Sarmand Hameed
21 نیسان 2021•نوێکردنەوە: 21 نیسان 2021
هەولێر - AA
سەرکۆماری عێراق، بەرهەم ئەحمەد ساڵح جەختیکردەوە لەسەر پێویستی خستنەگەڕی هەوڵی زیاتری ھەرێمایەتیی و نێودەوڵەتیی بۆ ریشەکێشکردنی تیرۆر و کەمکردنەوەی ئەو گرژییانەی کە کاریگەری خراپ دەکەنە سەر دەرفەتی گەشەدان و خۆشگوزەرانی بۆ گەلانی ناوچەکە و گرنگی کاری هاوبەش و تێپەڕاندنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە کە ئەمرۆ چوارشەممە ٢٠٢١/٤/٢١ بەرهەم ساڵح لە کۆشکی سەلام لە بەغدا پێشوازیی لە باڵیۆزی رووسیا لە عێراق، ماکسیم ماکسیمۆڤ کردووە کە بەبۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی سەردانی سەرکۆماری کردووە.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە لە میانی دیدارەکەدا گفتوگۆکراوە لەبارەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات و چۆنییەتی پەرەپێدان و فراوانکردنی ئاسۆی هاریکاری و کاری هاوبەش لە بوارە جیاجیاکاندا، بەجۆرێک خزمەت بە بەرژەوەندییە ھاوبەشەکانی هەردوو وڵات بکات، هەروەها پێشهاتەکانی ناوچەکە و نێودەوڵەتییەکانی جێی بایەخی هەردوولا خرایە روو و جەختیشکرایەوە لە پابەندبوون بە دیالۆگ بۆ پتەوکردنی ئاشتی و ئاسایش لە ناوچەکەدا.
ھەر لە دیدارەکەدا سەرکۆماری عێراق جەختیکردەوە لەسەر پێویستی خستنەگەڕی هەوڵی زیاتری ھەرێمایەتیی و نێودەوڵەتیی بۆ ریشەکێشکردنی تیرۆر و کەمکردنەوەی ئەو گرژییانەی کە کاریگەری خراپ دەکەنە سەر دەرفەتی گەشەدان و خۆشگوزەرانی بۆ گەلانی ناوچەکە و گرنگی کاری هاوبەش و تێپەڕاندنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان، ھاوکات دووپاتیکردەوە لەوەی کە عێراق ببێتە جەمسەرێک بۆ بەهێزکردنی ئاسایش و ئارامی لە ناوچەکەدا.
لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا بەرهەم ساڵح ستایشی هەوڵەکانی باڵیۆزی رووسیای کردووە لە ماوەی ئەرکەکەی لە عێراقدا کە بەشێوەیەکی باش کاریکردووە بۆ پەرەپێدان بە پەیوەندییەکانی نیوان هەردوو وڵات و هیوای سەرکەوتنیشی بۆ خواست لە ئەرکەکانی داهاتوویدا.
لەلای خۆیەوە باڵیۆزی رووسیا پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ سەقامگیری و بەهێزکردنی سەروەری عێراق و خواستی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی لە تەواوی بوارەکان لەگەڵ عێراقدا دوپاتکردووەتەوە.