ھەولێر
پەیمان عزەدین، ئەندامی بزووتنەوەی گۆڕان و پەرلەمانتاری خولی سێیەمی پەرلەمانی کوردستان، لە کاتی بەشدارییکردنی لە ھەڵمەتی نیو مانگ بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژ بە ژنان، رەخنەی لە بەشداریی ژنان گرت لەناو حزبە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان.
پەیمان لەبارەی کاریگەریی بەشداریی ژنان لە پەرلەمان و حزبە سیاسییەکان بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی:" لە بەر ئەوەی سیستمی کۆتا بۆ ژنان دیاریکراوە، ژنانێک کە بە کۆتا نوێنەرایەتی بەدەست بێنن، ناتوانن نوێنەری فیعلی ژنان بکەن. تەماشاکە تا ئێستا ھیچ ژنێک سەرۆکی لیژنەیەکی کاریگەری ناو پەرلەمان نییە، ھەروەھا ھیچ کات ژنان لە دانوستان و گفتوگۆکانی دەرەوەی پەرلەمان و پێکھێنانی حکومەت بەشدارییان پێنەکراوە".
لەمەڕ رێژەو کاریگەریی ژنان لە ناو بزووتنەوەی گۆڕان، پەیمان عزەدین گوتی:" لەناو بزوتنەوەی گۆڕان رێژەیەکی بەرچاو لە ژنان لەنێو کایەکانی سیاسی و جەماوەریی گۆڕان ئامادەییان ھەیە، بەڵام بە بەراورد بە حزبەکانی وەک پارتی و یەکێتی و ئیسلامییەکان، رێژەی ژنان لەناو گۆڕان بە پێی پێویست نییە و کەمە".