دهۆك
لە مەراسیمی ساڵیادی كارەساتی شنگال سەرۆكی هەرێمی كوردستان مەسعود بارزانی رایگەیاند شنگال كۆنترۆڵ دەكرێتەوە، هەروەها دەستخۆشی لە پێشمەرگە و هاوكاری شەرڤانانی رۆژئاواشی كرد.
ئەمرۆ دووشەممە مەراسیمی ساڵیادی كارەساتی شنگال لە شاری دهۆك بەرێوەچوو سەرۆكی هەرێمی كوردستان، مەسعود بارزانی وتارێكی پێشكەشكرد و رایگەیاند "سالێك بەسەر كۆمەڵكوژی ئێزدیەكان تێپەر دەبێت، سڵاو بۆ گیانی پاكی شەهیدان دەنێرم هاوخەمی هەموو بنەماڵەی شەهیدی ئێزدیم".
گوتیشی: "پێشمەرگە داعشی بە چەكێكی زۆر كەم تێك شكاند، خۆشبەختانە ناوی پێشمەرگە گەیشتە دونیا و هیچ وڵاتێك نەماوە کە باسی قارەمانیەتی پێشمەرگە نەكات".
سەرۆكی هەرێم گوتی: "خۆشبەختانە زۆر شوێن ئازادكراون، تا ئێستاش نیوەی شاری شنگال لەدەست داعشە ئێمە دەبێت ئەوەیش كۆنترۆڵ بكەینەوە، بۆ ئەوەی هاووڵاتییان بگەڕێنەوە، كۆنترۆڵكردنەوەی ئەو بەشەی شنگال لە چاوەڕوانی ئۆپەراسیۆنی مووسڵین لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە".
بارزانی گوتی: "لە رۆژی 20ی مانگی 12ی ساڵی پار لە چیای شنگال بووم ئەو دیمەنانەم بینی، بینیم بە چ قارەمانیەتی ئەو ناوچانە رزگاركراون، كێشەی ئێمە فراوانی سنوورەكانمان بوو، بۆیە دوژمن كە هاتە ئەو ناوچەیە هەتا ئێمە دڵنیا نەبین ناچینە شنگال خۆشبەختانە ئێستا بەشی زۆری ناوچە ئازادكراوە".
هەروەها گوتیشی: "كاتێک كارەساتی شنگال روویدا جەنابی بابە شێخ و ژمارەیەكی تر لە پیاوانی ئێزدی هاتنە لای من قەت بیرم ناچێت پێموتن لە ئێوە دڵم توندترم مەرج بێت ئەوەمان لەبیر ناچێت و تۆڵە لە دوژمنان دەكەینەوە".
بارزانی باسی لەوەشكرد قەت لەخۆمەوە نەم وتووە ئێزدی كوردی رەسەنن، هەڵبەتە ئێزدی كوردی رەسەنە و زمان و دین و كلتووری خۆیان بە پاكی پاراستوە، من زۆر باش دەزانم بە درێژایی مێژوو چی غەدرێك لە ئێزدیەكان كراوە".
سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە بەردەم هاووڵاتییانی ئێزدی و ژمارەیەك كاربەدەستانی حزبی و حكوومی ئەوەشی گوت "ئەوەی بەسەر ئێزدیەكاندا هاتووە بەشێكە لەو كارەساتانەی بەسەر كورددا هاتووە وەكو بەسەر كوردی فەیلی و بارزانیەكاندا هاتووە".
بارزانی زیاتر گوتی: "نامووسی شنگال و خەڵكی ئێزدی نەچووە، ئەوەی وا دەڵێت وانییە بەڵكو نامووسی داعش و دوژمنان چووە".
بارزانی باسی لەوەشكرد هەزارەها تەرمی داعش لە سەنگەرەكان كەوتوون، ئێمە پابەندی یاساین، بەڵام لەوكەسانە خۆش نابین کە تاوانیان كردووە، دەستدرێژیان كردووەتە سەر خوشك و برایانی ئێزدی".
سەرۆكی هەرێمی كوردستان گوتیشی: "لە ژیانمدا زۆر كارەساتم بینوە، كورد زۆر كارەساتی بەسەردا هاتووە، بەڵام كارەساتی شنگال و ئەوەی بەسەر ئێزدیەكاندا هاتووە لە هەموو كارەساتەكانی دیكە گەورەترە".
سەرۆكی هەرێمی كوردستان، ئاماژەی بەوەشكرد سەدان قوربانی و شەهیدمان داوە، كەس بیر لەوەنەكاتەوە جارێكی تر پشت لە شنگال دەكرێتەوە، ئێستا لە هەوڵی ئەوەداین ئیدارەیەكی تایبەت بۆ شنگال و ناوچەی رۆژئاوای دیجلە دروست بكرێت هەتا لەگەڵ بەغداش قسەمان كردووە، ناوچەكە بكرێتە پارێزگا".
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا بارزانی سوپاسی ئیدارەی دهۆكی كرد بۆ ئەو پێشوازییەی کە لە ئێزدیەكانی كردووە، هەروەها ئاوەدانكردنەوەی ناوچەی شنگالیشی بە گرنگ دانا كە دەبێت بەشێك بێت لە ئەولەویەتی كاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان.
هەروەها گوتی: "ئێزدییەكان لە هەموو جیهان جێگەی شانازی بارزانی نەمر بوون، بارزانی نەمر تەئكیدی لەوە كردوەتەوە كە ئێزدییەكان دووجار زوڵمیان لێ كراوە بەهۆی كورد بوون و هەروەها ئایینەكەیان".
سەرۆكی هەرێم باسی لە سەردانەكانی كرد بۆ دەرەوە و نوێنەری وڵاتان كە دێنە هەرێمی كوردستان، بەردەوام جەخیتان لەسەر پرسی شنگال و ئێزدی كردووەتەوە.
هەروەها بارزانی بانگەوازی لە خێزان و ماڵەكانی عەرەب كرد كە هاوكاری لە ئازاكردنی كچان و ژنان و منداڵانی ئێزدی بكەن "سوپاسیان دەكەین، بەڵام ئەوانەی دەستیان لە دەستدرێژی هەیە بۆ سەر هاووڵاتییانی ئێزدی لێ خۆش بوونیان بۆ نییە".
سەبارەت بە ژیان و گوزەرانی ئێزدیەكان لە هەرێمی كوردستان، بارزانی گوتی: "كاری باشمان كردووە، بەپێی توانا هاوكاریمان كردوون، ئێمە باش دەزانین ئەوەی بەسەر ئێزدیەكان هاتووە بەسەر كوردی فەیلی و بارزانیەكان و قەرەداغ و دهۆك و گەرمیان و ناوچەكانی تری كوردستان هاتووە".
بارزانی لە وتارەكەیدا جار جارێك دەستی چەپی وەك هۆشداری بۆ نەیارانی كورد و ئەوانەی دەستیان لە كوشتن و ئازاردانی هاووڵاتییان هەیە بەرز دەكردەوە، گوتی: "زاڵم نامێنێت بەڵام رەنگە كوفر بمێنێت".
ئەو سوپاسی پێشمەرگەی كرد و راشیگەیاند "سوپاسی شەرڤانانی رۆژئاوا دەكەم كە هاوكاری ئێزدیەكانیان كردووە، ئەوانیش رۆڵیان هەبووە".
بارزانی پێیوایە "هەر پەیوەندیەكی باش هەبێت لە نێوان كورددا لە باشترین چەك و بەهێزترین چەك باشترە".
سەبارەت بە برایەتی كورد و عەرەب بارزانی نەیشاردەوە، كە ئەو ئێستاش دەڵێت "برایەتی كورد و عەرەب پێویستە بەڵام عەرەبی داعش نا".
لە وتارەكەیدا سەرۆكی هەرێمی كوردستان مەسعوود بارزانی تەنیا باسی لە شنگال و ئێزدیەكان كرد و لە كۆتاییدا، جەختی لەسەر ئەوەش كردەوە كە پێویستە هەموولایەك خۆراگربێت شنگالیش كۆنترۆڵ دەكرێتەوە تەنیا ئەوان نین لایەنی تریشیان لەگەڵدایە.