سلێمانی
رۆژی شەممەی رابردوو زەمین لەرزەیەكی بەهێز وڵاتی نیپالی هەژاند، بەو هۆیەوە جگە لە كەوتنەوەی زیانی مادی گەورە زیاتر لە شەش هەزار كەس گیانیان لەدەستداوە و هەزارانی دیكەش بریندار بوون، جگە لە مانەوەی ژمارەیەكی زیاتر لە ژێر دارو پەردووی خانووە روخاوەكاندا.
ئەو كارەساتە نیگەرانی و خەمباری لای ئەو سەدان كرێكارە نیپالییە دروست كردووە كە هاتونەتە هەرێمی كوردستان بۆ كاركردن، ئەوان بە جەستە لە هەرێمی كوردستانن و بە روح و گیان لە وڵاتەكەی خۆیانن و هۆش و خەیاڵیان لەلای كەسوكارەكانیان و چارەنووسیانە و ماتەمینی بە رووخساریانەوە دیارە.
تەنها لە شاری سلێمانی زیاتر لە هەزار كرێكاری نیپالی لە هەردوو رەگەز سەرقاڵی كاركردن و پەیداكردنی بژێوی ژیانی خۆیان و كەسوكارەكەیانن و مانگانە ئەو بڕە پارەیەی دەستیان دەكەوێت رەوانەی وڵاتەكەیانی دەكەنەوە .
ئێوارەی دوێنێ ئەو كرێكارە نیپالیانە لە باخی گشتی شاری سلێمانی كۆبوونەوە و سەرەڕای نیشاندانی ماتەمینی و خەمباری خۆیان بۆ قوربانیانی كارەساتەكە و ئەوەی زەمین لەرزەكە بەسەر وڵاتەكەیانی هێنا، دەستییان بە هەڵمەتێكی كۆمەك كۆكردنەوە بۆ هاوكاری منداڵان و رزگاربوانی كارەساتەكە دەستپێكرد.
سارا لامان كچێكی نیپالییە و ماوەی چەند ساڵێكە هاتۆتە شاری سلێمانی و كار دەكات، ئەو لە بارەی زەمین لەرزەكە و كەمپینەكەوە بۆ ئانادۆڵو دوا و گوتی: "ئەو زەمین لەرزەیەی وڵاتەكەمانی گرتەوە كارەساتێكی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا و زیانی گیانی و مادی زۆری لێكەوتۆتەوە".
سارا گوتی: "ئێمە لێرەوە جگە لە نیشاندانی ماتەمینی دەمانەوێت بە كۆكردنەوەی پارە و رەوانەكردنەوەی بۆ وڵاتەكەمان هاوكارییەكی وڵات و كەسوكارەكانمان بكەین".
توب بەهادور هاووڵاتییەكی دیكەی نیپالی تەمەن ٢٥ساڵانە و بۆ كاركردن ِووی لە شاری سلێمانی كردووە، ئەو بۆ ئانادۆڵو گوتی: "نزیكەی هەزار هاووڵاتی نیپاڵی لە سلێمانی كار دەكەین، وەك خۆم شەش ساڵە لێرەم".
بەهادور لە بارەی كەمپینەكەوە ئاماژەی كرد بەوەی ئەوان 40 كەسن كە سەرپەرشتی كەمپینەكە دەكەن و ئەو پارەیەی كۆی دەكەنەوە رەوانەی وڵاتەكەیانی دەكەنەوە بۆ كڕینی خۆراك و شیری منداڵان.لە كەمپینەكەدا تەنها نیپالییەكان خۆیان بەشدارییان نەكرد، بەڵكو بەشێك لە دانیشتوانی شاری سلێمانی و ئەو ئاوارانەش كە روویان لە شارەكە كردووە بەشداریان لە كەمپینەكە كرد.
نەزیر گاسۆ منداڵێكی تەمەن 13 ساڵانی ئاوارەی كوردی رۆژئاوایە و دوای بەشداریكردنی لە كەمپینەكە و بەخشینی بڕێك پارە بۆ ئانادۆڵو گوتی: "بەهۆی شەڕی رژێمی سووریاوە لەسەری كانییەوە ئاوارەی سلێمانی بووین، لەم باخچەیەدا ئاوی خواردنەوە دەفرۆشم، كاتێك لە رێی تەلەفزیۆنەوە كارەساتەكە و قوربانییەكانم بینی دڵم زۆر پێیان سووتا و هەوڵمدا بڕێك لە دەسكەوتی ئەمڕۆم ببەخشمە ئەو كەمپینە و هاوكاری قوربانیانی كارەساتەكە بكەم".
لە هەرێمی كوردستان 25 هەزار كرێكاری بیانی هەیەو لە وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتی هەرێمی كوردستان ناویان تۆمار كراوە، بەشێكی ئەو كرێكارانەش لە وڵاتی نیپالەوە هاتون.