بەغدا
بەیاننامەیەکی نوسینگەی رەوتی سەدر کە کۆپیەکی دەست AA کەوتووە، موقتەدا سەدری سەرۆکی رەوتەکەیان لە وەڵامی پرسیاری یەکێ لە ھەوادارانی لەبارەی ئەوەی کە ئێستا مالکی نێوانگیری لەنێوان مەرجەعە ئایینیەکان و ئێران دەکا بۆئەوەی سەدر رازی بکرێ پشتگیری ویلایەتێکی دیکەی سەرۆکایەتی ئەو بکا، سەدر گوتوویەتی: "رەوشی ئێستا ئەوەمان پیشاند ئەدات کە بەردەوامی نوری مالکی لە کارەکەی بێ پشتگیری رەوتی سەدری نابێ، بەڵام ئەو پشتگیرییە لە ئەجێندای ئێمەدا نیە."
سەدر ھەروەھا ئاشکراشیکرد کۆماری ئیسلامی ئێران بەرێگەی یەکێ لە بەرپرسە باڵاکانی پێی ڕاگەیاندووە کە ئێران و زۆربەی مەرجەعە ئایینیەکان پشگیری ئەوە ناکەن مالکی بۆ جاری سێییەم ببێتەوە سەرۆک وەزیرانی عێراق و بەشداری لە کارێکی وان اکەن و تەنیا قسەشی لێناکەن و گوتی: "من ئامۆژگاریەکم بۆ مالکی ھەیە ئەویش ئەوەیە کە خولی سێیەمی سەرۆکایەتی وەزیران بۆ کەسێکی تر جێ بھێڵێ."
لەلایەکی دیکە فەرماندیەکی سوپای مەھدی باڵی سەربازی رەوتی سەدر لە لێدوانێکدا بۆ AA ئاشکرایکرد دوای نیوەڕۆی دوێنێ ٣٠ تشرینی دووەم لە دەڤەری شوعلەی باکووری رۆژئاوای بەغدا شەڕ و پێکدادان لەنێوان سوپای مەھدی و چەکدارانی رێکخراوی عەسائب ئەھلولحەق بەسەرۆکایەتی قەیس خەزعەلی دروستبوو و لە ئاکامدا چەکدارێکی عەسائب ئەھلولحەق کوژرا و چوار کەسی دیکە لە ھەردوولا برینداربوون.
بەمەبەستی کۆنترۆڵکردن و وەستاندنی ئەو پێکدادانە ھێزەکانی سوپا گەیشتنە دەڤەرەکە کە تەنیا لەو رۆژەدا سێ جار شەڕ لەنێوان ئەو دوو میلیشیا شیعەیە دروستبوو و لە ھەندێ شوێن پێکدادان تا درەنگانێک بەردەوامبوو.
لەگەڵ کشانەوەی ھێزەکانی ئەمەریکی لە ساڵی ٢٠١٠ لە عێراق، بە فەرمانی موقتەدا سەدر ھەموو چالاکیەکانی سوپای مەھدی راگیران، بەڵام چەند رۆژێکە ئەو سوپایە دەستی بە چالاکیەکانی خۆی کرۆدتەوە. ئەم دەستپێکردنەوەیەش دوای ئەوە دێ کە کۆبوونەوەیەکیان لەگەڵ فەرماندارانی سوپای عێراقی بۆ بەرگریکرن لە ھاوڵاتیان ئەنجامدا کە لەم دواییانە لە ژمارەیەک پارێزگای عێراق و بەتایبەت بەغدا کوشتن لەسەر ناسنامە و دۆزینەوەی تەرمی ژمارەیەکی زۆری خەڵک کە ناسنامەیان دیارنیە بڵاوبۆتەوە کە تەنیا لە دوو رۆژی رابردوو ٤٦ لاشەی بێ ناسنامە لە دەڤەرە جیاجیاکانی بەغدا دۆزرانەوە.
ھەروەھا عەئاسب ئەھلولحەق رێکخراوێکی چەکدارە و بانگەشەی ئەوە دەکەن کە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە پشتگیریی دەکرێن و چالاکی کوشتن لەسەر ناسنامە و پرۆسەی راکواستن و ھەڕەشەکردن لە ژمارەیەک پارێزگەی عێراق ئەنجام ئەدەن. ئەم رێکخراوە دووساڵ لەمەوبەر لە رەوتی سەدر جیابۆتەوە و لەلایەن قەیس خەزعەلی سەرۆکایەتی دەکرێ.