Zana Natık Kerem
12 شوبات 2017•نوێکردنەوە: 13 شوبات 2017
بەغدا ــ AA
دوای رووبەڕووبوونەوەكەی دوێنێی نێوان خۆپیشاندەرانی لایەنگرانی سەدر و هێزەكانی ئەمنی لە ناوەڕاستی بەغدا كە بەهۆیەوە ژمارەیەك کەس لە هەردوولا كوژران و بریندار بوون، سەركۆماری عێراق، فوئاد مەعسوم لە بەیاننامەیەكدا داوای كرد هەموو لایەك رەوشەكە هێور بكەنەوە و دان بەخۆیاندا بگرن.
دوێنێ هێزەكانی لەناوبردنی توندوتیژی لە گۆڕەپانی تەحریر ناوەڕاستی بەغدا، بەبۆمبی فرمێسكڕێژ رووبەڕووی خۆپێشاندەران بوونەوە و هەوڵی رێگری كردنییان لە خۆپێشاندەران کرد بۆ ئەوەی نەگەنە پردی كۆماری لە بەغدا كە بەهۆی ئەو رووبەڕووبوونەوەیە، پۆلیسێك و چوار خۆپیشاندەر كوژران و ٣٢٠ خۆپیشاندەریش بریندار بوون.
فوئاد مەعسوم رایگەیاندووە "داوا لە رۆڵەكانی عێراق دەكەین بەتایبەتیش خۆپیشاندەران كە پابەندی یاسا بن و رەوشەكە هێور بكەنەوە و دان بەخۆیاندا بگرن".
سەركۆماری عێراق داواشی لە خۆپیشاندەران كردووە كە بەهیچ شێوەیەك هێرش نەكەنە سەر بەرپرس و فەرمانبەران و بارەگا و موڵكی كۆمیسیۆنی باڵاێ سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان.
فوئاد مەعسوم داواشی لە دەسەڵاتدارانی ئەمنی كردووە كە بەپەلە لە رووداوەكەی دوێنێ بكۆڵنەوە و كەمتەرخەمەکان سزا بدەن و هەروەها داواشی لە ئەنجوومەنی نوێنەران كردووە كە داواكارییەكانی خۆپیشاندەران بەگرنگ وەر بگرێت.
لە كۆتاییدا سەركۆماری عێراق وەك دڵنیاییەک بۆ خۆپیشاندەران رایگەیاندووە "سەرۆكایەتی كۆمار رەشنووسی یاسایەكی نوێی بۆ هەڵبژاردنەكان ئامادە كردووە و تەنانەت لەگەڵ زۆربەی فراكسیۆنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەران گفتوگۆی لەسەر كراوە و هیوا دەخوازین ئەنجوومەنی نوێنەران لە زووترین كاتدا دوای تاوتوێكردن و دیراسەكردنی، یاسا نوێیەكە پەسەند بكات".
لای خۆیەوە سەركردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر بێ بەری خۆی لە بەرامبەر هەر خۆپیشاندەرێك راگەیاند كە كردەی توندتیژی یان تێكدەرانە ئەنجام بدات.
لە روونكردنەوەیەكدا كە لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر بڵاوی كردووەتەوە موقتەدا سەدر گوتوویەتی: "هەر كەسێك لە شۆڕشگێرانی سەربە ئێمە یان غەیرە ئاوان لەمیانی خۆپیشاندانەكان، كردەی توندوتیژی یان تێكدەرانە ئەنجام بدات و ئاسایشی بەغدا و بستێك لە خاكی نیشتمانی بشڵەژێنێت ئەوە من بێبەریم لێی".
هەر دوێنێ سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، سەلیم جبووری لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندبوو كە ئەوان سەرجەم داواكارییەكانی خۆپیشاندەران بەپێی دەستوور و چاكسازییەكان بەگرنگ وەردەگرن.