قودس
بەبۆنەی رۆژی پشتگیری نێونەتەوەیی بۆ فەڵەستین و ھەروەھا بەبۆنەی بوونی فەڵەستین بە دەوڵەتی چاودێر لە نەتەوەیەکگرتووەکان لەم رۆژەدا، سائیب عورەیقات ئێوارە خواردنێکی بۆ کۆنسوڵخانەکانی وڵاتانی دەرەوە لە فەڵەستین سازکرد و دەربارەی پڕۆسەی ئاشتی چەند پەیامێکی راگەیاند.
عورەیقات رایگەیاند قودس لە سەردەمی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بارەگای جەمال پاشا فەرماندەی لەشکری چوار بووە و گردی زەیتون داغ کە ئەمڕۆ وەکو نەخۆشخانە بەکاردێ، ھاوسەرگیری ئەگوستۆ ڤیکۆریای تیادا ئەنجامدراوە.
لەبارەی گفتوگۆکانی ئاشتی عورەیقات گووتی: " لەو رۆژەی گفتوگۆی ئاشتی دەستپێکراوە تا ئەمڕۆ لەناو ١٢٠ رۆژدا ئیسڕائیل ١٥٩ ماڵی فەڵەستینی رووخاندووە، ٢٧ فەڵەستینی کوشتووە، رێگای داوە پێنج ھەزار و ٤٠٠ یەکەی نیشتەجێبوون بۆ جولەکە دروست بکرێ."
ئەو گەورە دانوستکارە فەڵەستینیە لە درێژەی قەسەکاندیا گوتی: " وەکو لایەنی فەڵەستینی خوازیارین گفتوگۆی ئاشتی دەستپێبکاتەوە. ئەگەر ئیسڕائیل چاوی لە ئاشتیە، دەبێ ئەوە قەبوڵ بکا کە لە پێنج مانگ دەگەینە ئاشتی. ئەگەر لەلایەنی ئیسڕائیلی نیازی ھەیە ئاشتی بەرقەرار بکات، ئەوە دەکرێ. ھیچ کاتێک لە سەربەخۆیی و سەروەری خۆمان پاشگەز نابینەوە. قەبوڵ ناکەین لەبەرامبەر ئازادکردنی فەڵەستینیەکان شوێنی نیشتەجێبوونی جولەکە دروست بکرێ."
عورەیقات، دەربارەی قسەکانی بنیامین نەتانیاھۆ لەکاتی گفتوگۆی لەگەڵ سەرۆک کۆماری فەڕەنسا فڕانسوا ھۆڵاند کە گووتبووی داوای لە مەحمود عەباس سەرۆکی فەڵەستین کردووە بێتە بەردەم پەرلەمانی ئیسڕائیل قسە بکات، گوتی:" دەبێ پێشوەخت ئیسڕائیل داوای لێبوردن لەو ٤٨٠ گوندە فەڵەستینیە بکا کە لەکاتی داگیرکاری ساڵی ١٩٤٨ رووخاندوویەتی."
سائیب عورەیقات، جەختی لە بەردەوامی ھەڵوێستەکەی لە مانگی رابردوو دەربارەی راگرتنی گفتوگۆی ئاشتی لەگەڵ ئیسڕائیل کردەوە، کە بەھۆی دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ جولەکە لەلایەن ئیسڕائیل، بڕیاری دابوو دەست لە پۆستەکەی وەکو دانوستکار بکێشێتەوە. لەھەمان کاتدا ئاشکرایکرد سەرۆکی فەڵەستین داواکەی قەبوڵ نەکردووە.