ئاگری
بەپێی ئەنجامە بەراییەکانی دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردن لە ئاگری، سڕی ساکیک کاندیدی بەدەپە سەرکەوتنی بە دەستهێناوە.
ساکیک كاتێ سەردانی ناوەندی جیاکردنەوەی دەنگەکانی کرد لە ئاگری، بۆ رۆژنامەوان گوتی: "تەنیا چەند سندوقێک ماوە کە بکرێنەوە و ئەو سندوقانەش کاریگەرییان لەسەر ئەنجامی ھەڵبژاردن نابێ. بە پێنج ھەزار دەنگ بەدەپە لە پێش ئاکپارتییەوەیە، بەڵام لە راستیدا ئەوەی سەرکەوتنی گەورەی بە دەستھێناوە ئاشتییە. خەڵکی ئاگری داوای ئاشتی دەکەن و گەلی کورد داوای ئاشتی دەکا، ٣٠ ساڵە دانیشتووانی ئەم ناوچەیە ئێش و ژانی زۆریان بینیوە، ئەم ناوچەیە جوگرافیای ئێش و ئازارە. ئێمە ھاتین بۆ ئەوەی پێکەوە ئەو ئێش و ئازارانە نەهێڵین و ئاشتی لە ناوچەکەدا سەقامگیربێ."
ساکیک گوتی: "ئەوەی بووە مایەی خۆشحاڵی ئێمە ئەوەیە لە شارەکەدا ھەڵبژاردنێکی ئازاد و ئارام بەڕێوەچوو، هەرچەندە تۆزێک شک و گومانمان ھەیە. ئەنجامدانی ھەڵبژاردنێکی ئازاد و ئارام بووە مایەی خۆشحاڵی ئێمە، شک و گومانیشمان ھەیە بەڵام بە بێ روودانی ناخۆش و ئاژاوەگێڕیی ھەڵبژاردن ئەنجامدرا، دەستخۆشی لە ھەموو لایەک دەکەم، زۆر سوپاسی خەڵکی ئاگری دەکەم، پێشتریش هەر ئێمە براوەبووین بەڵام بۆ ئەوەی لە ئاگری تەبایی و ئارامی تێک نەچێ، بۆ ئەوەی لە تورکیا و لە ئاگری خوێن نەڕژێ، قوربانیمان بە خۆماندا و سەرکەوتنەکەمان کردە فیدای پڕۆسەی ئاشتی چونکە ئێمە لایەنگری ئاشتین و ئاشتیمان دەوێ."
ساکیک لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی: "پێویستە دیموکراسی جێی چەک و خوێنڕشتن بگرێتەوە. کوردیش ھەر ئەمەی دەخوازێ."