۆغان و هەم فاكتەری سەرەكی قۆناغی چارەسەری كە خۆدی ئەردۆغانە لە ناو ببات و بۆ ئەو مەبەستە هەوڵێكی یەكجار زۆر درا".
ئاكدۆغان گوتی: "سەراپای ستراتیجیەتی هەدەپە بۆ دژایەتی كردنی ئەردۆغانە و هەدەپە زۆر بە جدی هاوكاری و هەماهەنگی لەگەڵ دەوڵەتی هاوتەریب دەكات و ئەمەیش پەیوەندی دەنگدانی لایەنێك بە لایەنێكی دیكە نییە، هەر كەس دەزانێت كە لە ژێر زۆربەی زۆری سكاڵانامەكانی رابردوو لەدژی هەدەپە ئیمزای دەوڵەتی هاوتەریب هەیە و هاوكات هەموو ئەو سكاڵایانەیش لە لایەن هەدەپەوە لە بەرامبەر شتە جیاجیاكان تۆمار كراون ئیمزای دەوڵەتی هاوتەریب هەیە و ئەمەیش نیشانەی ئەو هاوكارییەی نێوان هەدەپە و دەوڵەتی هاوتەریبە بۆ تێكدانی قۆناغی چارەسەری. بۆیە من لە جیاتی ئەوەی بڵێم كە هەدەپە قۆناغەكەی خراپ بەكار هێنا دەڵێم هەدەپە خیانەتی لە قۆناغەكە كرد".
ئاكدۆغان لە بارەی لێًدوانەكانی هەدەپەوە لە سەبارەت رێككەوتنی كۆشكی دوڵمەباخچەوە كە گوایا ئەردۆغان ئاگای لە هەر هەنگاو و هەموو وردەكارییەكان هەبووە گوتی: "ئەمە راست نییە، چونكە لەو قۆناغەدا هیچ جۆرە پەیوەندییەكەمان لەگەڵ ئەردۆغاندا نەبوو، ئەوانە ئەوەندە زۆر درۆ دەكەن كە بوونە وەكو دەزگایەكی دروست كردنی درۆ و منیش لە بە درۆ خستنەوەی ئەوان ماندوو بووم".
ئاكدۆغان جەختی لەوە كردەوە كە لە كۆشكی دۆڵمەباخچەدا هیچ جۆرە سۆز و بەڵێن و رێككەوتنێك نەبووە و لە رابردوویشدا چەندین جار باسی ئەمەمان كردووە بەڵام دیموكراسیەتی توركیا گەیشتووتە ئەو ئاستە كە بتوانێت گفتوگۆ لەسەر ئەو جۆرە پرسانە بكات و دامەزراوەی سیاسیش خاڵ بە خاڵ گفتوگۆ لەسەر ئەم پرسانە دەكات و لێرەدا چوارچێوەی گشتی گفتوگۆ كردن لەسەر ئەو پرسانە و گفتوگۆ كردنی دامەزراوەی سیاسی لەسەر پرسەكان بوو و هەر چۆن لەوێ راگەیەنراوێكی هاوبەش نەخوێنرایەوە ئەوا هەر بەو جۆرەیش لەوێ لەسەر هیچ جۆرە چوارچێوەیەك رێككەوتن نەكراوە".
ئاكدۆغان گوتی: "لە دوای هەڵبژاردنەكان پەكەكە بڕیاری ئەنجامدانی كریاری توندوتیژی داوە و ئەوانەی كە دەڵَێن حكوومەت ئەوەی كرد و حكوومەت ئەمەی كرد با سەیری لێدوانەكانی پەكەكە بكەن، پەكەكە چەندین جار جەختی لەوە كردووەتەوە كە كۆتایی بە ئاگربەست دەهێنێت باكەس هەوڵ بۆ تۆمەتبار كردنی حكوومەت نەدات، لێرەدا ژمارەیەكی یەكجار زۆر جەنایەت هەیە".
ئاكدۆغان گوتی: "هەر درۆیەك كە دەیكەن دەستكردە، لە بارەی لێژنەی چاودێریشەوە ژمارەیان دەستنیشان كرد و ناویشیان دەستنیشان كرد و ئاماژەیان بەوە كرد كە وا دەبێت و وا نابێت، هەر هەمان رۆژ من لێدوانمدا و جەختم لەوە كردەوە كە هەمووی ئەو شتانە درۆن و بێگۆمان بەرتەسك كردنی هەموو پرسەكە لە چوارچێوەی لێژنەی چاودێریدا هەڵوێستێكی راست نییە چونكە لە كۆتاییدا دەبوایا ئوجەلان داواكارییەكی پێشكەش كردبایا و ئوجەلان پەیامەكەی پێشكەش كرد و لەسەر كۆمەڵگەیش كاریگەری هەبوو و هەركەسیش گفتوگۆ لەسەر كرد و بۆیە پێویستی نەدەكرد كە دووبارە ئەم شتانە بە لێژنەیەكی نوێ دیكەوە ببەسترێنەوە لێرەدا دەبێت بزانین كە ئیمراڵیش شوێنی خۆنیشاندان یا نیمایش كردن نییە كە چەپ و راست شاندی جیاجیا بچن و سەردانی بكەن. ئەوانە دەیانەویست هەمان پەیام دووبارە بكاتەوە. بێگۆمان ئەمە شتێكی بێ مانا و واتەیە".
ئاكدۆغان لە بارەی پەیوەندییەكانی نێوان پەكەكە و دەوڵەتی هاوتەریبدا گوتی: "پەیوەندی زۆر قیزەون لە نێوان پەكەكە و دەوڵەتی هاوتەریبدا هەیە، پەكەكە لە بارەی داعشەوە كەمپینێكی زۆر قیزەونی بەڕێوە برد بێگۆمان لەو كەمپەینەدا دەستی دەوڵەتی هاوتەریبیش هەیە، ئەوانە بۆ ئەوەی لە نێو كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا توركیا رووبەڕووی كێشەو گرفت بكەنەوە پێكەوە كاریان كرد چونكە دەیانەویست داعش وەكو ئامرازێك بۆ هەڵسانەوەی سەر پێ خۆیان بەكار بهێنن. ئەوان ویستیان بە هۆی ئەو شەڕەوە كە پەكەكە لەدژی داعش دەیكات رەوایی و مەشرووعیەت بە پەكەكە بدەن و هەوڵیان بۆ ئەوە دەدات كە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا پەكەكە ببێتە خاوەن پێگەیەكی جیاواز و ئەوەی داعشی بەكار هێناوە پەكەكەیە".
ئاكدۆغان گوتی: "بە كریارەكانی ئەم دوایەیان ئەو متمانەی كە هەبوو لە ناویان برد، ئەو ئاكتەرانەی كە لەگەڵ ئەو فاكتەرانەی كە ئاماژەمان پێكردن ئەوەندە لە نێو یەكدان و دەستیان لە دەستی یەكتردایە چۆن دەتوانن قۆناغی چارەسەری بەڕێوە ببەن، ئەمە پرسێكی زۆر گرنگە، ئەوانە متمانەیان لە ناوبرد ولێرەیشدا لە بارودۆخێكی بەو جۆرەدا پەكەكەیش توانای ئەوەی نییە بڵێ وا بكەین و وا مەكەین. ئەگەر ئەوانە هێزیان هەیە ئەو كاتە با بانگ لە پەكەكە بكەن و بڵێن هێزەكانت لە سنورەكانی توركیا بكێشەوە تا دەست بە گفتوگۆ بكەین".
لە بارەی رێوشوێنەكانی ئەمنی ئەم دواییە و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانەوە ئاكدۆغان گوتی: "ئەمانە هەموویان لە رووی سەربازییەوە سەركەوتنێكی زۆر گەورەیە بۆ توركیا و هاوكات سەركەوتنێكی گەورەی دیپلۆماتیكیشن. هەموو جیهان مافدار بوون و حەق بوونی توركیای پشتڕاست كردەوە و هەم توركیا وەكو ئاكتەرێك كە دەتوانێت یارییەكان بگۆڕێت ئەم هەنگاوەی ناوە و بەمجۆرە سەلماندی كە بەبێ توركیا لە ناوچەكەدا هیچ شتێك روو نادات یا هیچ پڕۆژەیەك سەر ناگرێت و هەركەس ئەوەی بە چاوی خۆی بینی كە هیچ گرووپ، پێكهاتە یا هێزێك كە لە دژی توركیا بێت لە ناوچەكەدا جێگای نابێتەوە".
ئاكدۆغان گوتی: "ئەمانە هەمیشە لەسەر ناوی ئوجەلان درۆ دەكەن، ئاماژە بەوە دەكەن كە ئوجەلان لەدژی سیستەمی سەرۆكایەتییە و ئوجەلان لە دژی هاوپەیمانی لەگەڵ ئوجەلانە... ئەمانە هەر هەموویان درۆن، ئەوانە بە بەكار هێنانی ناوی ئوجەلان هەوڵ بۆ هەڵخەڵەتاندنی كۆمەڵگە دەدەن. ئایا ئەو كاتەی ئەوانە دیداریان لەگەڵ ئوجەلاندا ئەنجام دەدا پرسێك بە ناوی پرسی هاوپەیمانی لە توركیادا هەبوو كە ئوجەلان بڵێت لەگەڵً ئەوە یا لەگەڵ ئەمەدا هاوپەیمانی بكەین یا هاوپەیمانی نەكەین، لێرەدا نابەرپرسیاریەتییەكی یەكجار گەورە هەیە، پێم وایە ئەگەر ئەمانە بكەونە دەستی ئوجەلان ئەوا ئوجەلان بە دار بە گیانیان دەكەوێت و لێیان دەدات".
لە بارەی هەوڵەكانی پێكهێنانی هاوپەیمانییەوە ئاكدۆغان گوتی: "هەر چەند دانوستانەكان درێژەیان هەیە بەڵام لە خولی دووەمی دانوستانەكانیش لەگەڵ جەهەپەدا بەردەوامە و دەرگاكان دانەخراون.لە بارەی داخستنی پارتەكانەوە ئاكدۆغان گوتی: "ئاك پارتی وەكو بنەما لەدژی داخستنی هەر پارتییەكە و هەوڵی زۆرمان بۆ ئاستەنگ كردنی داخستنی پارتەكان داوە و بیروڕای ئاك پارتی سزادانی كەسانی بەرپرسە نەك داخستنی پارتەكان".
news_share_descriptionsubscription_contact
