Hemin Hüseyin
01 شوبات 2017•نوێکردنەوە: 02 شوبات 2017
هەولێر-AA
گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەفین دزەیی لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو سەبارەت بەکردنەوەی نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەنقەرە، ئاماژەی بەوە کرد کە تورکیا رەزامەندی دەربڕیووە بۆ کردنەوەی نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەنقەرە بەڵام بارودۆخی دارایی بووەتە رێگر لەبەردەم کردنەوەی ئەو نوێنەرایەتییە.
گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەیشی ئاشکرا کرد کە کۆماری تورکیا ماوەی شەش مانگ دەبێت رەزامەندی نیشانداوە لەسەر کردنەوەی نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەنقەرە بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە بڕیارەکە راگیراوە و گوتی: "کردنەوەی نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەنقەرە لە کاتێکدابوو کە تورکیا زۆر بەگەرمیی سەیری ئەو پێشنیازەی ئێمەی نەدەکرد بەڵام بەرلە شەش مانگ، تورکیا رەزامەندی دەربڕی بەکردنەوەی نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەنقەرە، بەڵام بەهۆی ئەو بارودۆخە داراییەی کە لە هەرێمی کوردستان هەیە نەتوانراوە نوێنەرایەتییەکە بکرێتەوە، بەڵام بەگشتی بڕیاری کردنەوەی نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێم لە ئەنقەرە هەیە و تا ئێستاش کاتەکەی دیارینەکراوە".
گوتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، سەفین دزەیی سەبارەت بەساڵیادی کارەساتی یەکی شوبات رایگەیاند کە کارەساتی یەکی شوبات چەندین سەرکردە و ھاووڵاتیی تێدا بوون بەقوربانی و ئەو کارەساتە ھەرگیز لە بیر ناکرێت و حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش ھەرچی لەدەستی بێت دەیکات بۆ باشترکردنی گوزەران و خزمەتکردنی کەسوکاری شەھیدان.
سەفین دزەیی گوتیشی: "ئەوە دیرۆکێکی پڕ لە خەبات و قوربانیدانە و یادێکی تاڵە بەڵام ئەو جۆرە قوربایندانانە بوون کە ئەمڕۆیان دروست کرد و هەموو ئەو دەستکەوتانەش لەسایەی خەباتی پێشمەرگە بەدەستهاتوون و هەمیشەش یادی شەهیدان دەکرێتەوە".