Azat Muhamet
25 تشرینی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 25 تشرینی یەکەم 2017
هەولێر – AA
گوتەبێژى حکوومەتى هەرێمى کوردستان، سەفین دزەیی رایگەیاند "ئەو دۆخەى ئێستا رووبەڕووى هەرێمى کوردستان بووەتەوە، تەنها ریفراندۆم هۆکار نییە، بەڵکو کۆمەڵێک هۆکارى دیکەى لە پشتە و پیلانى دەرەکیشى لەگەڵدایە، بابەتەکە زۆر گەورەترە لە سیاسەتى ناوچەکە، بەڵام ئەنجامدانى ریفراندۆم کراوەتە پاساوى دروستکردنى ئەم دۆخە".
گوتەبێژى حکوومەتى هەرێمى کوردستان، سەفین دزەیی لە لێدوانێکى بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "لە چوارچێوەى دەستپێشخەرى وڵاتان بۆ دروستکردنى کەشێکى ئارام بۆ دەستپێکردنەوەى گفتوگۆى ئاشتیانەى نێوان هەرێمى کوردستان و عێراق، حکوومەتى هەرێمى کوردستان پێشنیازى سڕکردنى ئەنجامى ریفراندۆمى راگەیاند و لە ئێستاشدا چاوەڕوان دەکەین حکوومەتى عێراق وەڵامدانەوەى هەبێت و هەم ئاگربەست رابگەیەنێت و هەمیش دیالۆگى جددى دەست پێ بکات".
سەفین دزەیی گوتیشى: "ئەو هێرشەى کەوتووەتە سەر هەرێمى کوردستان، پەیوەندى بە ئەنجامدانى ریفراندۆمى هەرێمى کوردستانەوە نییە، ریفراندۆم ئەنجامیش نەدرابا، هەر بەو دۆخە دەگەیشتین، چونکە ئەم گرژییەى لە ناوچەکە دروستبووە، بڕیارى رۆژێک یان دوو رۆژ پێش ئێستا نییە، بەڵکو بەرنامەى دروستکردنى دەروازەیەکى وشکانى لە ئێرانەوە بەرەو سووریا لەگەڵ هەرێمى کوردستان بۆ ساڵى نەوەدەکان دەگەڕێتەوە، بەڵام پێدەچێت خەڵکانێک هەبن بە ئەنجامدانى ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی هەرێمى کوردستان نائارام بن، ریفراندۆمى هەرێمى کوردستانیان کردووەتە پاساو ئەوەى کارەکانیان ئەنجام بدەن و گرژى دروست بکەن".
گوتەبێژى حکوومەتى هەرێمى کوردستان دەڵێت "هیچ کاتێک دیاری نەکراوە بۆ کۆتاییهێنان بە سڕکردنى ئەنجامى ریفراندۆم، بەڵکو ئەو دەستپێشخەرییەمان بۆ ئەوە بووە کە هیچ پاساوێک بۆ لایەنى بەرامبەر نەمێنێت و بیسەلمێنین کە هەرێمى کوردستان ئامادەیی تەواوى بۆ دەستپێکردنەوەى گفتوگۆى تێدایە".
لەبارەى هەڵوێستى کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى دواى سڕکردنى ئەنجامى ریفراندۆم، سەفین دزەیی گوتى: "ئەوەى کە پێشتریش لایەنە سەرەکییەکان جا چ ئەمریکا یان ئەورووپا یانیش نەتەوەیەکگرتووەکان بێت چاوەڕوانى دەکرد دەستپێشخەرییەک لە لایەن حکوومەتى هەرێمى کوردستان هەبێت و بڵێن ئەمە دەستپێشخەریەکی باشە، چاوەڕانیش دەکرێت بەغدا بە دەنگ ئەم دەستپێشخەرییەوە بێت".
گوتەبێژى حکوومەتى هەرێم ئاماژە بە بەردەوامى پەیوەندى هەرێمى کوردستان لەگەڵ عێراق، تورکیا و ئێران دەدات و دەڵێت "لەو دۆخەى کە دروست بووە پەیوەندى بەردەوام هەبووە لە نێوان هەرێم، عێراق، تورکیا و ئێران. هەوڵیشدراوە بۆ ئاساییکردنەوەى دۆخەکە، بەڵام پێدەچوو رەوشەکە لەبار نەبووبێت، هیوادارین لە ئەمڕۆ بەدواوە رەوشەکە زیاتر گونجاو بێت".