بەرلین
شاژنی بەریتانیا ئێلیزابێتی دووەم سەردانی وڵاتی ئەڵمانیای كردووە لەگەڵ سەركۆماری ئەو وڵاتە یواخیم گاوک و راوێژكاری باڵای ئەڵمانیا ئەنجێلا مێركل كۆبوونەوە.
ئێلیزابێتی دووەم لە چوارچێوەی گەشتێكی سێ رۆژەیدا بۆ وڵاتی ئەڵمانیا سەرەتا لە كۆشكی بەلەڤیوی بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا لەگەڵ سەركۆماری ئەو وڵاتە یواخیم گاوک كۆبوونەوە. شاژنی ئێلیزابێتی دووەم دوای واژۆكردنی تیانووسی سەركۆماری لە باغچەی كۆشكەكەدا بەشدای لە مەڕاسیمێكی سەربازیی كرد.
سەركۆماری ئەلمانیا یواخیم گاوک تابلۆیەكی نیگاركێشی بەناوبانگی جیھانی نیكۆلا لێدێنفرۆستی بەدیاری پێشكەشی شاژنی بەریتانیا ئێلیزابێتی دووەم كرد. دوای ماوەك لە كۆبوونەوە ئێلیزابێتی دووەم و یواخیم گاوک بە بەلەم گەشتێكیان بە نێو رووباری سپری ئەنجامدا.
ھاووڵاتیانی ئەو شارە لە كەنار دەریاكەو زۆر بە گەرمی پێشوازیان لە سەردانەكەی ئێلیزابێتی دووەم كرد ئەویش وەڵامی پێشوازییە گەرمەكەی ھاووڵاتیانی دەدایەوە. لە كاتی گەشتەكەدا ئاڵای بەڕیتانیا بە سەر پردێكدا ھەڵواسرا كە بەلەمەكە بە ژێریدا تێدەپەڕی.
لە چوارچێوەی گەشتەكەیدا شاژن ئێلیزابێتی دووەم لە كۆشكی سەرۆكوەزیرانی ئەڵمانیادا لەگەڵ راوێژكاری باڵای ئەڵمانیا ئەنجێلا مێركل كۆبوونەوە.
بڕیارە ئێلیزابێتی دووەم بەیانی بچێتە شاری فڕانكفۆرت و دواتر بگەڕێتەوە بۆ بەرلین و لەوێ كۆتایی بە گەشتەكەی بھێنێت.