سلێمانی
ئەمڕۆ زۆربەی فەرمانگە و رێكخراو و لایەنەكانی شاری سلێمانی بە دەقیقەیەك وەستان یادی كارەساتەكەیان كردەوە و لە سەعات دەی پێش نیوەڕۆ ھەموو كارمەندان ھاتنە بەردەم فەرمانگەكانیان و ساتێك بە بێدەنگی وەستان.
دواتر بە ئامادەبوونی پارێزگاری سلێمانی و بەرپرسی فەرمانگەكانی حكوومی و ئاوارەكانی ئێزدی، لە كەمپی عەربەت لە ژێر دروشمی " شنگال لە ویژدانی ھەمووماندایە" رێوڕەسمێكی تایبەت سازكرا.
لە رێوڕەسمەكەدا پیر و گەنج و ژنان و پیاوانی ئێزدی بە گریان و چاوی پڕ لە فرمێسكەوە دانیشتبون و ئەو چالاكییانەی پێشكەش دەكران ئازارەكانی ئەوانی بیر دەخستنەوە و كارەساتەكەیان بە یاد دەھاتەوە.
نوێنەری ئێزدییەكانی كەمپەكە حەجی شەمۆ لە گوتەیەكدا بۆ ئامادەبوان دوا و گوتی: "داعش بە ھەزاران كچ و ژنی ئێمەیان بردە بازاڕەكانی رەقە و فەللوجە و مووسڵ و شارەكانی دیكە و بە ٥٠ تا ١٠٠ دۆلار كڕین و فرۆشتنیان پێوە كردن".
شەمۆ گوتی: "دوای گرتنی شنگال بۆ ماوەی دە رۆژ نزیكەی ٢٠٠ ھەزار كەس لە چیای شنگال گیریان خوارد و ژیانێكی سەختیان بەڕێكرد و گەمارۆدران".
نوێنەری ئێزدییەكان داوای لە رێكخراوەكانی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەكگرتووەكان كرد كارەساتی شنگال بە جینۆساید بناسێنن و ھەوڵی تەواو بدرێت بۆ ئازادكردنی شارەكە و گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ شوێنی خۆیان.
دواتر بە پێشكەش كردنی چەند چالاكی و شانۆگەری و پەخشانێك كۆتایی بە رێوڕەسمەكە ھات.