Muhammet Kurşun
10 تشرینی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 13 تشرینی یەکەم 2015
له دیداره‌كه‌دا کە وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کەریم شنگالی و سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێم دکتۆر فوئاد حوسێن ئامادەی بوون، سەرەتا پارێزگاری نوێی نەینەوا نوفل ئەلعرکوب سوپاسی سەرۆک بارزانی کرد بۆ رەخساندنی ئەو دەرفەتە و رایگەیاند کە زۆر مەبەستی بووە سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بکات تا وێڕای جەخت کردنەوە لە هاوکاری و هەماهەنگیی نێوان هەرێم و ئیدارەی پارێزگای نەینەوا، گوێ لە سەرنج و تێبینییەکانی سەرۆک بارزانی بگرێت.
شاندی میوان جارێکی دیکە به‌ناوی خۆیان و دانیشتووانی پارێزگای نه‌ینه‌وا پێزانینی خۆیان ئاراستەی سه‌رۆك بارزانی و پێشمەرگەی کوردستان کرد بۆ گیانفیدایی و ئازایەتییان لە وەدەرنانی تیرۆریستان. هه‌روه‌ها پرسه و سه‌ره‌خۆشیی خۆیان ئاراستەی خانه‌واده و كه‌سوكاری شه‌هیدان كرد كه به خوێنی خۆیان شكستیان به داعش هێناوه و رایانگەیاند کە ئه‌وان قه‌رزداری پێشمه‌رگه‌ن و هیچ كاتێك ئازایەتیی پێشمەرگە له یاد ناكرێت. سوپاسی گه‌ل و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیشیان كرد بۆ له باوه‌شگرتن و یارمه‌تیدانی ئاواره‌كان و جەختیان کردەوە کە "هەتا هەتایە خۆیان بە قەرزداری حکوومەت و خەڵکی کوردستان دەزانن و هیچ كه‌س و لایه‌نێك ناتوانێ پێكه‌وه‌ژیانی نێوان پێكهاته‌كانی پارێزگای نەینەوا تێك بدات".
له ته‌وه‌رێكی دیكه‌دا، نوفل ئەلعرکوب پارێزگاری نوێ و بەشار کیکی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا پوخته‌یه‌كیان له کێشە و ئاستەنگەکانی نێوان ئیدارەی نەینەوا و بەغدا و رەوشی دانیشتوانی ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی داعش و کێشەی ئاوارەکان، پێشكه‌ش به سه‌رۆك بارزانی كرد و داوایان له سه‌رۆك بارزانی كرد له پاڵپشتیكردنی هه‌موو پێكهاته‌كان به‌رده‌وام بێت.
لە بەرانبەردا سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان مەسعود بارزانی به‌خێرهاتنی شاندی میوانی كرد و پیرۆزبایی لە پارێزگاری نوێی نەینەوا کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست. سەرۆک بارزانی كورته‌یه‌كی له باره‌ی سەرەتای پەلاماری ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش باس كرد و ئاماژه‌ی به‌وه‌دا کە پێویستە هەموو لایەنەکان تواناکانیان یەک بخەن و ڕێگە نەدەن مەرامی تیرۆریستان بۆ تێکدانی پێکەوەژیانی پێکهاتە جیاوازەکانی ئەو پارێزگایە بێتەدی و دەبێ دەرکردنی تیرۆریستان ئەولەویەتی هەمووان بێت.
بارزانی رایگەیاند كه هەرێم وێڕای ئەو بارگرانی و قەیرانە ئابوورییەی کە هەیە بەڵام به‌پێی توانا پاڵپشتیی لە ئیدارەی پارێزگای نەینەوا ده‌كات. له‌باره‌ی ژیان و گوزه‌رانی ئاوارهكانیشەوە، گوتی: "چاره‌سه‌ركردنی بنه‌ڕه‌تی بریتییە لە رزگارکردنی ناوچەکانیان و گەڕانەوەی ئاوارە و لێقەوماوان بۆ سه‌ر ماڵ و حاڵی خۆیان. هەروەها جەختیشی کردەوە کە دوای وه‌ده‌رنانی داعش ده‌بێ زیاتر بنه‌ماكانی پێكه‌وه‌ژیان بەهێز بکرێنەوە و نابێ رێگە بدرێت شه‌ڕی داعش ببێته هۆكارێك بۆ دروستكردنی ململانێی نه‌ته‌وه‌یی".