دوای ئەوەی ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكیكردن لەمافی ڕۆژنامەوانان ڕاپۆرتی پێشێلكارییەكانی ساڵی 2013 لەبەرامبەر رۆژنامەوانان لە هەرێمی كوردستان خستەڕوو و تێیدا هاتبوو كە زۆربەری پێشێلكارییەكان لەلایەن هێزە ئاسایشەوە بەجلو بەرگی فەرمی و مەدەنییەوە ئەنجامدراون، زۆربەی ئەو پێشێلكارییانەش بەبێ لێپێچینەوەی یاسایی تێدەپەڕن. ئاسایشی سلێمانی هاتە دەنگ.
لەمبارەوە بەڕێوەبەری ئاسایشی سلێمانی حەسەن نوری لەلێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: "لێژنەیەك پێك دەهێنین بۆ لێكۆڵینەوە لەڕاپۆرتەكە، هەر خاڵێكی پەیوەندی بەئێمەوە هەبوو بەدواداچونی بۆ دەكەین و وەڵامی خۆمان دەدەینەوە."
حەسەن نوری ئەوەی ڕەت كردەوە لەكاتی پەیوەندی ڕۆژنامەوانان تەنها وەڵامی رۆژنامەوان و راگەیاندنكارانی حزبەكان بدەنەوە و گوتی: "وەڵامی هەموو لایەكمان داوەتەوە و ڕاگەیاندنەكان بە هۆكارێكی پێشكەوتنی كوردستان دەزانین."
لەبارەی تەقینەوەكانی ئەم دواییەی شارەكەوە، بەڕێوەبەری ئاسایش ئاماژەی بەوە كرد، لێكۆڵینەوەكان لەسەر ئەو ڕوداوانە بەردەوامە و دوای دەركەوتنی ئەنجامەكان، بۆ دەزگاكانی ڕاگەیاندنی ئاشكرا دەكرێن.