لە ئەنجامی شەڕێکی چەکداری قورس لەنێوان چەکدارانی بزووتنەوەی تاڵیبان و ھێزەکانی سوپای ئەفغانستان لە ولایەتی فاریاب، ١٣ کەس کوژران و ١٥ دیکەش برینداربوون.
گوتەبێژی ھێزی ٢٠٩ سوپای ئەفغانستان محەمەد رەزا رەزا رایگەیاند لە شارۆچکەی ئاڵمار لە وڵایەتی فاریاب لە ناوچەی دەریاچەی رەش، کاتێک چەكدارانی تاڵیبان ئامادەکاری ھێرشێکی چەکداریان دەکرد، سوپای ئەو وڵاتە ھێرشێکی پێچەوانەی ئەنجامدا و پێکدادانێکی قوڕس لەنێوان ھەردوولادا روویدا.
رەزا، دەربارەی ژمارەی کوژراوەکان رایگەیاند کە ٧ چەکداری تاڵیبان و ٣ سەرباز و ٣ کەسی مەدەنی لەو شەڕ’دا گیانیان لەدەستداوە ١٥ کەس دیکەش لە ھەردوولا برینداربوونە. رەزا ھەروەھا ئاشکرایکرد لەو شەڕەدا فەرماندەیەکی گرنگی بزووتنەوەی تاڵیبانیش کوژراوە، ئەوانەی تریش جلی ژنانیان لەبەر کردووە و بۆ شوێنێکی دیکەی ناوچەکە ھەڵاتوون.
رەزا لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا رایگەیاند: ژمارەی چەکدارانی بزووتنەوەی تاڵیبان ١٠٠ کەس بووە و خۆیان بۆ ھێرشکردنە سەر شارۆچکەی ئاڵمار ئامادە دەکرد.
لە بەرامبەریشدا گوتەبێژی بزووتنەوەی تاڵیبان قاری یوسف ئەحمەد رایگەیاند لەو شەڕەدا ٢٣ سەربازی ئەفغانی کوژراون و ٣٥ دیکەش بریندارکراون، ھەروەھا چەکدارەکانیان ٨ ئۆتۆمبێلی سەربازیان سووتاندووە.
دەربارەی زیانەکانی تاڵیبانیش ئەو گوتەبێژە دەڵێ: "٢ چەکداریان گیانیان لەدەستداوە و ٣ی دیکەش برینداربوونە. ھەروەھا ١٣ کەسی مەدەنی کە خەڵکی ناوچەکەنە گیانیان لەدەستداوە."