چیای شنگال - شوان سدیق
كەسانی بیانی و رێبواران ببینن، بەكۆمەڵ روویان تێدەكەن، وادەزانن هاوكاریان بۆ هێناون، بەشی زۆری منداڵەكان بە پێی پەتی و بێ پێڵاو هاتووچۆ دەكەن، رەنگی پێستی منداڵ و ژنان لەسەر چیاكە تێكەڵ بەرەنگی جلوبەرگەكانیان بووە، رەش و بۆر دەنووێنێت.
ئەوان چاویان لە هاوكارییە كاتێك پرسیاریان لێ دەكەیت، چیتان پێویستە دەڵێن "هەر مەپرسە جا چیمان هەیە هەمووشتێكمان دەوێت".
چیرۆكی شنگالییەكان لە چیادا، بێ كۆتاییە ئەوان بەشی زۆریان لە دوای سێی هەشتی ٢٠١٤وە، بەهۆی هاتنی چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام ناسراو بە "داعش" بۆ سنوورەكەیان، هانایان بۆ چیای شنگال هێناوە.
چیای شنگال ناحیەی سنوونێ و شاری شنگال لێك جیادەكاتەوە، چیاكە هێندە بەرزە بەڕووی ناوچەكەدا دەڕوانێت، كاتێك چەكدارانی داعش سنووری شنگالیان كۆنتڕۆڵ كرد بەهۆی بەرگری ئێزدییەكان و سەختی چیاكە، چەكدارەكان، نەیانتوانی وەك ناوچەكانی تری شنگال چیاكە كۆنتڕۆڵ بكەن.
بەشار میرزای 35 ساڵ لەگەڵ خێزانەكەی و چەند كەسێكی تر كەپریان چاكدەكرد دوای دەست هەڵگرتن لە كارەكەی بە پەیامنێری ئانادۆڵوی راگەیاند "ژیانێكی ناخۆشمان هەیە ئەوە بۆ پێنج مانگە لەسەر ئەم چیایەن، شەو و رۆژی خراپ بەڕێدەكەین، نازانین داهاتوومان چی دەبێت، رزگارمان دەبێت، یان هەروا لە خراپیدا دەبین".
ئەو كە خاوەنی سێ كوڕە، زیاتر باسی لە ژیانیان دەكرد و گوتی: "پێویستمان بە هاوكاریە خواردنمان خراپە شوێنی نیشتەجێبونمان زۆر خراپە كە زستان هات دۆعامان دەكرد هاوین بێت، ئێستاش كە نزیك دەبینەوە لە هاوین، دۆعا دەكەین، هاوینێكی گەرم نەبێت، یان خەڵكی خێرخواز و لایەنی پەیوەندار بێن بەهانامانەوە پێداویستی هاوینمان بۆ دابین بكەن، چونكە لە ژێر كەپر ژیانمان ناخۆشە منداڵەكانمان تووشی جۆرەها نەخۆشی دەبن".
داواكاری هاووڵاتییانی ئێزدی لەسەر چیای شنگال زیاتر هاوكاریكردنیانە لە دابینكردنی خزمەتگوزاری و پێداویستیەكانی دیكەی ژیان، هەرچەندە خیوەتیان پێدراوە، بەشێكیشیان لەناو كەپردان، بەڵام ئەوە نەبووتە هۆی ئەوەی ئێزدییەكان، لە مەینەتی رزگاریان بێت.
بەشار میرزا دەڵێت: "پێشتر پەكەكە و حكوومەتی هەرێمیش هاوكاریان كردووین، بەڵام ئەو هاوكاریانە دەربازی نەكردووین لەناخۆشی، ئێمە دەمانەوێت بگەڕێینەوە بۆ شوێنی خۆمان، ئەگەر ناتوانین بگەڕێینەوە داواكارین، خواردن و ئاو ئامێری فێنكەرەوەمان بۆ دابین بكرێت".
كەشوهەوای سەرچیای شنگال لەوەرزی زستان، هەوایەكی وشك و ساردی هەیە لە هاوینیشدا ئاسمانی هەور و هەوایەكی گەرمی هەیە لەگەڵ ئەوەش چیاكە بێ ئاوە، ئەمەش ژیانی ئێزدییەكانی سەرچیاكەی سەختركردوە".
دانیشتوانی چیاكە بۆ پەیداكردنی ئاو سوود لە بیر وەردەگرن، ئەمەش ژیانی ئافرەتانی قورستر كردووە، بەسەتڵ لەسەر شان ئاو دەگوازنەوە، بۆ خواردن و خۆشۆرین و جلو بەرگ.
بەسیە یوسف ئافرەتێكی تەمەن 19 ساڵەو زوو چووەتە ناو پرۆسەی هاوسەرگیری و منداڵێكی هەیە ئەو لە بەردەم یەكێك لە بیرەكانی ئاو سەرقاڵی جل و بەرگ شۆرین و فەرش بوو كاتی پرسیاری گوزەرانمان لێ كرد بە كورتی وتی "خراپە".
بەسیە باسی لە خراپیەكانی ژیانیان دەكرد و گوتی: "پێشر لە شنگال ژیانێكی ئاساییمان هەبوو راستە لەوێش نەبووین بووین، بەڵام كە ئەم رووداوەمان بەسەرداهات و روومان لە چیا كرد خراپی شنگالمان بیرچووە، لێرە هەر دەقەیەك ئاوات بەمردنی خۆمان دەخوازین، ژیان نییە داوا دەكەین، هاوكاری بكرێین، ئەوەی بێتە ئێرە دەزانێت چی پێویست بێت بۆ مرۆڤ ئێمە دەمانەوێت".
بەسیە گوتیشی: "ژنان و منداڵ جلوبەرگیان دەوێت، بەشی زۆری خەڵك پارەیان پێ نییە هاوكاریمان كراوە، بەڵام ئەو هاوكارییانە پێداویستیەكانی ئێمە و كێشەكانمانی چارەسەرنەكردوە".
لە سەرچیای شنگال، ژمارەیەكی زۆر هاووڵاتی ئێزدی دەبینرێن، كەزیاتر لە دوو هەزار مەزندە دەكرێن، بەر لە چوار مانگ ژمارەیان زیاتر بوو بەڵام دوای كردنەوەی رێگای ناحیەی سنوونێ ئەو هاوڵاتییانە بەشێكیان گەڕانەوە بۆ ناوچە ئازاد كراوەكانی سنوونێ و مەزارگەی شەرەفەدین، ئەو بەشەكەی تریشیان كەماونەتەوە، زۆربەیان دانیشتووی شاری شنگال و دەوروبەرینی كە ئێستا داعشی تێدا باڵا دەستە.
هاوكاریەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و پەكەكە و رێكخراوە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەكانی هەرێمی دیارە لەسەر چیاكەش بنكەی تەندورستیشیان بۆ كراوەتەوە.
لەسەر ئەو چیایە ئەوەی جێی سەرنجە دانانی دووكانێكە لەلایەن نەواف حوسێنی 19 ساڵ ئەو كوڕە گەنجە چەند مانگێكە دوكانی خواردەمەنی داناوە، شت و مەكانیشی نرخیان هەرزانە، لەچاو ئەو ناوچە دوورە، چونكە نەواف لە زاخۆ و شوێنە ئارامەكانی ژێر دەسەڵاتی هەرێمی كوردستان، پێداویستیەكانی دووكانەكەی دەكڕێت.
نەواف بۆ ئانادۆڵو گوتی: "پێشتر لێرە هیچ شتێكی منداڵان و شیرینەمەنی و خۆراكێك نەبوو بیرمان لە دانانی ئەم دووكانە كردەوە، رۆژانە خەڵكێكی كەم روومان تێدەكەن، لەچاو ئەو خەڵكەی زۆرەی لێرەن، چونكە ئەوان پارەیان پێ نییە".
ئەو گەنجە دووكاندارە گوتیشی: "بەشی زۆری كرێكارەكان، منداڵن، خەڵكیش دێن بەقەرز شتیان دەدەینێ و نرخی شتەكانیش لە چاو زۆری كرێی هاتووچۆ هەرزانن، لەبەر ئەوەی خەڵك لەسەر ئەم چیایە پارەی پێ نییە".
یەكێك لەو كێشانەی كەماوەیەكی تر رووبەڕووی دانیشتوانی ئەم چیایە دەبێتەوە، كەمی ئاو و نەبوونی شوێنی گونجاوە بۆ مانەوە و ئامێری فێنكەرەوەیە.
خەڵكەكەش زۆر جەختیان لەسەر ئەوە دەكردەوە، كە پێویستە بەر لە هاتنی وەرزی هاوین، حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق و رێكخراوە خێرخوازییەكان بەهانایانەوە بێن.