Dlshad Saifaalddin Ahmed
20 ئەیلوول 2019•نوێکردنەوە: 21 ئەیلوول 2019
سلێمانی ـ AA
کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە بارەگای مەکتەبی سیاسی ئەو حزبە لە شاری سلێمانی بەسەرپەرشتی جێگری سکرتێری گشتی یەکێتی، کۆسرەت رەسول عەلی و ئامادەبوونی سەرکۆماری عێراق، بەرھەم ساڵح کە پۆستی جێگری دووەمی سکرتێری گشتی حزبەکەی ھەیە ئەنجامدرا.دوای کۆبوونەوەکەش گوتەێژی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، لەتیف شێخ عومەر بە دەزگاکانی راگەیاندنی حزبەکەی راگەیاند کە لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر چەند پرسێک کراوە، لەوانەش دۆخی ھەرێمی کوردستان و پشکی یەکێتی لە حکوومەتی ھەرێم و پرسی کەرکووک.
لەتیف شێخ عومەر رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا لە بارەی دۆخی ھەرێمی کوردستان قسەوباسی جدی کرا، جەخت کرایەوە لەسەر ئەوەی کە دەزگاکانی حکوومەتی ھەرێم پێویستە بەوریاییەوە بەرپرسیارێتی خۆیان لەپاراستنی ئەمن و ئاسایش جێبەجێ بکەن.
گوتەبێژی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد، لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا لەبارەی وەرگرتنی پشکی یەکێتی لە کابینەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گفتوگۆ کراوە، ئەو گوتی: "ئەوە باسکرا کە جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی رێککەوتنی سیاسی و ئەو رێککەوتنەی پەیوەستە بەکابینەی نوێی حکوومەتەوە زەمانەتی درێژەپێدانی رێککەوتنەکانمانە، لە کۆبوونەوەکەدا جەختمان لەوە کردەوە پابەندی رێککەوتنی خۆمان دەبین لەگەڵ پارتی، ھەرچییەک لە ناوەڕۆکەکەیدا ھەیە جێبەجێ بکرێت".
لەتیف شێخ عومەر باسی لەوەشکرد لەبارەی کەرکووک رێککەوتنیان ھەیە و لیژنەیەکیان ھەیە کە کار لەسەر ئەو بابەتە دەکات و بەدواداچوون دەکات کە چی پێویستە ئەنجام بدرێت.
پێشتر گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان، لەتیف شێخ عومەر بڵاویکردەوە کە لە بازگەیەکی ھەولێر رێگریی لە تێپەڕبوونی ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان، مەحمود سەنگاوی کراوە بچێتە ناو شاری ھەولێرەوە، ئەو رووداوە کاردانەوە و نیگەرانیی توندی لەنێو بەشێک لە بەرپرس و کادرانی یەکێتییدا درووستکرد.