Sarmand Hameed
30 نیسان 2020•نوێکردنەوە: 06 مای,س 2020
هەولێر - AA
شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی جێگری سەرۆكوەزیران، قوباد تاڵەبانی لەگەڵ دەستەی سیاسی رەوتی سەدر كۆبووەوە و هەردوولا جەختیان لە بەردەوامی پەیوەندییەكان لەپێناو گەیشتن بە رێككەوتنی هاوبەشی نێوان هەولێر و بەغدا كردەوە.
لە درێژەی کۆبوونەوەکانیان لە بەغدا، شاندی حکوومەتی هەرێم بە سەرۆکایەتیی قوباد تاڵەبانی لەگەڵ شاندێکی دەستەی سیاسی رەوتی سەدر بە سەرۆکایەتیی نەسار روبەیعی کۆبووەوە.

ماڵپەڕی فەرمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردووەتەوە، دەستەی سیاسی رەوتی سەدر پشتگیری خۆیان بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەربڕیووە و رایانگەیاندووە رازی نابن مافی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان زەوت بکرێت.
لە کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی ستایشی هەڵوێستی رەوتی سەدری کردووە و جەختی لە پێویستی هەماهەنگی لە نێوان هەموو لایەنە عێراقییەکان کردووەتەوە بۆ ئەوەی بە تێگەیشتنی زیاتر هەموو کێشەکان چارەسەر بکرێن، بە تایبەت لەم قۆناغەدا کە عێراق لەبارودۆخێكی تایبەت دایە.
لە کۆبوونەوەکە هەردوولا رێككەوتوون لەپێناو چارەسەرکردنی سەرجەم كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەرێم و ناوەند لە پەیوەندی و زانیاری گۆڕینەوەی بەردەوامدا بن.