چەند عەشیرەتێکی پارێزگای ئەنبار دەستیان بەسەر چەندین ناوچەی رومادی دا گرتووەو زۆرێک لە رێگە سەرەکییەکانیان داخستووە و رێنادەن یارمەتی و ئازووقە بگاتە ھێزی ئاسایشپارێزانی عێراق.
ئەو عەشیرەتانە رایانگەیاندووە زۆرێک لە ھێزەکانی ئاسایش و سوپایان دەستبەسەرکردووە، ئەوانەیش کە خۆیان نەداوە بەدەستەوە دوای پێکادان بە دیل گیراون، لەناویاندا چەندین ئەفسەری سوپای عێراقی ھەن.
عەشیرەتەکانی ئەنبار راشیانگەیاند: خەڵکی رومادی بەشێوەیەکی باش مامەڵەیان لەگەڵ گیراوان کردووە، دوای چارەسەرکردنیان بریندارانیشیان ناردۆتەوە شارەکانیان.
لەلایەکی دیکە چەند عەشیرەتێکی چەکداری فەلوجە، دوای پێنج سەعات پێکادان لەگەڵ سوپای عێراق، توانیویانە پاشەکشێ بە سوپاکە بکەن و سەربازگەیەک کۆنترۆڵ بکەن.
ھیچ زانیارییەک لەسەر حاڵی ئێستای ناوچەکە رانەگەیەنراوە، بەڵام دووکەڵێکی یەکجار زۆر لە سەربازگەی تارق دەبینرێ.
بە گوێرەی سەرچاوە نا رەسمییەکان، لە پێکادانەکانی بەیانیی ئەمڕۆ سێ شەممە، ٢٠ کەس کوژراون کە حەوتیان خەڵکی مەدەنین و ژن و منداڵیشیان تێدایە.
ئەندام پەرلەمانی عێراق ئەحمەد علوانی کە دەنگۆی ئەوە ھەبوو پشتگیریی خۆپیشاندانەکانی دژ بە مالکیی کردبێ ، لە ھەڵمەتێکی سوپای عێراقدا دەستبەسەرکرا، لە پێکادانێکدا براکەی علوانی و پێنج لە پاسەوانە تایبەتییەکانی کوژران، دوای ئەو پێکدادانە باری ئاسایشی شارەکە تەواو تێکچوو، حکومەت دەرچوونی قەدەغەکرد.
سەرۆکوەزیرانی عێراق داوای لە خۆپیشاندەران کردبوو بڵاوە بە گردبوونەوەکانیان بکەن، ئەگەرنا ئەو چادرانەی ھەڵیانداوە بەسەریانەوە دەسوتێنێ، دواتر ھێزی ئاسایشپارێزان چوونە ناوچەکانی عیززەت و بەرەنگاری خەڵکەکە بووبوونەوە، ھەروەھا پەیوەندیی ئەنبار لەگەڵ دەوروبەری پچڕێنراوە.
لە لایەکی دیکە دەنگۆی دەست لەکارکێشانەوەی ئوسامە نوجێفی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بڵاوبۆتەوە، گوایە ھۆکارەکەیشی ھێرشکردنی ئاسایشپارێزان بووە بۆ سەرخۆپیشاندەرانی ئەنبار.
گوتەبێژی فراکسیۆنی موتتەحیدون، زافر ئەلعانی ھێرشی ئاسایشپارێزانی بۆ سەر ئەندام پەرلەمان و خۆپیشاندەران شەرمەزارکردوو ئەوەی بە خزمەتکردن و کار بۆ بەرژەوەندیی مالکی دانا.
زیاتر لە ٤٠ ئەندام پەرلەمانی عێراق ئەندامن لە موتتەحیدون.