ھەولێر - حەمید حوسێن
شاندێکی پارتی دیموکراتی گەلان(ھەدەپە) لێکۆڵینەوەیان لە ناوچەی زەرگەلی ئەنجام دا.
شاندێکی ھەدەپە کە پێکھاتبوو لە پەرلەمانتاران، عوسمان بایدەمیر، قەدری یڵدرم، ھودا کایا سەردانی ناوچەی زەرگەلی نزیک چیای قەندیلیان کرد.
ھاوکات شاندەکە لەلایەن گرووپێک لە چەکدارانی پەکەکە و خەڵکی ناوچەکە پێشوازی لێکران. لە پاڵ ئەمەشدا بەشێک لە بەرپرسانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش ئامادە بوون.
شاندەکە لێکۆڵینەوەی لە چەند خانووێکی ناوچەکە کرد کە دەنگۆی ئەوە ھەبوو لە ئۆپەراسیۆنەکانی ئاسمانی تورکیا بۆردومان کرابێت.
بایدەمیر گوتارێکی پێشکەش کرد و رایگەیاند کە تەنھا خەڵکی سڤیل لە ناوچەی زەرگەلی دەژیت و ھاوکات ھیچ کەمپێکی سەربازی لە ناوچەکەدا بوونی نییە.
ناوبراو ئاماژەی بەوە دا کە ھێرشەکان بە ئەنقەست ئەنجام دراون. بایدەمیر راشیگەیاند کە ئەوان وەک ھەدەپە لێکۆڵینەوەی خۆیان لەبارەی رووداوەکە قووڵتر دەکەن.
بایدەمیر ؛ە کۆتاییدا گوتیشی: "لەبارەی رووداوەکە پێویستە سکاڵا لەسەر بەرپرسان پێشکەش بکرێت. ئێمە ھەوڵی خۆمان دەدەین بۆ ئەوەی بەرپرسیارانی رووداوەکە لە دادگای تاوانەکانی کۆکوژی و مافەکانی مرۆڤ لەسەر ئاستی تورکیا و نێودەوڵەتی سزا بدرێن".
جێگەی باسە شاندی ھەدەپە لە دوای سەردانیکردنیان بۆ ناوچەی زەرگەلی بەرەو شاری سلێمانی بەڕێکەوتن.