ئیستەنبوڵ
لەدوای کۆبوونەوەی ھاوپەیمانی شۆڕشگێرانی سوریا کە لەشاری ئیستەنبوڵ بەڕێوەچوو (سەلیم ئیدریس) سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئازادی سوریا لەکۆنگرەیەکی ِۆژنامەوانیی دا رایگەیاند: رێککەوتنی نێوان ئەمریکاو روسیا تەنیا کاتکوشتنەو ئەوان قەبوڵی ناکەن.
ئیدریس گوتی "ئێمە ئەم ڕێککەوتنەمان قەبوڵ نییە چونکە بەھیچ شێوەیەک روسیا لەپرۆژەکەیدا باسی دادگاییکردنی بەشار ئەسەدی نەکردووە، ئێمە ئیتر بەشداریی لەھیچ دانوسانێکا ناکەین تا بەشار ئەسەد لەدەسەڵات دوورنەخرێتەوە".
سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئازادی سوریا لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا (ڤلادیمێر پۆتین)ی سەرۆکی روسیا و (سێرگی لاڤرۆڤ)ی وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتەی تۆمەتبارکرد بەوەرگرتنی بەرتیل و بەڕاشکاوانە گوتی" رامی موخالیف ئامۆزای بەشار ئەسەد کە بازرگانێکی دەوڵەمەندە ڕەشوەو بەرتیلی داوەتەوە پۆتین بۆ ئەمە بەڵگەی تەواومان لایە".
بەگوێرەی قسەی سەلیم ئیدریس وەزیری دەرەوەی ئەمریکا (جۆن کیری) بەئۆپۆزسیۆنی سوریای راگەیاندووە بژاردەی وەشاندنی گورزی سەربازیی لەڕژێمی بەشار ئەسەد ھەروا بەکراوەیی ماوەتەوەو ئۆپۆزسیۆن زانیارییان ھەیە رژێمی سوریا چەکی کیمیایی خۆی گواستووەتەوە بۆ لوبنان و عێراق.