قودس
سەرۆکی ئیسرائیل شیمۆن پێرێز گوتی: "ھەموو لایەک دەزانێ، بۆ ئەوەی لە ئاشتی نزیک ببینەوە دەبێ خاک بگێڕینەوە."
پێرێز لەمیانی بەشداریکردنی لەکردنەوەی حەوتەمین رێورەسمێکی کۆنفرانسی "غالیلۆ" لە پارێزگای تیبریا لەبارەی دانوستەکانی ئاشتی لەگەڵ لایەنی فەڵەستینی قسەی کرد.
لە قسەکانیدا پێرێز بۆ یەکەمجار باسی لە گەڕاندنەوەی خاک و راگرتنی دروستکردنی نێشتەجێ جولەکەنشینەکان لە دیدارەکانی لەگەڵ لایەنی فەڵەستینیدا کرد و رایگەیاند ئیسڕائیل رووبەڕووی راستییە تازەکان و ھەلومەرجی نوێ بوەتەوە.
پێرێز گوتی: "سەرەتا ئیسرائیل ھێزێکی گەورەی ستراتیژییە، ئەمریکا و کۆمکاری عەرەبی ئەوەی بەخەیاڵمان نەدەھات لە ساڵانی رابردوو پێشنیازیان بۆ ئێمە دەکرد، ئیسڕائیل رووبەڕووی راستیە تازەکان و ھەلومەرجی نوێ بوەتەوە، ئەمڕۆ دەزانین رێکەوتنی ئاشتی چەند گرنگە کە میسرو ئەردەن بە مەحاڵیان دەزانی، باوەڕم وایە ئیسڕائیل لەبەردەم ھەلی تازەدایە، ھەموو لایەک دەزانن بۆ نزیکبوونەوە لە ئاشتی دەبێ خاک بگەڕێنینەوە، ھیچ گفتوگۆیەک لەم بارەیەوە نیە، ئەگەر حکومەت بڕیاری راگرتنی دروستکردنی نێشتەجێ جولەکەنشینەکان لەو ناوچانە بدا، ئەوا ئێمەش پشتگیری لێ دەکەین."
پەیامێکی توند لە نەتانیاھۆوە
بەپێچەوانەی پێرێز سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بنیامین نەتانیاھۆ ھەڵوێستی توندی دەربڕی لەبارەی ئاھەنگێڕان بۆ ئازادکردنی بەندکراوە فەڵەستینیەکانی دوێنێ و گوتی: "پیاوکوژەکان پاڵەوان نین، ئاشتی تەنیا ئەوکاتە بەرقەرار دەبێ کە ھەوڵەکانی لەناوبردنی ئیسرائیل نەمێنن، کاتێ لە بەرژەوەندیەکان و پارێزی و ئاسایشی نەتەوەکەمان دڵنیا بووینەوە ئەو کات ئاشتی بەرقەرار دەبێ، کاتێ دڵنیا بووینەوە لە بەدەستھێنانی توانا بۆ رووبەڕووبوونەوەی ھەڕەشەکان، ئەو کات ئاشتی دێتە دی."
ژمارەیەکی زۆر سیاسەتمەدار و پەرلەمانتار وەزیران بەشداری کۆنفرانسەکەیان کرد، کۆنفرانسەکە دوو رۆژ دەخایەنێ.