Fahrettin İbrahim
30 ئادار 2018•نوێکردنەوە: 31 ئادار 2018
هەولێر - AA
ئەندامێکی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بە ناوی ئەحمەد ئێرانی، بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە شاری سۆران لە لایەن کەس یان کەسانێکی نەناسراوەوە کوژرا.
سەردار ئێرانی برازای کوژراوەکە لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو وێڕای پشتڕاستکردنەوەی هەواڵەکە، حکوومەتی ئێرانی بە دەستهەبوونی لەو کردەوەیە تۆمەتبار کرد.
ئەحمەد ئێرانی ئەندامی لەمێژینەیی حدکا بووە و وەک سەردار ئێرانی باسی دەکات چەندین جار لە لایەن ئێرانەوە هەڕەشەی کوشتنی لێکراوە و پێشتریش لەو وڵاتە بە تاوانی سیاسی زیندانی بووە.
بە پێی گوتەی سەردار ئێرانی رووداوەکە بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە شارۆچکەی سۆران روویداوە و لەخەودا بە فیشەک ئەحمەد ئێرانی کوژراوە.
تەرمی ئەحمەد ئێرانی لە ئێستادا لە پزیشکی دادوەری سۆرانە و بڕیارە دواتر بهێنرێتەوە کۆیە و لە گۆڕستانی شەهیدان لە بارەگای سەرکردایەتی حدکا بەخاک بسپێردرێت.
لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا ئەوە چەندەمین جارە ئەندامانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بە شێوەی گوماناوی کوژراون و لە ماوەی کەمتر لە مانگێکدا بە دانانەوەی بۆمب هەوڵی کوشتنی ئەندامێکی حیزبی دیموکرات، بەناوی سەڵاح رەحمانی درا و لە رووداوەکەدا سەلاح رەحمانی و کوڕێکی بەناوی سەباح رەحمانی بریندار بوون، دوای چەند رۆژێک مانەوە لە نەخۆشخانەی سەباح کۆچی دوایی کرد. لە رووداوێکی هاوشێوەشدا فەرماندەیەکی هێزەکانی پێشمەرگە حیزبی دیموکرات بە ناوی قادر قادری لە ناوچەی بالیسان-چوارقوڕنە کوژرا.
حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران کۆماری ئێسلامی بە بکەرەی ئەم کردەوانە لەقەلەم دەدات، بەڵام تا ئیستا بەرپرسانی ئەمنی هەرێمی کوردستان لەم بارەیەوە لێدوانیان نەداوە.