تاران
سەرۆکوەزیرانی سوریا وائیل ئەلحەلقی بە سەردانێکی رەسمی گەیشتە تارانی پایتەختی ئێران و لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە کۆ بووەوە.
حەلقی دوێنێ ھەینی گەیشتە تاران و لەلایەن سەرکۆماری ئێران حەسەن رۆحانییەوە پێشوازی لێکرا.
سەرۆکایەتیی کۆماری ئێران لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، رۆحانی پیرۆزبایی لە سوریا کردوە بە ھۆی خۆڕاگریی لەبەردەم فشارە ناوخۆیی و دەرەکیەکاندا.
رۆحانی لە راگەیەنەراوەکەدا دەڵێ "گروپە تیرۆریستیەکانی ناوچەکە و دەەرەوەی ناوچەکە ئەمڕۆ لە سوریا کۆبوونەتەوە. ئەو تیرۆریزم و توندرەوییە نەک تەنیا بۆ گەلانی ناوچەکە، بەڵکو بۆ ھەموو جیھان مەترسییەکی گەورەیە. بۆیە ھەموو وڵاتانی جیھان دەبێ ھەوڵی بەگژاچوونەوەی بدەن."
سەرکۆماری ئێران جەخت لەوە دەکا ئێران ھەوڵی تەواو دەدا بۆ ئەوەی لە دژی سوریا شەڕ روو نەدا.
رۆحانی ئاماژە بەوە دا کە دەسەڵاتدارانی سوریا دەرفەتی لێکۆڵینەوە لە چەکی کیمیایی وڵاتەکەیان بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دا و گوتی "سوریا کارێکی ژیرانەی کرد و بیانویەکی شەری لابرد."
ھەروەھا گوتی "ئێران و سوریا دۆست و بران. ھیوادارین پەیوەندیەکانمان بەرەوپێش ببەین."
سەرۆکوەزیرانی سوریا وائیل حەلقی سڵاوی سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەدی بە رۆحانی گەیاند و پیرۆزبایی رێکەوتنامە ئەتۆمیەکەی جنێڤی لە تاران کرد و بە سەرکەوتنێکی مێژوویی ناو برد.
حەلقی لەگەڵ سەرۆک پەرلەمانی ئێران عەلی لاریجانی و وەزیری دەرەوەی ئێران محەمەد جەواد زەڕیفیش کۆبوویەوە، بەڵام ئەو کۆبوونەوانە داخراو بوون و ھیچ زانیاریەک لەبارەیانەوە بە رۆژنامەنووسان نەدرا.