سان سەباستیان
سەرۆکی شارەوانی دیاربەکر عوسمان بایدەمیر رایگەیاند: "پارتی ئاشتی و دیموکراسی داوای کوردستانێکی سەربەخۆ و یەکگرتوو ناکات."
عوسمان بایدەمیر لە میانی گۆتارێکی خۆی کە لە کۆنفرانسی نێودەوڵەتی سەپاندنی ئاشتی لە ھەرێمەکان لە شاری سان سەباستیانی ھەرێمی باسک لە باکووری ئیسپانیا پێشکەشکرد، گوتی: "بەدەپە تەنیا پارتی کوردییە کە خاوەن رێژەیەکی زۆری دەنگی خەڵکە و داوای سیستەمی فیدراڵی بۆ کورد دەکات و دەیەوێ کوردانی تورکیا، ئێران و سوریاش ببنە خاوەن کیانێکی فیدراڵی وەکو کوردانی عێراق."
سەبارەت بە دەوڵەتی سەربەخۆ و یەکگرتووی کوردیش بایدەمیر گوتی: "بەدەپە داوای دەوڵەتێکی یەکگرتوو و سەربەخۆی کوردی ناکات، بەدەپە پێی وایە تا کورد نەگاتە ماف و ئازادییەکانی خۆی، رۆژھەڵاتی ناوەڕاستیش ناگاتە ئاشتی و سەقامگیری و تا کورد نەگاتە ئازادی خۆی، دیموکراتیزەکردنی ئێران، سوریا، عێراق و تورکیا مومکێن نییە، ھەبوونی کورد لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست شانسێکی گەورەیە بۆ ئاشتی و ئارامی."
لەبارەی دەسەڵاتە خۆجێییەکانەوە بایدەمیر رایگەیاند: "دەسەڵاتی خۆجێییەکان بۆ گەیشتن بە ئاشتی و ئارامی فاکتەرێکی زۆر گرنگن و ئێمە توانیومانە لە چوارچێوەی دەسەڵاتی خۆجێییدا خەڵکی دەوڵەمەند و ھەژار لە یەک شوێندا کۆبکەینەوە و بەمجۆرە رێگامان لە زۆربوونی جیاوازی نێوان ئەو دوو چینەی کۆمەڵگە گرت."
سەرۆکی شارەوانی دیاربەکر لە بارەی ھەڵوەشاندنەوەی قەدەغەی سەر پیتە تایبەتییەکانی ئەلف و بێ کوردی رایگەیاند: "ئەوەی کە گەل دەکاتە گەل و کلتووری دەکاتە کلتوور زمانی ئەو گەلەیە، کوردی زمانی قەدەغەکرابوو لە تورکیا، ئەو فیستیڤاڵانەی کە لە چوارچێوەی دەسەڵاتی خۆجێییەوە بە زمانی جیاواز رێکماندەخستن، وەک تاوان سەیر ئەکران و لێپرسینەوەیان لە سەر دەکرا، چەندین بەرپرسی دەسەڵاتی خۆجێیی بەبیانووی بەکار ھێنانی زمانی کوردی لە سەرکار لادران، بەڵام خۆڕاگری ئێمە بۆ گۆڕانی یاساکان وەک فاکتەرێکی گرنگ رۆڵی سەرەکی ھەبوو.
لە ئەلف و بێی کوردیدا سێ پیتی ق- خ - و ھەیە، لە ھەر کار و چالاکییەکدا کە ئەنجاممان داوە بە ھۆی بەکارھێنانی ئەو سێ پیتە رووبەرووی لێپرسینەوە و سزادان بووینەتەوە. ئایا ئازادکردنی بەکارھێنانی سێ پیتی ئەلف و بێی کوردی بۆ سەدەی بیست و یەکەم گۆڕانکارییەکی گرنگە؟ نا دەستکەوتێکی گرنگ نییە، بەڵام ھەڵوەشاندنەوەی قەدەغەیەکی ٨٠ ساڵە تۆزێک دڵخۆشکەرە، بێگۆمان ئەو گۆڕانکارییانەش لە خۆیانەوە روویان نەدا، ھیچ شتێک بەقەد ئەوە تراژیدی نیە کە لە سەدەی بیست و یەکەمدا خۆمان سەرقاڵی قەدەغە بوون یا قەدەغەنەبوونی پیتێک بکەین."
لە بارەی رۆڵی ئافرەتانیشەوە عوسمان بایدەمیر گوتی: "ژن لە نێو بەدەپە و کۆمەڵگەی کوردیدا خاوەن پێگەیەکی بەھێزە، تا ژن ئازاد نەبێ کۆمەڵگە ئازاد نابێ. ئێمە وەکو بەدەپە بۆ ھەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٤ سەدا ٥٠ کۆتامان بۆ ژن داناوە."