بەرلین
ھاوسەرۆکی پارتی یەکێتی دیموکراتیPYD (ساڵح موسلیم) لەشاری بەرلین قسەی بۆ(AA) کردو لەبارەی بەکارھێنانی چەکی کیمیایی لەسوریا گوتی " سێ مانگ لەمەوبەر دەنگوباسی و ئەگەری بەکارھێنانی چەکی کیمیایی ھەبوو،کەچی کەس گوێی پێنەدا".
موسلیم سەرنجی تایبەتی ھەبوو لەسەر تیمی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان و بەکارھێنانی کیمیایی لەلایەن سوریاوە گوتی " بێ گومان کاتێ لێژنەی پشکنین چووەتە سوریاو بۆ بەڵگە دەگەڕێ، کارێکی ژیرانە نییە چەکی کیمیایی بەکاربێنی، جا ئەگەر وایە یانی ئەسەد دەڵێ وەرن دەستگیرم بکەن".
لەبارەی کۆچی لەڕادەبەدەری کوردەکانی سوریا بۆ ھەرێمی کوردستان لەم مانگەدا، ساڵح موسلیم ئاماژەی بەوەدا ئەوان ناڕازیین لەجۆری کۆچکردنەکە نەک قەدەغەی بکەن.
لەسەر کۆنگرەی نەتەوەیی کورد، ساڵح موسلیم ھەڵوێستی خۆی بەو جۆرە دەربڕی " دوو شت ھەن چاوەروان دەکرێ کۆنگرە ئەنجامیان بدا یەکیان کۆتاییھێنان بە تێکنەگەیشتنی نێوان حیزب و لایەنە دەسەڵاتدارەکان و
دەست نیشانکردنی چۆنێتی ژیانی کورد لەگەڵ نەتەوەکانی تورک و عەرەب وکەمایەتییەکانی دیکە".
ساڵح موسلیم ھەروەھا گوتی " ئێمە ھەوڵ دەدەین لە داھاتووی سوریا کورد پێگەیەکی باشی ھەبێ، ئەوە مانای فەرامۆشکردنی رۆڵی تورکیا نییە. دوستایەتی بێ یاخود دوژمنایەتی تورکیا بۆ ئێمە گرنگە، تا ئێستا دوو جاران لەئەستەنبوڵ پێکەوە دانیشتووین. دەمانەوێ ئەو دانیشتنە ئاشتەواییانە بەردەوامبن بۆ ئەوەی بتوانین ئارامی و ئاسایش بپارێزین , ئیمە ھەوڵ دەدەین دەمانەوێت تورکیاش ھەوڵ بدات ".