هەولێر - AA
ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، رێواز فایەق لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا لە بارەگای حزبەکەی، وەڵامی گوتاری بانگەشەی هەڵبژاردنی جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی دایەوە کە گوتبووی لەسەر ئاستی ناوخۆیی و عێراقیی و هەرێمیی، پارتی تەنیا حزبە کە حسابی بۆ دەکرێت و ئەمەی بە سیاسەتی سڕینەوەی حزبەکانی دیکە پێناسە کرد.
ریواز فایەق لە دەستپێکی قسەکانیدا، گوتی: "نەمویست تەلاری پەرلەمانی کوردستان بەکاربهێنم بۆ قسەکردن لەسەر بابەتێک کە رەهەندی سیاسیی هەیە و پێگەکەی خۆم لە تەلاری پەرلەمانی کوردستان بەکاربهێنم بەتایبەتی کە ئێستا لەنێو هەڵمەتی هەڵبژاردنین، بەدیاریی کراوی لەسەر وتاری دوێنێی سەرۆکی هەرێمی کوردستان قسە دەکەم".
گوتیشی: "باوەڕی خۆم وایە هەرکەسێک هەر پۆستێکی هەبێت و لە هەر پێگەیەکدا بێت کاتێک هەڵمەتی هەڵبژارن ئاساییە بەشداربێت لە هەڵمەتی هەڵبژاردنی ئەو حزبەی کە کردوویەتی بە خاوەنی ئەو پۆستە، بەڵام راستییەکیش هەیە کە سەرۆکی دامەزراوە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان بەڕەچاوکردنی پێگەکەیان و بە رەچاوکردنی ئەو دامەزراوە دەستووریانەی ئێمە سەرۆکایەتییان دەکەین دامەزراوەی دەستووریی گەلی کوردستانن و دامەزراوەی ئەو حزبە سیاسییانە نین کە سەرۆکایەتییان دەکەن، دامەزراوەی ئەو حزبە سیاسیانەش نین کە هەڵبژاردنیان بردووەتەوە، بەڵکو دامەزراوەی ئەو هاووڵاتییانەشن کە تەنانەت بەشدارییان لە پرۆسەی دەنگدانیشدا نەکردووە، کاتێک سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە وتارێکیدا لە بەردەمی رێکخستنەکانی حزبەکەی خۆی دەڵێت تەنیا حزبێک کە لەسەر ئاستی ناوخۆیی و عێراقیی و هەرێمیی حسابی بۆ دەکرێت پارتی دیموکراتی کوردستانە کە دڵنیام خۆشی باوەڕی بەو قسەیە نییە و دەیناسم، بەڵام ئەوە بووەتە ئەو فەرهەنگی سڕینەوەی کە پارتی بەرجەستەی دەکات و بە بچووکتر بینینی شەریکەکانیەتی و بە بچووکتر بینینی حزبەکانی دیکەیە لە هەرێمی کوردستان، پێشبینیم وابوو بەدیاریی کراوی سەرۆکی هەرێمی کوردستان خۆی ببوێرێت لەو جۆرە وتارانە بەڵام کاتێک بەو شێوەیە قسە دەکات ئەرکێکی یەکێتیانەمە وەک سەرۆکی یەکێک لە دامەزراوەکان، وەڵامی بدەمەوە".
ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، رێواز فایەق راشیگەیاند "دەمەوێت پێی بلێم بەپێی عورفی سیاسیی لە هەرێمی کوردستاندا سەرۆکی هەرێم دەبێت کۆکەرەوەی هەموو هێزە سیاسییەکان بێت، دەبێت پارێزەری یەکڕیزی گەلی کوردستان و هێزە سیاسییەکانی بێت، بەڵام سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەو قسەیەی هەموو ئەو بنەمایانەی تێکشکاند و وێرانی کردن کە لەلای خەڵکی هەرێمی کوردستان گەڵاڵە بووبوو بەوەی کە ئێمە دەتوانین بە یەکڕیزی بچینە بەغدا بۆ پاراستنی ماف و شایستەییەکانی گەڵی کوردستان".
راشیگەیاند "نازانم راوبۆچوونی حزبە سیاسییەکانی دیکە چییە لە هەرێمی کوردستان، بەڵام دەمەوێت ئەوە بەبیر رای گشتی و سەرۆکی هەرێمیش بهێنمەوە کە یەکێتی حزبێکی قبوڵکراوی متمانە پێکراوە لەسەر ئاستی عێراق، بەدەلیلی نزیکترین بابەت کە بابەتی دانوستانکردنە لەگەڵ هێزە عێراقییەکان لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی و لەگەڵ کوتلە سیاسیییەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی بەوەی کە سەرۆکایەتی شاندی دانوستانکار قوباد تاڵەبانی کردوویەتی کە جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی هاوپەیمانیی کوردستانە و سێ وەزیری یەکێتی و گۆڕانیش یاوەرییان کردووە، ئەگەر ئەوان جێگای متمانە و قبوڵکردن نەبوونایە و حساب بۆکراو نەبوونایە، خەڵکی هەرێمی کوردستان ئێستا ئەو ٢٠٠ ملیار دینارەی بۆ نەدەهات کە حکوومەت دەتوانێت مووچەکەی پێ بدات".
ریواز فایەق گوتی: "دەمەوێت بەبیری سەرۆکی هەرێمی کوردستان و هەموو ئەوانەی بهێنمەوە کە ئەوانی دیکە ناخوێننەوە و کولتووری سڕینەوەیان کردووە بە بەشێک لە گوتاری سیاسییان کە ئەگەر هێزەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە شەڕی داعشدا نەبوونایە ئەم هەولێری قەڵا و منارەیە لەبەردەم مەترسیدابوو، هێزەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەخوێنی شەهیدە سەربەرزەکانمان توانیمان لە جەلەولا و خانەقینەوە بۆ مەخموور و شنگال و رەبیعە بپارێزین، لەم مەکتەبی سیاسییەی کە ئێستا لێی قسە دەکەین لێرەوە هێزەکان دەرچوون بۆ پاراستنی هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان".
ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، رێواز فایەق هەروەها گوتی: "حساب لەسەر چییە و لەسەر چ بنەمایەکە، حساب لەسەر ئەو زۆرینە ساختەکراوە موزەیەفەیە کە هەیە؟ بۆیە دوا قسەم ئەوەیە هەر هێزێک هەر حزبێک هەر کەسێک حساب بۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ناکات و نەیخوێنێتەوە، یەکێتیش حسابی بۆ ناکات و نایخوێنتەوە".
رێواز فایەق لە وەڵامی ئەوەی کە بۆچی باس لە هێزی یەکێتی دەکەن لە کاتێکدا خۆتان چەند جارێک قسەتان لەسەر ئەوە کردووە کە پێویستە هێزەکان یەک بگرنەوە و هێزی نیشتمانیی هەبێت نەک هێزی حزب، گوتی: "واقیعێک هەیە هێشتا هێزێک هەیە ناوی هێزەکانی پارتییە و هێزێک هەیە ناوی هیزەکانی یەکێتییە، زۆربەی حزبە سیاسییەکانیش لەناو هێزەکانی پێشمەرگە و ئاسایش و پۆلیس، ئامادەگییان هەیە و هەمووشیان پێکەوە بەشدارن لە پاراستنی هەرێمی کوردستان، بەڵام راستییەک هەیە کە تاوەکو ئەم ساتە وەختەوایە و من پێم ناخۆشە کە وایە، دوو هێز هەن هێزی ٧٠ و هێزی ٨٠، دژە تیرۆری ئەملا و دژە تیرۆری ئەولا هەن، ئەوە راستییەکە کە حەزم نەدەکرد وابێت، بەڵام وایە، ئێمە قانونمان بۆ دەرکردووە بۆئەوەی یەکبگرنەوە و بە هەموو توانامان پشتیوانی لەوە دەکەم کە هێزەکان یەکبگرنەوە و ئەو پرۆسەیەی کە ئێستا بەردەوامە هەموو هێزەکان بێنەوە سەر وەزارەتی پیشمەرگە بەهەموو توانامەوە پشتیوانی لەو پرۆسەیە دەکەم".
ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، رێواز فایەق دەربارەی بەکارهێنانی زۆرینەی ساختە و موزەیەف رایگەیاند "دەمەوێت راستییەک باس بکەم، راستی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان هەموو کەس دەیبینێت و تەنیا من نایبینم، نامەوێت وردەکاری ئەوە باس بکەم کە چی دەکرێت و چی ناکرێت لە پرۆسەی دەنگداندا، بەڵام با راستییەک بەبیر هەموو ئەوانە بهێنمەوە کە ئێستا هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەبەن بە خۆشمەوە زیاتر لەسەدا ٥٠ی خەڵکی هەرێمی کوردستان هەر دەنگی نەداوە، لەبری ئەوەی دانیشین بیر لەوە بکەینەوە ئەو لەسەدا ٢١ و ٢٢ی لە رێژەی لەسەدا سەد هێناومانە کە راستە ٤٥ کورسییان هەیە دەبێت بیر لەوە بکەینەوە ئێمە لەگەڵ سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکوومەت و تەواوی دامەزراوەکان چی بکەین و چۆن خەڵک ئاشت بکەینەوە بەشداری لە پرۆسەی راستەقینەی هەڵبژاردندا بکات".
news_share_descriptionsubscription_contact

