Zana Natık Kerem
05 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 08 ئەیلوول 2020
هەولێر ــ AA
راگەیەندرا كە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە میانی دانیشتنەكەی ئەمڕۆ شەممەدا، كۆتایی بە خوێندنەوە و تاوتوێكردنی راپۆرتی لیژنەی یاسایی سەبارەت بە فرەبازنەیی لە یاسای ھەڵبژاردنەكان هێناوە.
نووسینگەی راگەیاندنی ئەنجوومەنی نوێنەران لە راگەیەندراوێكدا بڵاوی كردەوە كە ئەنجوومەنی نوێنەران كۆتایی بە خوێندنەوە و تاوتوێكردنی راپۆرتی لیژنەی یاسایی سەبارەت بە فرەبازنەیی لە یاسای هەڵبژاردنەكاندا هێناوە.
لە راگەیەندراوەكەدا وردەكاری زیاتر لەوبارەوە نەخراوەتەڕوو.
لە لایەكی دیکەوە فراكسیۆنی هاوپەیمانی سائیرون لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند كە سیستەمی فرەبازنەیی لە هەڵبژاردنەكەدا، داواكاری جەماوەرە، چونكە مافی دەنگدەران لە سەرجەم پارێزگاكانی عێراق دەستەبەر دەكات.
لەمبارەیەوە ئەندامی فراكسیۆنی هاوپەیمانی سائیرون لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، سەلام شممەری لە لێدوانێكی رۆژنامەوانییدا گوتی: "سیستەمی فرەبازنەیی لە هەڵبژاردنەكاندا، داواكاریی جەماوەرە، بۆ ئەوەی مافی دەنگدەران لە سەرجەم قەزا و ناحییەكان لە پارێزگاكانی عێراق دەستەبەر بكرێت".
گوتیشی: "ژمارەیەك لە فراكسیۆنەكان دەیانەوێت پارێزگاكە لە یەك بازنەدا بێت، بەڵام ژمارەیەكی دیكە دەیانەوێت لەسەر قەزاكان بێت و ژمارەیەكی دیكەیش دەیانەوێت فرەبازنەیی بێت تا مافی دەنگدەران لە سەرجەم قەزا و ناحییەكان لە پارێزگاكانی عێراق دەستەبەر بكرێت".
لە میانی دانیشتنی ژمارە (1)ی ئاسایی وەرزی یەكەمی یاسادانان بۆ ساڵی سێیەم لە خولی چوارەمی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە سەرۆكایەتی محەمەد حەلبوسی و بە ئامادەبوونی 169 ئەندام كە ئەمڕۆ شەممە سازكرا، راپۆرتی لیژنەی یاسایی سەبارەت بە فرەبازنەیی لە یاسای ھەڵبژاردنەكاندا پێشكەش كرا.