وان
تابلۆی ´ھون بخێر ھاتن باژارێ وانێ´ بە زمانی کوردی لە دەروازەی سەرجەم پارێزگاکەدا ھەڵواسرا.
لە بەیاننامەیەکی شارەوانی واندا سەبارەت بە ھەڵواسینی تابلۆکان بەزمانی کوردی راگەیەنراوە، " بەھۆی زۆریی داواکاری خەڵک و گرنگیدان بەپرۆژەی (ژیاندنەوەی فرەزمانی) ھەستاین بە ھەڵواسینی تابلۆی ´ھون بخێر ھاتن باژارێ وانێ´ بە زمانی کوردی، کە لە پێنج دەروازەی پارێزگاکە ھەڵواسراون."
تابلۆکانیش لە دەروازەی بنکەکانی "ئۆزاڵب، گورپنار، ئێرجیش، چاتاک)ی سەر بە پارێزگای وان ھەڵواسراون، ئەو کارەش لە چوارچێوەی پرۆژەی (ژیاندنەوەی فرەزمانی) لە وان ساز کراوە.
درێژەی راگەیەنراوەکە:
"ئەو کارانە لەسەر داواکاری زۆرینەی خەڵکی پارێزگاکە ئەنجام دراون، شارەوانیەکەمان لەسەر ئەو کارانە بەردەوام دەبێ، دووبارەی دەکەینەوە کە لەسەر کارەکانمان بۆ فراوانکردنی زمانی کوردی لەسەرجەم بوارەکان بەردەوام دەبین، بەو بۆنەیەوە پیرۆزبایی لە گەلەکەمان دەکەین، ساڵی تازەیان پیرۆز."